٢٨ی گەلاوێژ، وەبیرهێنەرەوەی فەرمانی جیهادی خومەینی و شکڵگرتنی خۆڕاگرییەکی کە هەرگیز خامۆش نەبوو

 

✍️: کەریم ئەمانی

زیاتر لە چوار دەیە بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کە خومەینی، تەنها چەند مانگ دوای ڕووخانی ڕژیمی سەڵتەنەتی و لە بەرزترین ئاستی دروشمیئازادیوبەرابەریخوازانە»ی شۆڕشدا، فەرمانی جیهادی لەدژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەرکرد. ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خاڵێکی وەرچەرخانە کە نیشانی دا کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاریەوە، بەرامبەر بە ویست و داواکارییە ئازادیخوازانەکانی جەماوەری خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، هیچ زمانێک جگە لە زمانی تۆپ و تانک و لەسێدارەدان و سەرکوت نازانێت. وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوە، تەنها یادکردنەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بەم ڕاستییە کە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم هێرشە، دەستپێکی خۆڕاگرییەکی چل و چەند ساڵە بوو کە تا ئەمڕۆش، لە شێوازی خەباتی چەکدارانە و مانگرتنی گشتی و ڕاپەڕینی سەرشەقامدا بەردەوامە.

هاوکات لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتی سەڵتەنەتی لە بەفرانباری ١٣٥٧، کوردستان یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە جەماوەرەکەی، لە دەرەوەی دروشمی ڕووخانی شا، خوازیاری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە پێکهاتەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی ناوەندپەراوێزدا بوون. بە لەناوچوونی دەسەڵاتی ستەمکارانەی پێشوو، کەشوهەوایەکی تاڕادەیەک کراوە و شۆڕشگێڕانە لە شار و گوندەکانی کوردستان پێکهات: شۆڕای گەڕەکەکان، ڕێکخراوە سیاسی و پیشەیی جۆراوجۆرەکان، لەوانە هێز و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بە ئاشکرا دەرفەتی چالاکییان بۆ ڕەخسا و خەڵک بۆ یەکەم جار دوای ساڵانێکی زۆر، مەجالی دەربڕینی ویست و داواکارییە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی خۆیان بەدەست هێنابوو. ئەم کەشوهەوا ئازادە، کە بە ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری و ڕێکخستنی هێزە چەپ و کۆمونیستەکان و لەوانە کۆمەڵەدا شکڵی گرتبوو، بۆ ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی، هەم مەترسییەکی سیاسی و هەم نموونەیەکی مەترسیدار بوو بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران.

فەرمانی جیهادی خومەینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دوو ئامانجی هاوتەریب لەگەڵ یەکتر شیاوی تێگەیشتن نییە: یەکەم، سەرکوتی دەستکەوتە شۆڕشگێڕانەکانی کوردستانی ئازادکراو، دەستکەوتێکی کە ناوەڕۆکەکەی ئەولاتر لە خواستی نەتەوەیی، بەرەو دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەچوو، و دووەم، جێگیرکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی زاڵبوونی ناوەند بەسەر پەراوێزدا، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تازەی کە دەیویست لە هەمان سەرەتاوە سنوورەکانی دەسەڵاتی خۆی بە زەبری زۆر و سەرکوت دیاری بکات. لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕێبەرایەتی تازەی کۆماری ئیسلامی، بەرامبەر هەر هێزێکی سەربەخۆ و بەتایبەت هێزی چەکدار یان ڕێکخراوی چەپ، هەستیارییەکی ئایدیۆلۆژیکی هەبوو، کوردستان لەم ڕوانگەوە، هەم خاوەنقەزییەیەکی نەتەوەییی چارەسەرنەکراو بوو و هەم ببووە سەنگەر و پەناگەیەکی بەهێز بۆ لایەنە چەپەکانی ئێران.

ئەگەرچی بە ڕواڵەت بیانووی ڕاستەوخۆی دەرچوونی فەرمانی جیهاد، بریتی بوو لە ڕووداوەکانی شاری سنووریی پاوە، بەڵام خێرایی و بەرفراوانی وەڵامدانەوەی خومەینی، فەرمان بەهەموو هێزە ئینتیزامییەکانبۆ هێرشی خێرا بەتۆپ و تانک و هێزی سەرکوتگەری چەکدارەوەبۆ سەر پاوە، سنە وکوردستان بەگشتی، بە ڕوونی نیشانی دا کە ئامانج نەک کۆنترۆڵکردنی کێشەیەکی ناوچەیی، بەڵکوو تێکشکاندنی یەکجاری هەموو بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بوو. میدیا حکومییەکان، هاوکات لەگەڵ ناردنی هێز، بە بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە ژنانی موسوڵمان لەلایەنکۆمۆنیستەکانەوە، بیروڕای گشتییان بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکرد، نموونەیەک لەو درۆ و چەواشەکارییە میدیاییانەی کە ڕاستەوخۆ خزمەتیان بە پڕۆسەی سەرکوت کردووە و کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چواردەیەی ڕابردوودا زۆرجار دووپاتی کردووەتەوە.

ئەرتەش و سپای پاسدارانی تازە دامەزراو، بە پشتیوانی تۆپخانە و هێزی ئاسمانی، هێرشیان کردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان. ئەمە تەنها دەستپێکی زنجیرەیەک لە سەرکوتگەرییەکی ڕێکخراو بوو: تەنها چەند ڕۆژ دواتر، سادق خەڵخاڵی وەک قازی شەرع ڕەوانەی ناوچەکە کرا و بە وەڕێخستنی دادگایەکی سەحرایی و بەبێ ڕەچاوکردنی کەمترین ڕێشوێن و پێوەرەکانی دادوەری، دەیان کەس لە خەبات‌کاران و هەڵسووڕاوانی کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و بەشێوەیەکی دڕندانە گوللەباران کران. گەمارۆدانی شارەکان، دەستگیرکردنی کوێر کوێرانە و بەکۆمەڵ، و کوشتاری خەڵکی بێتاوان، وێنەیەک بوو لەو پڕۆسەیەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناویکۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕی کوردستان، دەستی پێکرد، ناوێکی کە لە ئەدەبیاتی فەرمیی حکومەتدا، خەبات و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بۆ ئازادی، بەئاژاوەگێڕیویاخیبوونلەقەڵەم دەدات.

بەڵام ئەوەی کە ڕژیم پێی دەوتکۆتاییهێنان، لە ڕاستیدا بوو بە دەستپێکی خۆڕاگرییەکی شۆڕشگێڕانە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی نیزامیدا، خەڵکی کوردستان، هەر لە کرێکار و جوتیارەوە بگرە تا موعلیم و خوێندکار، لە بری تەسلیمبوون، دەستیانکرد بە ڕێکخستنی خۆڕاگرییەکی چەکدارانە و مەدەنی سەرتاسەری. هێزی پێشمەرگە، کە پێشتریش لە نەریتی خەباتکارانەی کوردستاندا ڕیشەی هەبوو، لەو قۆناغەدا بووە باسکی چەکداری ئەو خەبات و خۆڕاگرییە جەماوەرییە، هەڵبەت نەک وەک هێزێکی جیاواز لە خەڵک، بەڵکوو وەک فراوانبوونی هێزی چەکداریی هەمان ئەو ئیرادە کۆمەڵایەتییەی کە لە شۆڕا و یەکێتییەکاندا شکڵی گرتبوو. ئەم پێوەندییەی نێوان خەباتی چەکداری و ڕێکخستنی جەماوەرییە، یەکێکە لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی خەبات و خۆڕاگریی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی.

جێگەی ئاماژەیە کە کۆمەڵە، وەک لایەنێکی چەپ و کۆمۆنیست، لە ڕێکخستنی ئەو خەبات و خۆڕاگرییە جەماوەرییەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری بینی. کۆمەڵە لە هەمان کەشوهەوای ئازادی پێش فەرمانی جیهادی خومەینییەوە، نەک هەر تەنها دروشم و خواستە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردی بەرز نەکردبووە، بەڵکوو بەیەکەوە گرێدانی ئەو خواستانەی لەگەڵ ویست و داواکارییە چینایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی خستبووە بەرنامەی کاری خۆیەوە، خەبات و خۆڕاگرییەکی کە هەم لەدژی ستەمی نەتەوایەتی و هەم لەدژی چەوسانەوەی چینایەتی ڕێکدەخرا. ئەم ڕوانگەیە، ئاسۆیەکی ئەولاتر لە تەنیا کاردانەوەیەکی بەرگرییانەی بەڕووی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە هێرشی ٢٨ی گەلاوێژدا کردەوە: خۆڕاگرییەکی کە هاوکات لەگەڵ بەرگریی چەکدارانە، تیشکی خستە سەر ڕێکخستنی شۆڕایی، پرسی یەکسانی ژنان لە ڕیزی هێزی پێشمەرگە، چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە سەرانسەری ئێران. بەردەوامیی ئەم ڕوانگەیە لە نەریتی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستاندا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت، مانگرتنێکی کە لە ماوەی چل و چەند ساڵی رابردوودا لەسەر بانگەواز و بە بەڕێبەرایەتی کۆمەڵە بەڕێوەچووە و زۆرجار بووەتە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش.

فەرمانی جیهاد و ئەو خۆڕاگرییەی کە بەدوایدا شکڵی گرت، کەشوهەوای سیاسیی کوردستانی بۆ هەمیشە گۆڕی. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیویست بە سەرکوتی خوێناوی، کوردستان بێدەنگ بکات، ئەنجامەکەی بەکردەوە بە پێچەوانەی ئەوە بوو: یادی خۆڕاگریی قارەمانانەی ٢٨ی گەلاوێژ، و ناوی ئەو قوربانییانەی لەو ڕۆژانەدا و لە دادگا سەحراییەکانی خەڵخاڵی جینایەتکاردا گیانیان لەدەستدا، بووە بەشێک لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و پێناسەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. نەوەکانی دواتر، لە خەبات‌کارانی دەیەی شەستەوە بگرە تا چالاکوانانی ئەمڕۆ، خۆیان بە میراتگری هەمان ئەو خەبات و خۆڕاگرییە دەزانن کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا شکڵی گرت. ئەم بەردەوامییە مێژووییەیە کە کوردستانی لەماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای قورسترین و بێبەزەییانەترین سەرکوتەکان، هەروا کردووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی خۆڕاگری مەدەنی و ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ئێراندا.

کۆماری ئیسلامی لەم چل و چەند ساڵەدا هەرگیز نەیتوانی کوردستان بە تەواوی بەچۆکدا بێنێ. سیاسەتی ئەم ڕژیمە بەرامبەر بە کوردستان، بەردەوام تێکەڵەیەکی جێگیر بووە لە نیزامیگەری، ئەمنییەتیکردنی ژیانی ڕۆژانە، و لەسێدارەدان و سەرکوت، سیاسەتێکی کە نەک تەنها کێشەکەی چارەسەر نەکرد، بەڵکوو لەگەڵ هەر شەپۆلێکی ستەم و سەرکوتدا، کەلێن و کەلەبەری نێوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەمڕۆ، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لەڕادەبەدەر لە سەرانسەری ئێراندا دەست و پەنجە نەرم دەکات، خۆی لە ناو گێژاوی شەڕێکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا دەبینێتەوە، شەڕێکی کە لە کۆتایییەکانی زستانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و ڕێبەرایەتی و پێکهاتەی نیزامیی ڕژیمی خستووەتە ژێر زەبرێکی قورس و کاریگەر. ئەم هەلومەرجە، ڕژێمێکی کە لە جەرگەی ئەم قەیرانانەشدا هێشتا پشت بە سەرکوتی ناوخۆیی دەبەستێت، خستووەتە لاوازترین دۆخ لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە تاکو ئێستا.

بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، ئەم دۆخە، سەرلەنوێ ئەو پرسیارە دێرینە دەوروژێنێتەوە کە: قەیران و شەڕ لە سەرەوە، لە بری ئەوەی بیانووێک بێت بۆ پاشەکشە لە ویست و داواکارییە دیموکراتیک و چینایەتییەکانی خەڵک، دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەریی، لە شۆڕای گەڕەکەکانەوە بگرە تا یەکێتییە کرێکارییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکان. ئەو خەبات و خۆڕاگرییەی کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا دەستی پێکرد، لە ڕاستیدا وەڵامێک بوو بەم پرسیارە، و بەردەوامیی ئەوە، لە شکڵ و شێوازە جۆراوجۆرەکان، واتە لە خەباتی چەکدارانەوە بگرە تا مانگرتنی گشتی، ئەمڕۆش هەمان ڕۆڵ دەبینێت: نیشاندانی ئەوەی کە ئالتەرناتیڤێک و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی، نەک لە ناو جەرگەی شەڕی زلهێزەکانەوە، بەڵکوو لە هەناوی خۆڕێکخستنی جەماوەری و خەباتی چینایەتی و ئازادیخوازانەوە سەرهەڵدەدات.

لەم ڕووانەشەوە، کوردستان وەک هەمیشە سەنگەری پڕجۆش و خرۆشی ئازادیخوازی دەمێنێتەوە. کۆمەڵگای کوردستان بە پشتبەستن بە نەریتێکی دوور و درێژی ڕێکخستن و ئەزموونی خەباتکارانەی چەپ و ورەی بەرزی خەبات و خۆڕاگریی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە قووڵکردنەوەی قەیرانی مەشروعیەتی ڕێژیم و زەمینە خۆشکردن بۆ ڕووخاندن و لەگۆڕنانی لەلایەن جەماوەری ئازادیخوازەوە.

بڕیار بوو فەرمانی ٢٨ گەلاوێژی ٥٨ خاڵی کۆتایی ئازادیخوازی لە کوردستان بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو بە دەستپێکی بزوتنەوەیەکی کە تا گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی، درێژە بە ڕێبازی خۆی دەدات.

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، هەر لە قوربانیانی دادگا سەحراییەکانی خەڵخاڵییەوە بگرە تا هەموو ئەو خەباتکارانەی کە لەناو زیندانەکانی ڕێژیم و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا و لە پێناو دیفاع لە ئازادی و بەرابەریدا گیانی ئازیزیان لەدەستدا. ڕێگای ئەوان، لە خەباتی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ نان، کار، ئازادی و یەکسانی بەردەوامە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net