برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت
23:26 – 10 January 2024
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣
سۆران دانشمێهر و فەرشاد ڕۆستەمنژاد، دوو کۆڵبەری خەڵکی پاوە و یووسف چووپانی کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، یووسف چووپانی کۆلبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت جێگیر لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە لاقی بەسەختی بریندارکرا.
لە لایەکی دیکەشەوە و هاوکات، لە ڕەوتی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر کاروانێک لە کۆڵبەرەکان لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە، فەرشاد ڕۆستەمنژاد، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی شمشێر سەر بە شاری پاوە بە چەکی ساچمەیی بەسەختی بریندارکرا.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)،سۆران دانشمێهر، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی دشەی سەر بە شاری پاوە، بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی کلاشینکۆف لە سنووری نەوسوودی ئەو شارە لاقی بریندارکراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کوشتار و بریندارکرانی کۆڵبەرەکان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە بەجۆرێک کە لەو ماوەیەدا ٤١ کۆڵبەر کوژراون و ٢٩٢ کۆڵبەریش بریندارکراون.