نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە: دەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەردەم ئامێری مەرگدا

 

پاریس جارێکی تر میوانداریی گەورەترین کۆبوونەوەی جیهانیی نەیارانی سزای سێدارەی کرد، ڕووداوێکی کە زیاتر لەوەی تەنیا کۆڕبەندێکی یاسایی بێت، بوو بە دادگایەکی ئەخلاقی دژی یەکێک لە دڕندانەترین پاشماوەکانی سیستمی سزادان لە سەردەمی هاوچەرخدا. نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، بە کۆکردنەوەی چالاکوانانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، یاساناسان و ڕزگاربووانی بنەماڵەی قوربانیان لە چوار گۆشەی جیهانەوە، جارێکی تر ئەم ڕاستییە تاڵەی نیشان دایەوە کە سزای مەرگ نەک ئامرازی دادپەروەری، بەڵکوو چەکێکە کە هەمیشە دەخرێتە سەر گەردنی هەژارترین، بێدەنگترین و پەراوێزخراوترین مرۆڤەکان.

شاید گرنگترین دەستکەوتی هزریی ئەم کۆنگرەیە، ئاشکراکردنی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بوو کە سێدارە هەرگیز سزایەکیکوێرو یەکسان نییە. ڕوئیا برومەند، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی عەبدولڕەحمان برومەند، ئەم ڕاستییەی بە ڕاشکاوی دەربڕی کە ئەم سزایە زیاتر لە هەر شتێک بەرۆکی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە توانای داراییان نییە و دەستیان بە بەرگریی یاسایی ڕاناگات. لە سێدارەدانەکانی پێوەست بە ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە تا دەرکردنی حوکم بۆ زیندانیانی فەلەستینی و لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسای کەمینە ڕەگەزییەکان لە ئەفغانستان، لە هەموو ئەمانەدا نەخشێکی هاوبەش دەبینرێت: قوربانیانی ئەم ئامێری مەرگە، هەمیشە لە نێوان لاوازترین و بێبەرگریترین توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەڵدەبژێردرێن.

وتاربێژانی وڵاتانی کۆریای باشوور، هیندستان، کینیا، بێنین و تایوانیش جەختیان لەسەر هەمان ڕاستی کردەوە کە دەرکردنی سزای سێدارە هەمیشە بە یەکگرتنی بێبەشبوونی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و نەخوێندەوارییەوە گرێ دراوە. ڕاپرسییەک لە تۆمەتباران لە کۆریای باشوور نیشانی دا کە تاوانباران بنەڕەتەن لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بیر لە سزا ناکەنەوە، ڕاستییەکی کە جارێکی تر ئەفسانەیڕێگریبوونی سێدارەی خستە ژێر پرسیارەوە، ئەفسانەیەکی کە حکوومەتەکان هەموو جارێک بۆ پاساوی ئەم توندوتیژییە پەنای دەبەنە بەر.

هەڵسەنگاندنی دۆخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاوێنەیەک بوو لە دژوازییەکی قووڵتر. ڕۆبین ماھێر، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیارییەکانی سزای مەرگ، ئامارێکی خستە ڕوو کە بە ڕوونی نیشانی دەدات ڕای گشتیی ئەمریکا، بەتایبەت نەوەی گەنج، لە حالێ دابڕاندایە لەم میراتە توندوتیژە. کەمبوونەوەی دەرکردنی حوکمە نوێیەکان لە ٣٠٠ حاڵەتەوە بۆ تەنیا ٢٣ حاڵەت لە ساڵێکدا، نیشانەیەکە لەوەی کە دادوەران بەرەبەرە ژیان بەسەر مەرگدا هەڵدەبژێرن. بەڵام لە هەمان کاتدا، سەرۆک کۆمارێکی کە بە وتەی ماھێر بەردەوام ویلایەتەکان بۆ جێبەجێکردنی زیاتری سێدارە هان دەدات، نیشانی دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی هێشتا ئامادەیە لە دژی ئیرادەی ڕو لە گەشەی کۆمەڵگە بوەستێتەوە. ئەم کەلێنە خۆی گەواهی ئەوەیە کە سێدارە چیتر ڕەنگدانەوەی ویژدانی گشتی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە لە دەستی سیاسییەکاندا بۆ نمایشکردنی دەسەڵات.

لە نێوان تەواوی ڕاپۆرتەکانی کۆنگرەکەدا، ڕەنگە بە ڕادەی ڕاپۆرتەکەی مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەژێنەر نەبووبێت. ئامارەکانی ئەو کە نیشانی دەدەن نیوەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بە تۆمەتی تاوانەکانی ماددەی هۆشبەرن، و بە تێکڕا ڕۆژانە دوو کەس بەم تۆمەتە لەسێدارە دەدرێت، وێنەی ئامێرێکی کوشتاری سیستماتیک دەخاتەڕوو کە لە ژێر سێبەری بێدەنگیی میدیایی جیهاندا بەردەوامە لە کارەکانی. هۆشدارییەکەی ئەو زۆر شت ڕوون دەکاتەوە: حکوومەتێکی کە دەیەوێت سێدارەی سیاسی بەبێ کاردانەوەی جیهانی جێبەجێ بکات، سەرەتا دەبێت کۆمەڵگە بەرامبەر بە لەسێدارەدانیئەوانی تروەک ئاڵوودەبووان بە ماددەی هۆشبەر، بێبەشان و بێناونیشانەکان بێدەنگ و بێ هەڵوێست بکات. ئەمەش خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خەبات لەدژی سێدارە ناتوانێت بژاردەیی بێت، هەڵوەشاندنەوەی سزای مەرگ بۆ تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر، هەمان ئەو سەنگەرەیە کە لەسەر جینایەتکارانەبوونی سێدارەی سیاسیش جەخت دەکاتەوە. کەمپەینیسێشەممەکانی نا بۆ سێدارەلە زیندانەکانی ئێراندا، لەم ئاراستەیەدا، بووەتە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییەکی جیهانی.

ڕاپۆرتی ئارتمیس ئەکبەری لە ڕێکخراویئالوڕەهەندێکی نوێ و نیگەرانکەری بەم وێنەیەوە زیاد کرد: تاڵیبان کە پێشتر لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەمینە ڕەگەزییەکانی بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدا، ئێستا بە داڕشتنی یاسای سزادانی نوێ، ئەم تاوانانە بەشێوەیەکی فەرمی بە یاسایی دەکات. ئەم پرۆسەیە، واتە گۆڕان لە توندوتیژیی پەنهانەوە بۆ توندوتیژیی بە یاساییکراو، نیشانی دەدات کە نەبوونی چاودێریی نێودەوڵەتی چۆن دەکرێت ببێتە هۆی بەدامەزراوەییبوونی مەرگ وەک ئامرازی حوکمڕانی.

عومەر ڕەحال لە ڕێکخراویشەمسی فەلەستین، ڕەنگە ڕوونترین وێنەی لە نادادپەروەریی زاتیی سزای سێدارە خستبێتە ڕوو. یاسایەکی کە تەنیا ٩٠ ڕۆژ مەودا لە نێوان دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکەدا دەهێڵێتەوە و تەنیا یەک داواکاری پێداچوونەوە بە ڕەوا دەبینێت، لە کردوەدا هیچ دەرفەتێک بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە ناهێڵێتەوە. ڕاگرتنی مەحکوومان لە ژووری تاکەکەسیی موتڵەق دا لە کاتی دەرکردنی حوکمەکەوە، ئەم یاسایە لە ڕێکارێکی دادوەرییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و سەرکوتی بەکۆمەڵ.

لە کۆتاییدا، ئەوەی لە نێوان تەواوی ئەم ڕاپۆرتانەدا وەک بنەڕەتیترین بەڵگە لەدژی سێدارە بەرجەستە دەبێتەوە، هەمان وتەی ڕوئیا برومەندە: هیچ سیستمێکی دادوەری لە جیهاندا ناتوانێت سەد لە سەد لە دادپەروەرانەبوونی حوکمەکانی دڵنیا بێت. لە بەرامبەر ئەم نادڵنیاییە زاتییەدا، مەرگ تەنیا سزایەکە کە ناگەڕێتەوە. حوکمێکی زیندانی هەڵە دەکرێت قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام سێدارەیەکی هەڵە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەم کۆنگرەیە تەنیا گێڕانەوەی تاریکی نەبوو، بەڵکوو دەستکەوتی بورکینافاسۆ لە قەدەغەکردنی سێدارە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە و سەرکەوتنی ٢٥ وڵاتی ئەفریقایی لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەم سزایە، دەیسەلمێنێت کە گۆڕانکاری ئەگەرێکی کراوەیە. داڕشتنی خشتەیەکی نوێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سێدارە لە ئەفریقا کە بڕیارە ئەمساڵ لە داکار پێشکەشی یەکێتیی ئەفریقا بکرێت، نیشانی دەدات کە ئەم خەباتە، گەرچی لەسەرخۆ بێت، بەڵام بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت.

نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە جارێکی تر سەلماندی کە دژایەتیکردنی سێدارە، سنوورە جوگرافی، کولتووری و سیاسییەکان دەبەزێنێت و چالاکوانانی ئێرانی، ئەفغانستانی، فەلەستینی، ئەمریکایی و ئەفریقایی لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کە ئەویش بریتییە لە بەفەرمیناسینی کەرامەتی دانەبڕاوی ژیانی مرۆڤ، تەنانەت بۆ تۆمەتبارترین و ناوزڕاوترین کەسانی ناو کۆمەڵگەش، کۆدەکاتەوە. تا ئەو کاتەی ئەم سزا بێبەزەییانە و بێ‌گەڕانەوەیە لە یاساکانی جیهان نەسڕێتەوە، دەبێت دەنگی ئەم کۆنگرانە لە هەمیشە بەرزتر بمێنێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net