هەشتی مارس: ڕۆژی جیهانی ژن و خەبات لەپێناو ڕزگاری ژنانی ئێران

ماڵپه‌ڕی په‌یام

کەریم ئەمانی

هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، وەبیرهێنەرەوەی خەباتی مێژوویی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشە لەپێناو بەدەستهێنانی مافی یەکساندا. ئەم ڕۆژە سەرەتا لە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی کرێکار لە کارگەکانی ڕستن و چنینی نیویۆرک لە ساڵی ١٩٠٨ ئیلهامی وەرگرت، کە خوازیاری بارودۆخی کاری باشتر، مافی دەنگدان و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن بوون. ساڵی ١٩١٠، کلارا زێتکین، هەڵسووڕاوی سۆسیالیست، لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالیست دا پێشنیاری کرد کە ڕۆژێک وەک ڕۆژی جیهانی ژن دیاری بکرێت بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی مافخوازانەی ژنانی کرێکار و یەکسانی ڕەگەزی.

ئەمڕۆ، هەشتی مارس سنووری جوگرافی و چینایەتی تێپەڕاندووە و بووەتە ڕۆژی هاوپشتی جیهانی ژنان لە خەبات دژی ستەمی چەند لايەنەی ڕەگەزی، چینایەتی و سیستەماتیک.

دۆخی ژنان لە ئێران نموونەیەکی ئاشکرایە لە ستەمێکی چەندقات. ژنان لە ئێران نەک تەنها لەگەڵ هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی جێگیر لە یاسا کۆنەپەرستەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو دەبنەوە، بەڵکوو لە پێکهاتەی نایەکسانی ئابووریدا، قورساییەکی زیاتر دەکەوێتە سەر شانیان. یاسا نایەکسانەکان لە بوارەکانی میرات، تەڵاق، سەرپەرشتی منداڵان، خوێنبەها، شایەتی و مافی سەفەرکردن، تەنها بەشێکە لە جیاکارییە یاساییەکان لە دژی ژنان.

حیجابی زۆرەملێ، کە وەک هێمای کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان پێناسە دەکرێت، زیاتر لە چوار دەیەیە بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ژنان. بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە بەدوای مەرگی ژینامەهسائەمینی لە ساڵی ١٤٠١دا سەری هەڵدا، نیشاندەری تووڕەیی و ناڕەزایەتی قووڵی ژنان و کۆمەڵگای ئێرانە بەرامبەر بەم کۆنترۆڵە سیستەماتیکە.

بەڵام کێشەی ژنان تەنیا خۆی لە حیجابی زۆرەملێ دا نابینێتەوە. بەڵکوو ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لەگەڵ گەلێک کێشە و گرفت بەرەوڕوو دەبنەوە، لەوانە:

حەقدەستی نایەکسان بۆ کاری یەکسان

ڕێژەی بەرزی بێکاری ژنان (زیاتر لە دوو بەرابەری پیاوان)

نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و گرێبەستی کاتی

گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار

بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە هەندێک لە پیشەکان و هەروەها نەبوونی یارمەتی و پشتگیری کۆمەڵایەتی پێویست بۆ دایکانی لەسەرکار. ئەم بارودۆخە لە ناوچە بێبەشکراوەکان و بۆ ژنانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە ڕادەیەکی زۆر دژوارترە.

مێژووی هاوچەرخی ئێران شایەتی خەباتی بەردەوامی ژنانی ئازادیخوازە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی یەکسان. لە بزووتنەوەی ژنانی شۆڕشی مەشرووتە بگرە تا ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە دژی لابردنی حیجابی ڕەزاخان، لە بەشداری چالاکانەی ژنان لە شۆڕشی ١٣٥٧ەوە تا خۆڕاگریی بەرامبەر بە سیاسەتە جیاکارییەکانی دوای شۆڕش و لەم دواییانەشدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»، هەموویان نیشان دەدەن کە ژنانی ئێران هەرگیز بەرامبەر بە ستەم و هەڵاواردن بێدەنگ نەبوون.

خەباتی ژنانی ئێران خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بێ هاوتایە:

زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی مافەکانی ژنان لە ئێران، جەختیان لەسەر پەیوەندی لە پساننەهاتووی نێوان ستەمی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ئابووری کردۆتەوە و دەیکەن.

ژنان لە ئێران هاوکات لە دژی یاساکانی هەڵاواردن، نەریتە باوکسالارییەکان و نایەکسانی ئابووری خەبات دەکەن.

ژنانی ئێران سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان، ڕێگا و شێوازی داهێنەرانەیان بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان دۆزیوەتەوە.

* ڕزگاری ژنان لە ئێران بەبێ هاوپشتی جیهانی و خەباتی هاوبەش لە دژی هەموو جۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن، مومکین نییە. لەم ڕووەوە:

دەبێت جەخت لەسەر پەیوەندی خەباتی فێمینیستی لەگەڵ بزووتنەوە کرێکاریی و دژە سەرمایەدارییەکان بکرێتەوە.

ڕزگاری ڕاستەقینەی ژنان تەنها بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەکانی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی مسۆگەر دەبێت.

خەبات لە پێناو مافەکانی ژنان، ناتوانێت لە خەبات دژی سیستەمەکانی سەرکوت و چەوساندنەوە جیا بێت.

هەشتی مارس دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە خەبات لە پێناو ڕزگاری ژنان، خەباتە لە پێناو ڕزگاری سەرجەم کۆمەڵگا. لەم ڕۆژەدا، جێی خۆیەتی کە هاوپشتی خۆمان لەگەڵ ژنانی ئێران و هەموو ئەو ژن و پیاوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازانەی کە لە سەرانسەری جیهان لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی دا خەبات دەکەن، ڕابگەیەنین.

هەشتی مارس تەنها ڕۆژێک نییە بۆ ڕێزلێنان، بەڵکوو ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە لەسەر بەردەوامبوونی خەبات. خەباتێک کە ئامانجی نەک تەنها لابردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەڵکوو هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوساندنەوەیە. لەم ڕێبازەدا، دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە بە وتەی ڕۆزا لوکزامبورگ،ئەوانەی کە ناجووڵێن، هەست بە زنجیرەکانیان ناکەن“.

بژی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن!

بژیهاوپشتیجیهانیژنانوپیاوانی

ئازادیخواز و یەکسانیخواز!

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net