10

دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی زامنکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەستی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتووە، ئەم دەسپێشخەرییە بە ئامانجی پاراستنی ڕێڕەوە گرنگە دەریاییەکان و زامنکردنی ڕۆیشتنی وزە لە ناوچەکەدا پێوشوێنی دەگیرێت. بەپێی ئەم پلانە، بەشی دیپلۆماسیی هاوپەیمانییەکە لە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت بۆ هەماهەنگی لە نێوان وڵاتان و پیشەسازیی کەشتیوانیدا. هاوکات، پێنتاگۆن لە ڕێگەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکام بەرپرسی هەماهەنگیی هاتوچۆی دەریایی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەبێت کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.