وەڵامێکی کورت بە چەواشەکردنی مێژوو و تۆمەتە بێبنەماکانی ئەمیر کەریمی

 

✍️:کەریم ئەمانی

لە هەلومەرجێکی گرنگ و هەستیاری وەک ئێستادا، کە ئەرکی سەرەکی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بریتییە لە گرنگیدان بە ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وەک دوژمنی سەرەکی و پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی حزب و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگیی ئەمیر کەریمی، ڕێبەری پژاک، کە زنجیرەیەک تۆمەتی گاڵتەجاڕانە و درۆ و چەواشەکارییە سەبارەت بە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لەوانە کۆمەڵە، بووەتە مایەی نیگەرانیی و کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەم قسانە کە بەداخەوە هیچ ڕەنگ و بۆنێکی لە پێگەیشتوویی سیاسی و ڕاستگۆیی ئەخلاقی پێوە دیارنییە و لە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیدا، ئیعتباری مێژوویی و چینایەتیی ڕەوتە خاوەن جێگە و پێگەکانی کوردستان دەکاتە ئامانج، پێویستی بە وەڵامێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی ئەوتۆ هەیە کە لە پشت تەپوتۆزی ئەو چەواشەکارییانەوە، جەوهەری شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی کوردستان ئاشکرا بکات.

 

ئیدیعای گاڵتەجاڕانەی دروستبوونی “کۆمەڵە لە لایەن ساواکەوە” نەک هەر درۆ و چەواشەکارییەکی ئاشکرا، بەڵکوو هێرشێکی ئیدئۆلۆژیکە بۆ سەر ڕیشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی بزووتنەوەی کوردستان. کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی چەپ و کۆمۆنیست، بەرهەمی لەدایکبوونی فیکری و خەباتکارانەی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی خوێندکاری و بزووتنەوەی کرێکاری و وەرزێرانی ساڵەکانی دەیەی پەنجای هەتاوییە. ئەم ڕێکخراوە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پابەندبوونێکی قووڵ و باوەڕ بە خەباتی چینایەتی و ڕزگاری چینی کرێکار و هەروەها ئیدئۆلۆژی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ پێکهات. بەردەوام لە پێوەندییەکی قووڵ و پتەودا بووە لەگەڵ بێبەشترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کرێکاران، وەرزێران و ڕۆشنبیرانی چەپ و ئازادیخواز و هێز و توانای خۆی لەوان وەرگرتووە، نەک لە فیتنە و پیلانگێڕیی موخابەراتیی دوژمنان و نەیارانی سەرسەختی ڕەوتی چەپ و ئازادیخواز. چەواشەکردن و بردنەژێر پرسیاری ئەو مێژووە، هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی جەوهەر و ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیی کۆمەڵە.

 

ئەو لێدوانە درۆ و سووکایەتی ئامێزانە سەبارەت بە پرسەکانی وەک خواردن و خواردنەوە و شێوازی ژیان و پێگەی ژنان لەناو ئەو حیزبانەی کە ناوبراو بە کلاسیک ناویان دەبات، سووکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە فەرهەنگی خەبات و کەرامەتی کۆمەڵایەتی هەزاران ئینسانی تێکۆشەر کە لە سەختترین هەلومەرجدا بە ڕیزەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەوە پەیوەست بوون. ئەم وتانە نەک هەر تۆمەت و بوختانێکی ناڕەوا و بێشەرمانەیە بەرامبەر بە هەزاران پێشمەرگە و کادری خۆنەویست و فیداکار، بەڵکوو نیشانەی تێڕوانینێکی ڕووکەشی و کۆنەپەرستانە و ناشۆڕشگێڕە سەبارەت بە پرسی ژن و خەباتی کۆمەڵایەتی.

لە مەکتەبی سۆسیالیزم و لە پراکتیکی کۆمەڵەدا، ئازادی ژن بەشێکی دانەبڕاوە لە ئازادی چینایەتی و کۆمەڵایەتی. ژنان لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە وەک هێزێکی چەکدار، کاریگەر و خاوەن بڕیار لە بەرزترین ئاستەکانی ڕێبەرایەتی و مەیدانیدا بەشداریی چالاکانەیان هەبووە. ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە حزووری بوێرانەی خۆیان لە سەنگەرەکانی خەباتدا، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە نیشانیان دا کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، ژنان نەک هەر شوێنکەوتوو یان “یارمەتیدەر” نین، بەڵکوو لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا بەکردەوە شۆڕشگێڕ و ڕێبەرێکی بەتەواومانان.

ئەو وەسف و پێناسە ناڕەوا و بێبنەمایە سەبارەت بە ژنان زۆرتر لە ڕوانگەیەکی ڕەگەزیی و کۆنەپەرستانە دەچێت کە لەلایەن ڕێبەری ڕەوتێکەوە خراونەتە ڕوو کە هیچ ئاسەوارێک لە پرنسیپی سیاسی و ئەخلاقی لە ڕەخنەکانیدا بەدیناکرێت و نیشانەی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی فیکرییە لە تێگەیشتن سەبارەت بە پرسی ژن و شۆڕش. هەر هەوڵێکی هاوشێوە بۆ شکاندنی کەرامەتی ژنانی خەباتکار و تێکۆشەر جێگای شەرمەزاری و ئیدانەکردنە.

 

ئەگەر ڕێبەیی پژاک ڕەخنەیەکی سیاسی یان ئیدئۆلۆژیکی بنیاتنەری سەبارەت بە بیرکردنەوە، ئەدای مێژوویی، یان بەرنامەی داهاتووی ڕەوتێکی وەک کۆمەڵە یان هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی دیکە هەبێت، پێویستە لە باس و دیالۆگێکی سیاسی و میدیایی جددی و بەڵگەداردا بیخاتەڕوو، نەک لە کۆڕ و کۆبوونەوە ناوخۆییەکان و بە پەنابردنە بەر زمانی زبر و درۆ دەلەسە و چەواشەکاری.

کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی چەپ و سۆسیالیست بەردەوام ئامادە بووە بۆ دیالۆگ و ڕەخنەی بنیاتنەر و تیۆریک و لەبری خۆشاردنەوە لە پشت مێژووسازیی کەسییەوە، لەگەڵ هەر هێز و لایەنێکی سیاسی لەسەر بنەما تیۆریی و ستراتیژییەکانی خەباتی چینایەتی و بەرنامە بۆ داهاتووی ئێران و کوردستان، دەچێتە ناو گفتوگۆ و دیالۆگەوە. تۆمەت هەڵبەستن، درۆ و چەواشەکاری و زمانی زبر کاری دام و دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژێمن بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی لەناو نەیارەکانی. بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە لێدوانانە لە بارودۆخی ئێستادا، ڕاستەوخۆ بە قازانجی دوژمنانی سەرەکی بزووتنەوەی کوردستانە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net