
مانگرتنی لە خواردنی بەکۆمەڵی زیندانیان لە یەکەی ۲ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج، کە لە ۲۳ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ی هەتاوییەوە دەستی پێکرد، یەکێکە لە گەورەترین ناڕەزایەتییەکانی زیندانیان لە مێژووی ئێراندا. زیاتر لە ۱٥۰۰ زیندانی بە دەستکێشانەوە لە خواردن، خوازیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارە و چاکسازی لە یاساکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانن. ئەم ڕووداوە نەک هەر ڕەنگدانەوەی بارودۆخی کارەساتباری بەندیخانەی قزڵحەسارە، بەڵکوو دەرخەری قەیرانی قووڵی مافەکانی مرۆڤیشە لە سیستەمی دادوەری و سزادانی ئێراندا.
بەندیخانەی قزڵحەسار کە لە پەراوێزی شارۆچکەی کەرەج هەڵکەوتووە، یەکێک لە گەورەترین و پڕ حەشیمەت ترین بەندیخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەندیخانەیە کە لە سەرەتادا لە ساڵی ۱۳۴۳ی هەتاوی بە مەبەستی جێگیرکردنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە زیندانیان دروست کرا، ئێستا زیاتر لە ۱۷ هەزار زیندانیی تێدا جێگیرکراوە و بووەتە هێمایەک لە توندوتیژیی سیستماتیک و نادادپەروەریی دامەزراوەیی.
مانگرتنی ناڕەزایەتی سەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی پووشپەڕ، دوای گواستنەوەی پێنج بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەستی پێکرد کە هەمویان لە پەیوەند بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو. بەندکراوانی ناڕازی رایانگەیاندووە کە مانگرتنەکەیان نە تەنیا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاوبەندییەکانیانە، بەڵکوو دژایەتییەکی بەکۆمەڵیشە لەگەڵ سیاسەتی پەرەپێدانی سزای سێدارە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکاندا. ئەوان بە دروست دەڵێن، ئەم سزایە لە بری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تۆڕە سەرەکییەکانی قاچاخ، گیانی قوربانیانی هەژاریی و بێبەشیی سیستماتیک دەستێنێت.
ئەم مانگرتووانەی کە لە دادگای ئاساییدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، خۆیان قوربانیی هەژاری، گەندەڵی، سیاسەتە ئابوورییە چەوسێنەر و تاڵانکەرەکان و تەرخانکردنی سەروەت و سامانی گشتیین بۆ ئامرازە سەربازییەکان بە مەبەستی دابینکردنی تێچووی دارایی سیاسەتە جەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی. لە بەرامبەردا، گەورەترین باندی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییە کە بێ هیچ سزادانێک لە چالاکییەکانی بەردەوامە.
هەمەرجی ژیان لە بەندیخانەی قزڵحەسار بە ڕوونی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاساکانی ناوخۆی ئێرانیش نایەتەوە. ئەم بەندیخانەیە لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستی، دەرمانی و خۆشگوزەرانییەکاندا لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ بەرەوڕوو بووەتەوە کە تەندروستیی جەستەیی بەندکراوانی خستووەتە مەترسییەوە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما هەرە لانیکەمەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ بەندکراواندا دادەنرێت.
هۆڵی گشتی و بەندەکانی ئەو بەندیخانەیە زۆربەی کات زیاتر لە دوو هێندەی توانای دیاریکراوی خۆیان پڕ دەبن. ژوورە ۳۰ مەتریەکان کە بۆ ۱۰ کەس دروست کراون، ۴۰ تا ۵۰ کەسی تێدا جێگیر دەکرێت و بەندکراوان ناچارن بە نۆرە بخەون یان لەسەر زەویی شێدار و نەتەندروست پشوو بدەن. سیستەمی هەواگۆڕکێ و ڕووناکی وەک پێویست نییە و لە هاویندا گەرمای تاقەتپڕوکێن و لە زستاندا سەرما، ئەو بارودۆخەی دژوارتر کردووە.
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان، بریتییە لە کەمیی یان نەبوونی ئاوی خاوێن و بەردەوام. هەندێک لە ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە بە بڕانی ئاو بۆ ماوەی ۱۰ تا تەنانەت ۲۵ ڕۆژ دەکەن. لە بارودۆخێکی ئاوادا، بەندکراوان بۆ پاکوخاوێنی، خواردنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکان ڕووبەڕووی دژوارییەکی زۆر دەبنەوە و نەبوونی ئاوی پێویست دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش، کەڵەکەبوونی خاشاک و تەشەنەکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.
دەرمانخانەی ناوەندیی بەندیخانەکە لە ڕووی ئامێر، دەرمان و هێزی پسپۆڕەوە کەمترین پێوەرەکانی بنکەیەکی دەرمانیی تێدا نییە. ئەم بنکەیە تەنیا لە سەرلەبەیانیان چالاکە و خزمەتگوزارییەکانی بریتین لە پشکنینی ڕووکەشی و پێدانی هێورکەرەوە سادەکان. لە شیفتی ئێوارە و شەوانەدا، دەرمانخانەکە بە کردەوە داخرێت و لە بارودۆخی لەناکاودا، بەندکراوان دەبێت چەندین کاتژمێر و هەندێک جارج چەند ڕۆژ چاوەڕێی گەیشتنی فریاگوزاری ببن.
چۆنیەتی و بڕی خواردنی بەندیخانەکە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. خواردنی ڕۆژانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە برنجی بێ کوالێتی، شۆرباو و دانەوێڵەی کۆن بێ پڕۆتین و ڤیتامینی پێویست پێکدێت کە دەبێتە هۆی دابەزینی کێش، بێهێزیی جەستەیی و بڵاوبوونەوەی کەمخوێنی لە نێو بەندکراواندا.
یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی قەیرانی بەندیخانەی قزڵحەسار، بریتییە لە نادادپەروەریی سیستماتیک لە پرۆسە دادوەرییەکاندا. زۆربەی بەندکراوان لەم ناوەندەدا لە توێژە کەمدرامەت و پەراوێزنشینانی کۆمەڵگەن کە نه مافی پارێزەریان هەیە، نه دەرفەتی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان و نه توانای بەهرەمەندبوون لە ڕاگەیاندن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.
ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆڤانە لە زومرەی پێشێلکارییە سەرەکییەکانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەندیخانەی قزڵحەساردا بەرێوە دەبڕێت. بەندکراوانی سیاسی و کەسانی دەستبەسەرکراو بە تۆمەتی سیاسی، بە شێوەیەکی سیستماتیک دەبنە ئامانجی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی. ئەم ئەشکەنجانە بریتین لە لێدان و ئەزیەت و ئازار، هەڕەشەی لەسێدارەدان، ناچارکردن بە دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردن لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەر و هەروەها بێبەشکردن لە مافە سەرەتاییەکانی وەک وەرگرتنی دەرمانی پێویست و خۆراک لە لایەن بنەماڵەوە.
ناونیشانی “دادوەرانی مرگ” کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە دراوەتە پاڵ کۆمەڵێک لە دادوەرانی سیستەمی دادوەری، نیشانەی ڕۆڵی بەرچاو و چالاکی ئەوانە لە دەرکردنی هەزاران سزای سێدارە و بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە ئەشکەنجە و ئازاری بەندکراوانی سیاسی. دەزگای دادوەریی ئێران بە کردەوە بووەتە ئامرازێکی بێبەزەیی بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران، نەیارانی سیاسی، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، و تەنانەت ڕۆشنبیران و هونەرمەندان.
لە ئێران، هەزاران کەس لەوانە چالاکوانانی مەدەنی، کۆمۆنیستەکان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، ئەندامانی کەمینە ئایینییەکانی وەک بەهاییەکان، و هەڵسووڕاوانی سیاسیی کورد و بەلووچ، تەنیا بە هۆی بیروباوەڕیان دەستبەسەر و زیندانی کراون. هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا سەبارەت بە ئێران جەختی لەسەر شێوازی بەرفراوان و سیستماتیکی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەدژی ئەم گرووپانە کردووەتەوە و باسی لە بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، پرۆسەی دادوەریی ناڕوون، پەروەندەسازی ئەمنییەتی و ئەشکەنجەدان بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە.
هەلومەرجی بەندیخانەی قزڵحەسار پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە. ئێران پەیوەست بووە بە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کە ماددەی ۱۰ی ئەو پەیماننامەیە جەخت دەکاتەوە: “سەرجەم کەسانی دەستبەسەرکراو دەبێت لە بارودۆخێکی مرۆڤانەدا ڕابگیرێن و لە ئیمکاناتی گونجاوی تەندروستی و بێهداشت بەهرەمەندبوون“.
هەروەها بەپێی ماددەی ۵ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، “هیچ کەسێک نابێت بکەوێتە بەر ئەشکەنجە یان هەڵسوکەوت و سزای نامرۆڤانە“. سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەشکەنجە وەک ڕێگەیەک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و وەرگرتنی دانپێدانان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەکار دەهێنرێت.
مانگرتنی ۱۵۰۰ بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی قزڵحەسار، ئەولاتر لە ناڕەزایەتییەکی بەکۆمەڵ، بووەتە هێمای قەیرانی قووڵ و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا. ئەم قەیرانە نە تەنیا لە بارودۆخی نامرۆڤانەی بەندیخانەکان، بەڵکوو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەریی دادوەری، ئەشکەنجەی سیستماتیک بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، و زیندانی کردنی کەسەکان تەنیا بە هۆی بیروباوەڕ و پێناسەیانەوە.
بەندیخانەی قزڵحەسار بووەتە کارخانەیەکی مەرگ کە تێیدا نە تەنیا دادپەروەری، بەڵکوو کەرامەتی مرۆڤیش بە تەواوی پشتگوێ خراوە. ئەو ژوورانەی کە بۆ سزادراوانی دادگا ئاساییەکان دەبێت شوێنی سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوە بن، بوونەتە ژووری چاوەڕوانیی مەرگ.
لە کۆتاییدا، بەندکردنی کەسەکان بە هۆکاری سیاسی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵیاندا، خۆی لە خۆیدا کردەوەیەکی تاوانکارانە و قبووڵنەکراوە. هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە ئازادیی بیروباوەڕ، ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریی سیاسی بەهرەمەند بێت و هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە ئەم مافە بنەڕەتییانە بە پشتبەستن بە زیندان، ئەشکەنجە یان سێدارە زەوت بکات.