
بۆچی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەوپێشچوونێک بەخۆوە نابینن؟
دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای چەندین گەڕی گفتوگۆ لە عومان، ئیسلامئاباد و دەوحە، هێشتا ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتۆتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە لەسەر زۆرێک لە بابەتەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا ناکۆکیی گرنگ لەئارادان و ڕێککەوتنی کۆتایی نزیک نییە. لە پشت ئەم بنبەستەوە، چەندین کۆسپی پێکهاتەیی و سیاسی شاردراونەتەوە کە هەر یەکێکیان بە تەنیا دەتوانێت ڕێڕەوی دیپلۆماسی دابخات، بەڵام لەسەریەک توانیویانە، پرۆسەی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی جیددی خاو بکەنەوە.
کۆسپی یەکەم: یاری کردن بە گوشاری ئابووری
کۆماری ئیسلامی لە خراپترین دۆخی ئابووریی دەیان ساڵی ڕابردووی خۆیدا بەسەر دەبات. گەمارۆی لەڕادەبەدەر، گەمارۆی دەریایی و شوێنەوارە وێرانکەرەکانی شەڕ، ئابووریی ئێرانیان بەرەو لێواری هەڵدێر بردووە. نرخی کاڵا سەرەکییەکان هەر لە برنجەوە بگرە تا نان و گۆشت لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرز بووەتەوە و گوشارێکی تاقەتپڕوکێنی خستووەتە سەر بنەماڵە ئێرانییەکان. مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، لە کۆبوونەوەی ئەندامانی ژووری بازرگانیی تاراندا دانی بەوەدا نا کە: “شەڕی سەرەکی لە مەیدانی ئابووریدایە، ئەگەر ئێوە شکست بهێنن، وڵات شکست دەهێنێت.”
ئەم دۆخە هاوکێشەی دانوستانەکانی ئاڵۆزتر کردووە. ئەمریکا بە باشی دەزانێت کە تاکە هۆکاری کاریگەر بۆ هێنانە سەر مێزی دانوستانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەم گوشارە ئابوورییە بێ ئەوپەڕەیە. لەمڕووەوە، نایهەوێت بەزوویی گوشارەکان کەم بکاتەوە. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەزانن ئەگەر بەبێ وەرگرتنی ئیمتیازی پێویست لەم بوارەدا بچنە ژێرباری ڕێککەوتن، لە داوی شپرزەیی و و پشێوی ئابووریی وڵاتدا گرفتار دەبن. ئەم گوشارە ئابوورییە لە هاوکات هەم هاندەرە بۆ ڕێککەوتن و هەم ڕێگرە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ شەرت مەرج.
کۆسپی دووەم: پێگەیجیهانییئەمریکاولۆژیکیسیاسەتیترامپ
بۆ دەوڵەتی ئەمریکا، هەر ڕێککەوتنێک دەبێت ڕواڵەتێکی “سەرکوتن“ی پێوە دیار بێت، سەرکەوتنێکی کە نە پێویست بە شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاواز بکات و نە ئەوەندەش ئاڵۆز بێت کە وەک لاوازی لێک بدرێتەوە. ئەم پێویستییە نەک هەر لە تێبینییە ناوخۆییەکانی ترامپەوە، بەڵکوو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی ئەمریکا بە پێناسەکردنەوە و چەسپاندنی دەسەڵاتی جیهانیی خۆی لە سەردەمی دوای شەڕ.
هەڵوێستی ئەمریکا لە ساڵەکانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا ئەوە بووە کە ئێران دەبێت “پیتاندنی سفری ئۆرانیۆم” قبووڵ بکات، مەرجێکی کە ئێران چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە. لە کاتێکدا ترامپ ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئێران ڕازی بووە کۆتایی بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بهێنێت، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕوونی کردووەتەوە کە تاران هیچ سنووردارکردنێک لە پیتاندندا قبووڵ ناکات. ئەم دژوازییە ئاشکرایە نیشانی دەدات کە هەردوولا بۆ بینەر و بیسەرانی ناوخۆیی خۆیان داستانی جیاواز دروست دەکەن، داستانگەلێکی کە لەگەڵ یەکتر نایەنەوە.
ترامپ لە سەرەتای مانگی مارسی ٢٠٢٦دا نووسی: “هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت مەگەر تەسلیمبوونی بێ شەرت مەرج“، بەڵام لە هەمان مانگدا باسی لە “گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمدار” کرد. ئەم بەرز و نزمییە لە نێوان هەڕەشە و دانوستاندا، بەشێکە لە ستراتیژیی گوشاری بێ ئەوپەڕی ترامپ، بەڵام هەر ئەوەش خۆی بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم دانوستانەکەدا.
کۆسپی سێیەم: ئیسرائیل و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان
یەکێک لە ئاڵۆزترین کۆسپەکانی بەردەم ڕێککەوتن، بریتییە لە ناکۆکیی ستراتیژیی نێوان ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئامانجی ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی، سنووردارکردنی توانای ئەتۆمییەکەی و لە سەرەنجام گۆڕینی تارانە لە ڕکابەرێکی دوژمنکارەوە بۆ ئەکتەرێکی کۆنترۆڵکراو لە ناوچەکەدا، جۆرێک لە “ڕامکردنی ڕکابەرەکەی، نەک سڕینەوەی یەکجاری. بەڵام ئیسرائیل ئامانجی دیکەی هەیە.
ئیسرائیل ڕووخانی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی دەوێت، نەک سنووردارکردنی و لە ڕێگەی لۆبییە بەهێزەکانی لە واشنگتۆن، هەوڵ دەدات هەر ڕێککەوتنێکی کە ببێتە هۆی مانەوەی تاران، بێبایەخ و بێکاریگەر بکات. ئەم جیاوازییە ستراتیژییە چەندین جار لە درێژەی دانوستانەکاندا خۆی دەرخستووە. ئیسرائیل لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥دا شەڕی دژی ئێران دەستپێکرد، ڕێک لەو کاتەی کە ئێران پێشنیارەکەی ئەمریکای لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕەت کردبووەوە. ئەم نەخشەیە پیشان دەدات کە هەر کاتێک دانوستانەکان دەگەنە خاڵێکی هەستیار، هۆکارگەلێک دەردەکەون کە ئاراستەکە دەگۆڕن.
کۆسپی چوارەم: گەرووی هورمز، شمشێری دوودەم
گەرووی هورمز وەک کارتی سەرەکیی یاریی ئێران لەم دانوستانانەدا، سروشتێکی دوولایەنەی هەیە. ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە کە نزیکەی ٢٠ لەسەدی پێویستیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانەکە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە دانوستانکارانی هەردوولا کاریان لەسەر کردووە، پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆکانی ئەمریکا و پابەندبوونی ئێران بە گفتوگۆ لەسەر پیتاندنی ئۆرانیۆم لەخۆدەگرێت. بەڵام ئەم گەرووە لە کاتێکدا بۆ ئێران کارتێکی گوشارە، لە هەمان کاتدا یەکێکە لە دەمارە سەرەکییەکانی ئابووریی خودی ئێرانیش، لەمڕووەوە، بەداخراوی مانەوەی دەبێتە هۆی گەمارۆدانی زیاتری ئێران و کردنەوەشی بەبێ وەرگرتنی ئیمتیازی پێویست، تاران ئەو گرنگترین کارتی گوشارە لەدەست دەدات.
کۆماری ئیسلامی پێشنیاری کردووە کە پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە دانوستانە ئەتۆمییەکان جیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی خێراتر بگەن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەمریکاش نیگەرانە لەوەی کە بە هەڵگرتنی گەمارۆکە، کارتی گوشاری خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی داهاتوو لەدەست بدات.
ئەوەی خەڵک دەیانەوێت
لە پشت ئەم یارییە دیپلۆماسییە ئاڵۆزانەوە، ملیۆنان ئێرانی لەگەڵ واقیعی ڕۆژانە و سەختیی ژیاندا دەستوپنەرم دەکەن. خەڵکی ئێران نانیان دەوێت، دەوا و دەرمانیان و ئاسایشی ئابوورییان دەوێت. ئەولەوییەتی ژیانی ڕۆژانەیان گەیشتووەتە بنبەست و تەحەمولیان ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە. ئەگەرچی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرین بە شێوەیەکی ڕێکخراو بوونی نییە، بەڵام بێدەنگیی کۆمەڵگە نابێت وەک ڕەزامەندی لێک بدرێتەوە.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کۆتاییدا نەک تەنیا لەسەر ئۆرانیۆم یان گەرووی هورمز نییە، بەڵکوو لەسەر ئەم پرسیارە بنەڕەتییەیە کە کام لە لایەنەکان دەتوانێت زیاتر خۆی ڕابگرێت و لەم هاوکێشەیەدا، ئەوەی زۆرجار فەرامۆش دەکرێت ئەوەیە کە تێچووی ئەم چاوەڕوانییە، خەڵکی ئاسایی ئێران دەیدەن.