
ئەمە سەردێڕ و ناونیشانی ڕاپۆرتێکی مەیدانییە کە ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن “ئیلنا” (ئاژانسی فەرمیی هەواڵی کاری ئێرانەوە) بڵاو کراوەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتوووە: تێچووی قورسی چاککردنەوەی ددان، سنوورداربوونی بیمە و نەبوونی پۆتانسێلی پێویستی دەرمانگەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، زۆرێک لە بیمەکراوە کەمدەرامەتەکانی خستووەتە بەردەم بژاردەیەکی تاڵ لە نێوان دابینکردنی تێچووی قورسی کەرتی تایبەت و کێشانی ئەو ددانانەی کە شیاوی چاککردنەوەن.
سیستەمی تەندروستی و دەرمانی هەر کۆمەڵگەیەک، ئاوێنەیەکی باڵانوێنە کە نەک تەنیا باری تەندروستیی خەڵک، بەڵکوو ئەولەوییەتەکان، سیاستەکان و سروشتی چینایەتیی دەسەڵات نیشان دەدات. لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان بەستراوبێتەوە بە ئاستی دەرامەت، شوێنی ژیان و جۆری بیمە، نەخۆشی چیتر تەنیا کێشەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەژاریی زیاتر، لەبەریەک ترازانی خێزانەکان، وازهێنان لە کار، قەرزداری و سووکایەتیپێکردنی مرۆڤەکان. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ملیۆنان کرێکار، خانەنشین، بێکار، ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە، پەڕاوێزنشین و بنەماڵە کەمدەرامەتەکان، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە تاڵە دەبنەوە کە نەخۆشی دەتوانێت تەواوی دەستکەوتەکانی تەمەنێک کار و ئارەق ڕشتن لەناو ببات.
هەژاری لە ئێران تەنیا بە مانای نەبوونی خۆراک یان شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو نییە. هەژاریی واتە نەتوانی سەردانی پزیشک بکەیت لە کاتی نەخۆشیدا، واتە لابردنی دەرمان لە سەبەتەی خەرجیی بنەماڵە، واتە دواخستنی نەشتەرگەریی پێویست، واتە چاوپۆشیکردن لە تاقیکاری، وێنەگرتنی پزیشکی و دەرمانی تایبەت، واتە هەڵبژاردن لە نێوان کڕینی دەرمانی منداڵ و دانی کرێی خانوو. هەژاری واتە کرێکارێکی کە سەرەڕای دانی حەقی بیمە، لە کاتی پێویستی بە خزمەتگوزاریی دەرمانی دەرک بەوە دەکات کە دەفتەرچەی بیمەکەی لە بەرامبەر تێچووە ڕاستەقینەکانی دەرماندا، بە کردەوە بەهایەکی ئەوتۆی نییە.
قەیرانی دەرمان لەم ساڵانەی دواییدا بە گرانبوونی سەرسوڕهێنەری دەرمان، کەمیی کەلوپەلە سەرەکییەکان، بە تایبەتیکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، لەکارکەوتوویی نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان و ناکارامەییی بیمەکان، ڕەهەندی نوێی بەخۆیەوە گرتووە. تێچووی ویزیت، تاقیکاری، سۆنۆگرافی، ئێم ئاڕ ئای، نەشتەرگەری، خەواندن لە نەخۆشخانە و دەرمان، بە خێراییەکی زۆر زیاتر لە حەقدەستەکان زیادی کردووە. زۆرێک لە بنەماڵە کرێکارییەکان کە پێشتریش دەرامەتیان لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوو، ئێستا بۆ دەرمانی نەخۆششییە ئاساییەکانیش ناچارن قەرز بکەن، سەرمایە کەمەکەیان بفرۆشن یان سەردانی ناوەندە خێرخوازییەکان بکەن.
لە نێواندا، نەخۆشەکانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەن و سەختەکان زیاتر لەوانی تر دەبنە قوربانی. نەخۆشەکانی شێرپەنجە، تووشبووانی ئێم ئێس، هیمۆفیلی، تالاسمی، شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە و دڵ، بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان پێویستیان بە دەوا و دەرمانی بەردەوام و ڕێکوپێک هەیە. بەڵام ئەو دەرمانانەی کە دەبێت سەرەتاییترین مافی مرۆڤ بن، یان دەگمەنن یان بە نرخێک دەفرۆشرێن کە لە توانای زۆربەی خەڵک بەدەرە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی هەندێک دەرمان لەم ساڵدا بە ڕێژەی چەند سەد لەسەد زیادی کردووە. کەمبوونەوەی هاوردەکردن و سنوورداربوونی لیستی ئەو دەرمانانەی کە بیمە دەیانگرێتەوە، نەخۆشەکانی خستووەتە بەرامبەر بازاڕێکی کە تێیدا کەڵەکەکردنی قازانج گرنگترە لە گیانی مرۆڤ.
بۆ بنەماڵەیەکی کە دەرامەتەکەی خەرجی کرێی خانوو، خۆراک، هاتووچۆ و ئاو و بەرق گاز دەبێت، دابینکردنی دەرمانی مانگانەی نەخۆشێک دەتوانێت ببێتە قەیرانێک. لە ئاوا دۆخێکدا، زۆرێک لە نەخۆشەکان ناچار دەبن بڕی دەرمانی بەکارهێنراوی خۆیان کەم بکەنەوە، خولی دەرمانەکە بە نیوەچڵی جێبهێڵن یان داوا لە پزیشک بکەن دەرمانی کەمتریان بۆ بنووسێت. ئەم بڕیارانە بژاردەیەکی دڵخوازانە نین، بەڵکوو بژاردەی دۆخێکی سەپێندراون کە دەتوانن ببنە هۆی خراپتربوونی نەخۆشییەکە، کەمئەندامی یان مردن.
بەڵام ڕەنگە یەکێک لە بەرچاوترین و ئازار بەخشترین دەرکەوتەکانی چینایەتیبوونی دەرمان، بریتی بێت لە باری تەندروستی و دەرمانی ددان. ددانپزیشکی لە ئێران بە کردەوە بووەتە بوارێک کە بەشێکی گەورەی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت لێی بێبەشن. ئازاری ددان، هەوکردن، ڕزینی ددان و لەدەستدانی ددان، ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا وەک کێشەیەکی بچووک بێتە بەرچاو، بەڵام بۆ مرۆڤێکی کرێکار کە دەبێت هەموو ڕۆژێک کار بکات، خۆراک بخوات، قسە بکات و لە کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەبێت، تەندروستیی دەم و ددان بەشێکی جیانەکراوەیە لە تەندروستیی گشتی و کەرامەتی مرۆڤ.
لە ڕاپۆرتەی سەرەوەدا دا هاتوووە:
“تێچووی قورسی چاککردنەوەی ددان، سنوورداربوونی بیمە و لەخوارەوەبوونی پۆتانسێلی دەرمانگەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، زۆرێک لە بیمەکراوە کەمدەرامەتەکانی خستووەتە بەردەم بژاردەیەکی تاڵ لە نێوان دانی تێچووی قورسی کەرتی تایبەت و کێشانی ئەو ددانانەی کە شیاوی چاککردنەوەن. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لەو ناوەندانەی کە موڵکی دابینکردنی کۆمەڵایەتین نیشانی دەدەن کە بەشێکی زۆری بیمەکراوان، سەرەڕای دانی حەقی بیمە، بە کردەوە لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پێویستەکانی ددانپزیشکی بێبەشن و ناچار دەبن بە کێشانی ئەو ددانانە دەبن کە شیاوەکانی چاککردنەوەن، بڕیارێکی کە نەک بە دڵخواز، بەڵکوو لە ڕووی بێتوانایی دارایی و نەبوونی ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان دەدرێت.
پارێزگای تاران کە نزیکەی ١٤ ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس دانیشتووی هەیە، زیاتر لە ٩ ملیۆن و پێنج سەد هەزار بیمەکراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی هەیە، بەڵام تۆڕی دەرمانی ڕاستەوخۆی ئەم ڕێکخراوە تەنیا ۳۵ ناوەند لەخۆ دەگرێت. ئەم ڕێژە ناهاوسەنگە، بەتایبەت لە ناوچە پەڕاوێزەکانی وەک شەهریار، مەلارد، بەهارستان و پاکدەشت، بووەتە هۆی کەمیی لەڕادەبەدەری خزمەتگوزارییەکان و ڕیزی دوور و درێژی سەردانیکەران، ئەو ناوچانەی کە زۆرترین دانیشتووانەکەی کرێکارن و کەمترین ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە موڵکییەکان هەیە. گێڕانەوەی نەخۆشەکان نیشانی دەدات کە کێشانی ددان، بەتایبەت لە نێوان بەساڵاچووان و کرێکاراندا، دیارترین بژاردەیە. ئەم ڕەوتە لێکەوتەی جدیی بەدوسی خۆیدا دەهێنێت لەوانە: تێکچوونی خۆراک، دابەزینی کوالیتیی ژیان، کێشەکانی هەرسکردن و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان. بێددانی خەریکە ببێت بە هێمایەکی چینایەتی، هێمایەک لە کەلێنی قووڵی نێوان توانای دارایی بنەماڵە کرێکاریی و تێچووە دەرمانییەکان.
قەیرانی دەرمانی ددان لە نێو کرێکاراندا، تەنیا کێشەیەکی پزیشکی نییە، بەڵکوو نیشانەیەکە لە ناکارامەیی پێکهاتەیی لە سیستەمی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی نایەکسانی تەندروستی. کرێکاران بێددان دەبن، چونکە پێکهاتەی دەرمانیی وڵات ئەوانی لە بەرامبەر بازاڕی ئازادی ددانپزیشکیدا بێبەرگری هێشتووەتەوە.”
ئەم ڕاستییە هەژێنەرە واتایەکی زۆر ئەولاتر هەیە لە ئامار و ڕاپۆرتەکان. مرۆڤێکی کە ددانەکانی بەهۆی بێتوانایی دارایی لەدەست دەدات، نەک هەر لەگەڵ ئازار و دژواریی خۆراکخواردندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵکوو باوەڕبەخۆبوون، دەرفەتی بەشداری کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەرفەتی دۆزینەوەی کاریش لەدەست دەدات. کرێکارێک یان ژنێکی کە ددانەکانی لەدەست دابێت، ڕەنگە لە شوێنی کارەکەی گاڵتەی پێ بکرێت، لە چاوپێکەوتنی کاریدا گرنگی پێ نەدرێت یان لە بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر خۆی بپارێزێت. بێددانی بەم مانایە، دەبێتە هێمایەکی ئاشکرای هەژاری و نایەکسانی.
سیاسەتی خودکەفایی نەخۆشخانەکان و سپاردنی زیاتری دەرمان بە لۆژیکی بازاڕ، بە مانای ئەوەیە کە ناوەندە دەرمانییەکان لە بری ئەوەی دامەزراوەی خزمەتگوزاریی گشتی بن، ببەنە بنکەیەک بۆ دابینکردنی تێچووەکانی خۆیان. لەم شێوازەدا، نەخۆش نەک مرۆڤێکە کە پێویستی بە دەرمان هەیە، بەڵکوو کڕیارێکە کە دەبێت توانای دانی پارەی هەبێت. کەسێک پارەی نەبێت، دەرمانەکەی دوا دەکەوێت یان بەشێوەیەکی گشتی لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری بێبەش دەبێت. ئەم دۆخە لەگەڵ مافی مرۆڤ بۆ بەهرەمەندبوون لە تەندروستی و دەرمان لە دژوازییەکی تەواودایە.
دیفاع لە مافی دەرمان، بەشێکە لە خەباتێکی بەرفراوانتر لەپێناو حەقدەست، دادپەروەرانە، بیمەی بێکاری، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، پەروەردەی بێبەرامبەر و کۆتاییهێنان بە هەژاری و نایەکسانی. کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، موعەلیمان، خوێندکاران و سەرجەم چین و توێژە بێبەشەکان دەتوانن بە یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ، خواستی دەرمانی خۆڕایی و گشتگیر بکەنە داخوازییەکی کۆمەڵایەتی و بەپەلە. هیچ کەسێک نابیێت ناچار بێت بەهۆی نەبوونی پارەوە، ددانێکی کە شیاوی چاککردنەوەیە بکێشێت، بە ناچاری نیوەی ئەو دەرمانەی کە پێویستی پێیەتی بەکاربێنێ یان لە بێدەنگیدا ئازار بکێشێت. کۆمەڵگەیەکی ئینسانیی، کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا تەندروستیی مرۆڤ ئەولەویەتی زیاتر بێت لە قازانج، دەسەڵات و ئیمتییازی چینایەتی. خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی لەو چەشنە، خەباتە لەپێناو ژیان، کەرامەت و داهاتووی ملیۆنان مرۆڤی بێبەشدا.