سەرلەنوێ دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگردا ژینگە لە کوردستان چۆن تێکدەدرێت؟

لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرلەنوێ بڵێسەی ئاگر بەرۆکی زاگرۆسی گرتەوە. بەرزاییەکانیڕۆشن‌کوەلە شارستانی بەختەگانی پارێزگای فارس، ناوچەیکۆهمەرە سورخیلە شیراز وکێوی بەدیللە شارستانی بێهبەهان، بوونە گۆڕەپانی چەندین ئاگرکەوتنەوە کە ئەمجارەش قوربانیی گیانیی لێکەوتەوە. “تەقی چەنگلوایی، چالاکی ژینگەپارێز، باوکی دوو کچ و خەڵکی گوندی ئەسەداوای بێهبەهان، لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە گیانی لەدەستدا و ڕۆژی هەشتی پووشپەڕ بە خاک سپێردرا. مەرگی ناوبراو نیشانەیەکە لە نەریتێکی دووبارەبووەوە کە ساڵانێکە گیان و ماڵی خەڵکی ناوچەکە و سەرمایە سروشتییەکانی وڵات دەکاتە قوربانی.

ئامارە فەرمییەکانیش ئەم دووبارەبوونەوە تاڵە پشتڕاست دەکەنەوە. بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانی پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد، تەنیا لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوییەوە تا ئێستا لەم پارێزگایە ١٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە سروشتییەکان ڕوویداوە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی نزیکەی ١٢٨ هێکتار لە ڕووەک و دارستانەکان. ئەم ژمارەیە تەنیا بەشێکی بچووکە لەو وێنە گەورەیەی کە لە سەرانسەری زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە ئارادایە.

ئەوەی ئەم پرسە جدیتر دەکاتەوە، شرۆڤەی بومەلەرزەناسان و شارەزایانی ژینگەیە کە پێیان وایە زۆربەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە نە دیاردەیەکی سروشتین و نە بەڕێکەوت، بەڵکوو کارێکی بەئەنقەستن، بابەتێکی کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خۆیان لە لێکۆڵینەوەی جدیی لێی دەدزنەوە. لە کاتێکدا کە پێویستە حکوومەت و دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان بۆ ناسینی قووڵی هۆکارەکانی ئەم ئاگرکەوتنەوانە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەرماندەران و بکەرانی بێنە سەر دەستبەجێ بێنە سەر هێڵ، بەکردەوە شاهیدی جۆرێک لە کەمتەرخەمی و بێدەربەستیی بەردەوامین.

هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە درێژەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا گەورەترین گورزی لە ژینگەی ئێران داوە، بەڵام لە کوردستان ئەم پرۆسەیە شێواز و چڕییەکی جیاوازی هەیە. لەم ناوچەیە، تێکدانی ژینگە ئاگایانە و بە مەبەستی سیاسی و ئەمنی ڕوو دەدات. زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی حزووری هێزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران و تەقەکردنی نابەرپرسانەی ئەوانەوەیە.

ئەم تێکدانە و وێرانکارییە تەنیا لە ئاگرکەوتنەوەدا کورت نابێتەوە. بەڵکوو بەشێک لەو هۆکارانەی کە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی لەناوچوونی ژینگەی کوردستان بریتین لە: دروستکردنی بەنداوی بێسەربەرە و بێ لێکۆڵینەوەی زانستی. بیناسازی بێ بەرنامە بە مەبەستی قازانجخوازی یان سەربازی. فڕێدانی ناتەندروستی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شارەکان. چاندنی مین لە ناوچە سنوورییەکان. تۆپباران و خۆمپارەبارانی کوێستان و لەوەڕگەکان. تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و دەرهێنانی بێسەروبەرەی کانزاکان. وشکبوونی بە شێنەیی گۆلی ورمێ و زرێبار. لەناوچوونی زۆنگاوەکان و گواستنەوەی پاشماوە ژەهراوییەکان بۆ دەوروبەری شارەکان. ئالوودەکردنی ڕووبارەکان و دروستکردنی ڕێگاوبانی سەربازی لە لوتکەی چیا و گردەکان.

لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە لە ئامارەکاندا ڕوونتر دەردەکەون. بەپێی هەڵسەنگاندنی چالاکانی ژینگە، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤ ملیۆن هێکتار لە کۆی دە ملیۆن هێکتار دارستانی زاگرۆس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و هۆکارەکانی ترەوە لەناوچووە. لەسەر ئاستی وڵاتیشدا ساڵانە نزیکەی ١٢٥ هەزار هێکتار لە دارستانەکان لەناودەچن، پرۆسەیەکی کە شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر بەردەوام بێت، ئێران تا ٥٠ ساڵی داهاتوو هیچ دارستانێکی نامێنێت. لە کوردستان ئەم ڕەوتە بە خێراییەکی زیاتر لە ئاستی مامناوەندی وڵات لە ئارادایە.

نەبوونی وەبەرهێنان و بێکاری لە کوردستانیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەڕەشە ژینگەییەکان. لە نەبوونی دەرفەتی ئابووریی بەردەوام، لە هەندێک حاڵەتدا خەڵکی ناوچەکە ڕوویان لە ڕاوکردن و فرۆشتنی جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵان لەوانە سمۆرە، ڕێوی، گورگ، ورچ، کەو و باڵندە و ئاژەڵەکانی تر کردووە، پرۆسەیەکی کە زیان بە فرەچەشنی ژینگەیی ناوچەکە دەگەیەنێت.

قەیرانی ئاویش یەکێکی ترە لە ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە. کوردستان کە بە یەکێک لە پڕئاوترین ناوچەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، ئێستا لەگەڵ کێشەی کەمئاوی وەک بابەتێکی ڕۆژانە و ئاسایی ڕووبەڕوو بووەتەوە، دۆخێکی کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاستە داگیرکارییەکانی ڕژێم لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەم ناوچەیە. نەبوونی تەکنەلۆژیای گونجاو بۆ ڕیسایکلکردنی زبڵ و خاشاک و پاڵاوتنی تەواوی ئاوەڕۆکانیش بووەتە هۆی ئالوودەبوونی زیاتری خاک و ئاو و تەندروستی مرۆڤەکان و زیندەوەرانی تری خستووەتە مەترسییەوە.

بابەتێکی تاڵتر ئەوەیە کە دەسەڵات نەک هەر لە هەمبەر تێکدانی ژینگەی کوردستاندا هیچ بەرپرسیارێتییەک وەرناگرێت، بەڵکوو لەگەڵ چالاکانی ژینگەپارێزیشدا وەک دوژمن و هەڕەشەیەک ڕەفتار دەکات. دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، زیندان و تەنانەت کوشتنی چالاکانی ژینگە، بزووتنەوەی بەرگریکردن لە سروشتی لە کوردستان لەگەڵ مەترسی گەورە ڕووبەڕوو کردووەتەوە. لەناوچوونی ئەم سروشتە جوانە، کە ژینگەی سەدان جۆری ئاژەڵی دەگمەنە، لەبەر چاوی دەزگا زەبەلاحە سەربازی و کارگێڕییەکانی ڕژێمدا ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بنرێت لەپێناو ڕاگرتنیدا. لەم نێوەندەدا، ئەوە خەڵکی ئاسایی ناوچەکەن کە بە دەستی خاڵی و بە خستنە مەترسیی گیانی خۆیان، هەر بەشێک لە دارستانەکانیان کە توانیویانە لە ناو بڵێسەی ئاگرەکاندا ڕزگار کردووە، هەر وەک چۆن تەقی چەنگلوایی گیانی خۆی لەم پێناوەدا بەخت کرد.

چالاکانی مەدەنیی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بە تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم کارەساتە، دەستیان بەکاربوو. دروستبوونی دەیان ڕێکخراو و ناوەندی بەرگری لە ژینگە، دژایەتیکردن لەگەڵ ڕاوکردن و بەرگری لە مافی ئاژەڵان، ڕێکخستنی خولی فێرکاری، نەمامچاندن، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیاردەی بڕینی دارستانەکان و تەنانەت کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بە کەمترین ئامێری گونجاو، بووەتە چالاکییەکی بەردەوام و ڕۆژانە لە کوردستان. ئەم هەوڵانە، هەرچەندە لە ئاستێکی سنوورداردا بن، بەڵام نیشانەی ئیرادەی جەماەرێکن کە لە نەبوونی بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدا، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ بەرگری لە خاک و سروشتی خۆیان.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی گەرمای ساڵ و زیادبوونی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی زاگرۆس، بەردەوامیی سیاسەتەکانی ئێستای دەسەڵات، سەبارەت بە گرنگی نەدان بە تەیارکردنی هێزەکانی ئاگر کوژاندنەوە تا سەرکوتکردنی چالاکانی ژینگە، هۆشدارییەکی جدییە. بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وەک هەڕەشەیەکی بنەڕەتی لەسەر ژینگە و ژیانی تەندروستی خەڵکی کوردستان و تەواوی خەڵکی ئێران دەمێنێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net