
ئاماری تازەی کە لەلایەن جێگری کاروباری گەنجان لە وەزارەتی وەرزش و لاوان بڵاوبۆتەوە، ئاماژە بە بوونی زیاتر لە ۱۸ ملیۆن و ۷۷۵ هەزار کەس دەکات کە هەرگیز هاوسەرگیرییان نەکردووە. ئەم ژمارەیە نیشانەیەکە لە قەیرانێکی قووڵتر کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چی ڕووی داوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا کە پێكهێنانی ژیانێکی ئاسایی و سەربەخۆ بۆ ملیۆنان گەنج تادێت سەخت و دژوارتر دەبێت؟
سینگڵبوون و هاوسەرگیرینەکردن خۆی لە خۆیدا نە تاوانە و نە کێشەی کۆمەڵایەتیی. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کەسەکان بە سینگڵی دەژین و ئەمە بژاردەیەکی سروشتییە. بەڵام کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە نەتوانێت ئەو هەڵبژاردنەی دەیوێت بیکات، واتە گەنجێکی کە دەیەوێت هاوسەرگیریی بکات، بەڵام بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕێگەی پێنادات. کاتێک کەسێک کارێکی بەردەوام و جێگیری نییە، داهاتەکەی لەگەڵ تێچووەکانی ژیاندا ناگونجێت، دەستڕاگەیشتنی بە خانوو و سەرپەنایەک ئەستەمە و ئاسۆی ئابووریی ڕوون نییە، بڕیارێکی وەک هاوسەرگیری لە بژاردەیەکی سۆزدارییەوە دەبێتە مەترسییەکی گەورەی ئابووری.
تۆژینەوە ئابوورییەکانیش ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە. لێکۆڵینەوەیەکی کە لە ۲۸ پارێزگای ئێران لە نێوان ساڵانی ۱۳۸۳ تا ۱۳۹۳ی هەتاویدا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بێکاری هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری ژنان و پیاوان. واتە هرچەندە باری ئابووری خراپتر بووبێت، هاوسەرگیری درەنگتر ڕووی داوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا پرسیارگەلێکی بنەڕەتی دێنە ئاراوە: ئایا دەکرێت لە گەنجێکی کە کارێکی جێگیری نییە چاوەڕوانیی ئەوەی لێبکرێت خێزان پێک بێنێت؟ ئایا گەنجێکی کە تەنانەت توانای بەکرێگرتنی خانوویەکی بچووکیشی نییە، دەتوانێت بە دڵنیاییەوە بڕیار لەسەر هاوسەرگیری و منداڵبوون بدات؟ و ئایا کاتێک نرخی کەلوپەل و خانوو بەبەردەوامی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دەکرێت بۆ دە یان بیست ساڵی داهاتوو پلان دابنرێت؟
لە نێوان هەموو هۆکارە ئابوورییەکاندا، خانووبەرە ڕەنگە گەورەترین کۆسپ بێت. هاوسەرگیری واتە دەستپێکردنی ژیانێکی هاوبەش، بەڵام لە ئێرانی ئەمڕۆدا خانوو بووەتە کاڵایەکی سەرمایەیی، نەک پێداویستییەکی مرۆیی. کاتێک هاوسەرێکی گەنج ناچار دەبن بەشێکی زۆری داهاتەکەیان تەرخان بکەن بۆ کرێی خانوو، هیچ شتێک بۆ خۆراک، درمان، پەروەردە، گوواستنەوە و منداڵبوون نامێنێتەوە. نرخی خانوو لە زۆربەی شارەکاندا چەندین بەرانبەری داهاتی ساڵانەی گەنجێکە و ئەم جیاوازییە گەورەیە، سەربەخۆیی ئابووریی کردووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو. ئەم بارودۆخە ئاکامی چەندین ساڵ داڕشتنی سیاسەتی ناکارئامە، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و کردنی زەوی و باڵەخانەیە بە ئامرازی قازانج بۆ تاقم و گرووپێکی تایبەتەکان.
قەیرانی هاوسەرگیری تەنیا قەیرانی تێچووی ڕێوڕەسمەکان نییە، بەڵکوو قەیرانی ئاسۆی داهاتووە. گەنجێکی کە نازانێت ساڵی داهاتوو کاری دەبێت یان نا، چۆن دەتوانێت بڕیارێکی درێژخایەنی وەک هاوسەرگیری بدات؟ گرێبەستە کارییە کاتییەکان، مووچەی زۆر نزمتر لە ئاستی هەڵاوسان، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، گەشەکردنی پیشە نافەرمی و ناسەقامگیرەکان و بێکارییەکی بەربڵاو لە نێوان گەنجانی خوێندەواردا، هەموویان لە زومرەی ئەو هۆکارانەن کە داهاتوو نادیار دەکەن. ئەم دۆخە بۆ چینە کەمداهاتەکان گەلێک دژوارترە، شوێنێکی کە تەنانەت دابینکردنی تێچووە سەرەتاییەکانی ژیانیش کارێکی ئاسان نییە، چ بگات بە پێکهێنانی خێزان.
بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە، ناکرێت ڕۆڵی پێکهاتەیی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو نەگیرێت. دەسەڵات دەیان ساڵ دەرفەتی هەبووە کە خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیی پێویست دروست بکات، هەلی کاری جێگیر بۆ گەنجان دابین بکات، حەقدەست لەگەڵ تێچووی ژیاندا بگونجێنێت، سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی بەربڵاوتر بکات، پەروەردە و دەرمانی گشتی بەهێز بکات و ئەمنییەتی ئابووریی بنەماڵەکان زیاتر بکات. بەڵام ئەنجامی ئەمڕۆ نیشانی دەدات کە ئەم دەرفەتانە لەدەست دراون. گەنجێکی کە دەیوێت سەربەخۆ بێت، ڕووبەڕووی کرێی قورس دەبێتەوە، کرێکارێکی کە دەیوێت خێزان پێک بێنێت، ڕووبەڕووی مووچەی ناکافی دەبێتەوە، گەنجێکی خوێندەوار کە ساڵانێک دەرسی خوێندووە، ڕووبەڕووی کاری کاتیی و ناسەقامگیر دەبێتەوە و هەروەها ژن و شویەکی کە دەیانەوێت منداڵیان هەبێت، داهاتوویەکی ئابووریی نادیار لەبەردەم خۆیاندا دەبینن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی فەرمی ساڵانێکە گەنجان بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون بانگهێشت دەکات. واقیعییەت ئەوەیە کە بەم جۆرە بانگهێشتکردنە بێ ناوەرۆکانە گەنج هان نادرێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات، بە قەرزە بچووکەکان ناتوانرێت قەیرانی پێکهاتەیی خانووبەرە چارەسەر بکرێت و بە ڕێنمایی ئەخلاقیش داهاتووی ئابووریی هیچ خێزانێک گەرەنتی ناکرێت. کاتێک خانوو کالایەک بێت بۆ قازانجی سەرمایە، درمان و پەروەردە تێچوویەکی قورس بەسەر بنەماڵەکاندا بسەپێنێت، کار و پیشە ناسەقامگیر بێت و حەقدەست لە تێچووی ژیان کەمتر بێت، تەنانەت تایبەتیترین بڕیاری مرۆڤ، واتە هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە.
لە کۆتاییدا، وەڵامدانەوە بەم پرسیارەی کە “چی بەسەر ئابووری و کۆمەڵگەی ئێراندا هاتووە کە پێکهێنانی ژیانێکی ئاسایی و سەربەخۆ بۆ ملیۆنان گەنج بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو؟” بەناچار دەمانگەیەنێتە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵدا، سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگەیە و بەرهەمی کار و ڕەنجی ملیۆنان مرۆڤی نەخستووەتە خزمەت خۆشگوزەرانیی گشتی، گەشەپێدانی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کاری جێگیر یان دروستکردنی داهاتوویەکی ئارام بۆ گەنجان، بەڵکوو خستوویەتییە خزمەت ئەولەوییەتێکەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵکەوە نییە. بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی وڵات لەبری وەبەرهێنان لە خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، درمان، دڵنیایی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان، لە پێناو میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە، بەرفراوانکردنی دام و دەزگا ئەمنییەکان و سەرکوتی ناوخۆییدا بەکار هاتووە، دام و دەزگایەکی کە ئامانجی سەرەکییان نەک پاڵپشتیکردنی خەڵک، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی خەڵکە.
لە پاڵ ئەمەشدا، تێچوویەکی ئێجگار زۆر تەرخان کراوە بۆ کردەوە و چالاکییەکان لە دەرەوەی سنوورەکان، ئەم سیاسەتانە نە تەنیا هیچ قازانجێکیان بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەگەلێکیان بەفیڕۆ داوە کە دەکرا لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کار، دروستکردنی خانوو، گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنی داهاتووی ئابووریی گەنجاندا خەرج بکرێت. لە ناوخۆی وڵاتیشدا بەشێکی بەرچاو لە بودجەی گشتی بۆ دامەزراوە ئاینی، تەبلیغاتی و ئایدیۆلۆژییەکان تەرخان کراوە، دامەزراوەگەلێکی کە بە بودجەیەکی ئێجگار زۆرەوە، لەبری بەرهەمهێنانی زانست یان خۆشگوزەرانی، خەریکی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی خورافات، کۆنترۆڵی کلتوری و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵاتن.
لە ئاوا بارودۆخێکدا سروشتییە کە کۆمەڵگەیەک بەو هەموو سەرچاوە و پۆتاسێلەوە، نەتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەنجەکانی خۆی دابین بکات. کاتێک سەروەتی نیشتمانی لەبری گەشەپێدانی ئابووری، لەپێناو نیزامیگەری، سەرکوت، پروژە دەرەکییەکان و دامەزراوە نابەرپرسیارەکاندا خەرج دەکرێت، ئەنجامەکەی هیچی تر نییە جگە لە داڕمانی ئەمنییەتی ئابووری و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. تا ئەو کاتەی ئەم پێکهاتەی دەسەڵاتە بەردەوام بێت و ئەولەوییەتەکانی لەم چوارچێوەیەدا بسوڕێنەوە، ئەو بێبەشیە دژەمرۆییەی کە لەسەر شانی گەنجی ئێرانیی قورسایی دەکات، لا نابرێت. گەنجێکی کە دەیتوانی بە کار، خانوو، ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و هیوا بە داهاتوو ژیانێکی سەربەخۆ دروست بکات، لە ئاوا پێکهاتەیەکدا ناچارە خەونی سادەی پێکهێنانی خێزان دوا بخات یان بەتەواوی لەبیر خۆی بباتەوە.
هەر بەم هۆیەوە، قەیرانی هاوسەرگیری لە ئێران ڕاستەوخۆ بەرهەمی سیاسەت و ئاڕاستە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییە. تا ئەو کاتەی ئەم سیاسەتانە نەگۆڕدرێن و سەروەت و سامانی وڵات لەبری خەرجکردنی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و سەرکێشییەکانی دەرەوەی سنوور، لەپێناو خۆشگوزەرانیی خەڵکدا بەکار نەهێنرێت، ئیمکانی دروستکردنی ژیانێکی سەربەخۆ و خاوەن کەرامەت بۆ ملیۆنان گەنجی ئێران، هەروا بە دەستەبەر نابێت.