ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ئیدانەکردنی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری هەولێر ناوەندی هەرێمی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ئیدانەکردنی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری هەولێر ناوەندی هەرێمی کوردستان

دەوروبەری نیوەشەوی شەوی ڕابردوو، چەند شوێنێکی نیشته‌جێبونی شاری هەولێر ناوەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتەبەر هێرشی مووشەکەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم چوار ئەندامی بنەمەڵەیەک گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لە سەروبەندی ئەو هێرشە مووشەکییەدا، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش بەسەر ئاسمانی شارەکە و دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێردا دەسووڕانەوە کە لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ناوچەکەوە خراونەتە خوارەوە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو درۆنانە سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکان ڕەوانەی ناوچەکە کرابوون. سپای پاسداران بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر شاری هەولێر لە ئەستۆ گرت و ئیدیعای ئەوەی کرد کە شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج. پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی مووشەکی شەوی ڕابردوو، دووبارە و بێ بنەما و بۆ هەموو لایەک ئاشنان. ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆماری ئیسلامی کاتێک لە لایەن ئیسرائیل، داعش، یان ئەمریکاوە زەبرێکی بەردەکەوێت، هێزی مووشەکی خۆی دەنوێنێ و بە هەڵبژاردنی ئامانجگەلێکی ئاسان و بەردەست، هەوڵ دەدات لاوازییەکانی خۆی بشارێتەوە. ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێگای سەرنجە ئەو واقیعییەتەیە کە لە کاتێکدا ئەرتەشی ئەمریکا خاوەنی سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکە لەم ناوچەیە و ئەم چەشنە هێرشە مووشەکیانەش چەندین جار دووبارە بوونەتەوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان نادەن. هەروەها لە حاڵێکدا دەوڵەتی ناوەندی عێراقیش كه‌ ئیدیعای دەسەڵاتدارێتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەکات، وڵامێکی جددی تەنانەت لە ئاستێکی سیاسی و دیپلۆماتیکدا بەمجۆرە دەستدرێژییانەی کۆماری ئیسلامی نییه.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێرشی جینایەتکارانەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، بە توندی ئیدانە دەکات و داوا دەکات کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە وڵامی ڕاشکاو و لێبڕاوانەی خۆی، ڕێگە بە ڕژیمی ئێران نەدات کە هەموو جارێک بێباکانە گیان و ژیانی مرۆڤەکان وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازیی و بێ تواناییەکانی خۆی لە ناوخۆ و ده‌ره‌وی وڵاتدا.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢
١٦ی ژانویەی ٢٠٢٤

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net