وەستانەوە لەبەرامبەر مەرگ لەپێناو ژیاندا: خەباتێکی کە شەریف باجوور و هاوڕێیانی ڕچەشکێنی بوون

 

✍️: کەریم ئەمانی

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هاوکات بوو لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی ئەو ڕۆژەی کە شەریف باجوور، ئۆمید کۆنەپۆشی (حسینزادە)، محەممەد پژووهی و ڕەحمەت حەکیمینیا لە دارستانەکانی سەلەسی و پیلەی مەریوان، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا، گیانیان بەخت کرد. بەم بۆنەیەوە لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە شاری مەریوان، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بە بەشداری جەماوەرێکی بەرچاو بەڕێوەچوو، هەروەها ماوەیەک لەمەوبەر لە سنەش ڕێوڕەسمێکی هاوشێوە بۆ یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی ژینگەپارێزی ئاویەر بەڕێوەچوو. دووبارەبوونەوەی ئەم ڕێوڕەسمانە، خۆی لەخۆیدا .بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە یادی ئەو ژینگەپارێزانە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا زیندووە و ئەم بۆنانە ساڵ لەدوای ساڵ لە یادەوەرییەکی ساکارەوە بووەتە فەرهەنگ و نەریتێکی جێکەوتوو و بەشێک لە پێناسەی خەباتی خەڵکی کوردستان.

شەریف باجوور، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا و بەرپرسی گروپی ئاگرکۆژێنەوەی ئەم ئەنجومەنە، کەسێکی ناسراو و جێگای متمانە بوو لەنێو کۆمەڵگەی مەدەنی مەریوان، کە بەبێ هیچ ئامرازێکی پێویست، گیانی خۆی لەپێناو ڕزگارکردنی دارستانەکانی کوردستاندا فیدا کرد. ئەو پێشتریش لە چالاکییەکانی یارمەتی گەیاندن بە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئەزگەلە و ڕێپێوانی دیفاع لە مافی ئاژەڵاندا بەشدار بوو. لەگەڵ هاوڕێکانی، بە دەستی بەتاڵ و بەبێ پاڵپشتی فەرمی، بەگژ ئاگردا چوون بۆ ئەوەی بەشێک لە سروشتی دەوڵەمەندی کوردستان بپارێزن. بەگوێرەی وتەی نزیکەکانی، شەریف باجوور بەر لە گیانلەدەستدانی، گەلێک بەڵگەی بەدەستهێنابوو کە نیشانی دەدا زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە ئەنقەست بوون و دەیویست سکاڵا لە دژی سپای پاسداران تۆمار بکات، مەرگی ئەو و هاوڕێیانی، هەر لەو ڕۆژەوە بە مەرگێکی گوماناوی دادەنررێت، نەک ڕووداوێکی سروشتی.

لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس، لەوانە دارستانەکانی کوردستان، ڕووداوێکی سروشتی نین. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی چالاکوانانی ژینگە، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤ ملیۆن هێکتار لە کۆی ١٠ ملیۆن هێکتار دارستانەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس لەناوچوون و لە ئاستی گشتی ئێراندا ساڵانە نزیکەی ١٢٥ هەزار هێکتار دارستان لەناودەچێت. ئەم ڕێژەیە لە کوردستاندا زۆر زیاتر لە ئاستی مامناوەندی گشتی وڵاتە. کارناسانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ئێران لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا هیچ دارستانێکی نامێنێت.

ئەوەی کە ئامانجداربوونی ئەم ئاگرکەوتنەوانە زیاتر پشتڕاست دەکاتەوە، شێوازی ئەو ئاگرانەیە: چەندین جار بینراوە کاتێک چالاکوانانی ژینگە و کۆمەڵانی خۆبەخش بەشێک لە ئاگری چیایەکی زاگرۆسیان کوژاندووەتەوە، دەستبەجێ لە لوتکەیەکی دیکە ئەو دارستانە ئاگر کەوتۆتەوە، ئەمە شێوازێکی بەرنامەبۆداڕێژراوە، نەک ئاگرێکی هەڵگیرساو بەهۆی ڕووداوێکی سروشتییەوە. ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی مەریوان لە ساڵی ١٤٠٢دا،  ئاماژەی بەوە کردووە کە زنجیرەی ئاگرکەوتنەوەکان، بارودۆخ و چڕیی ئاگرەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، ئەگەری هەر هۆکارێکی سروشتیی ڕەت دەکاتەوە. وێڕای ئەوەش، ئەو ناوچانەی کە ئاگریان لێدەکەوێتەوە، زۆربەی جار پڕن لە مین و پاشماوەکانی چەکی سپای پاسداران کە لە کاتی شەڕدا لەو ناوچانە بەجێماون و زۆرجاریش باس لەوە کراوە کە بۆردومانی تۆپخانەکانی سپا بووەتە هۆی کەوتنەوە و پەرەسەندنی ئاگرەکان.

کاریگەری ئاگرکەوتنەوەی دارستان لەسەر ژینگە زۆر لە سووتانی چەند دارێک فراوانترە: خاکێکی بەتەواوی وشک و بەیار لەدوای خۆی جێدەهێڵێت، سیستەمی ژیانی گیانلەبەرانی ئەو ناوچەیە تێکدەدات، ڕێژەی گازی کاربۆن لە هەوادا زیاد دەکات و کاریگەری لەسەر گۆڕانی ئاووهەوای ناوچەکە دادەنێت، سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی کەم دەبنەوە، و لە درێژماوەدا، دەبێتە هۆی بە بیابانیبوونی ناوچەکە. لە کوردستان، کە ژیانی گوندنشینان زۆرتر پشتبەستووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دارستان و لەوەڕگاکان، ئەمە خۆی لەخۆیدا هەژاری پەرە پێدەدات و دەبێتە هۆی ناچارکردنی خەڵک بە کۆچکردن و گوندنشینان لە ژیانی ئاسایی خۆیان دوور دەخاتەوە.

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان، تاکە نموونە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر و درێژخایەن کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چل و چەند ساڵی دەسەڵاتدارێتی خۆی لەسەر سروشتی ئێران و بە تایبەت کوردستان جێبەجێی کردووە. وشکبوونی بەشی هەرەزۆری گۆلی وورمێ، کە یەکێک بوو لە گەورەترین گۆلاوەکانی وڵات، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دروستکردنی بێ بەرنامەی بەنداوی زۆر لەسەر ڕووبارەکان و بەکارهێنانی نادروستی ئاوی کشتوکاڵییە. لە کوردستان، بەهۆی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی داریان، سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی مەعدەنی کوردستان و ژینگەی گیانلەبەران لەناودەچێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی دۆخی خەڵکی ناوچەکە بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، بەنداوی کانیگۆیژانی بانەش هەر لەم ساڵانەدا سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵک و کارناسانی ژینگە، هەروا بەردەوامە.

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کوردستان، سروشت و دارستان و ئاوی ئەم ناوچەیەی وەک مەیدانی شەڕ و ئامرازی چاودێری سیاسی و نیزامی بەکارهێناوە. دارستان دەسووتێنن بەمەبەستی چاودێریکردنی چالاکی هێزی پێشمەرگە و نەهێشتنی پەناگە بۆ خۆ حەشاردان، کاتێک هاوڵاتییەک چالاکییەکی ژینگەپارێزی ئەنجام دەدات، وەک تاوانبار دەستبەسەر و دادگایی دەکرێت. ئەم دیاردانە، بە پێچەوانەی ڕوانگەیەکی گشتی جیهانین کە ژینگە وەک بەرژەوەندی هاوبەشی مرۆڤایەتی چاولێدەکەن، لێرەدا ژینگە وەک ئامرازێکی دەسەڵات و کۆنترۆڵ بەکاردێت. ئەم دیدگایە، بەگوێرەی چالاکوانان و لێکۆڵەران، سیاسەتێکی جیاکارانە و دوژمنکارانەیە کە ئامانجە سەرەکییەکەی، بریتییە لە لەناوبردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و بەم شێوەیە زیانگەیاندن بە ژیانی خەڵکی ناوچەکە. لەم ڕوانگەیەوە، شەریف باجوور و هاوڕێیانی و سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەپێناو پاراستنی ژینگەدا گیانیان لەدەستداوە، تەنها قوربانی ئاگر نەبوون، بەڵکوو قوربانی سیاسەتێکی سیستەماتیک بوون کە لەدژی ژینگە و لەدژی خەڵکی کوردستان بەڕێوە چووە.

ژینگەپارێزانی کوردستان، بەبێ هیچ کەرەستەیەکی پێویست، لە بەرامبەر تەوژمی بڵێسەی ئاگر و سیاسەتی نامرۆڤانەی یەکێک لە ڕژیمە دژە ژینگەکانی جیهاندا وەستاونەتەوە. ئەوان ناچار دەبن بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی فەرمی و بەبێ هیچ ئامرازێکی پاراستن، بەگژ مەترسیی مەرگدا بچنەوە، لە کاتێکدا ئەرک و بەرپرسیاری کوژاندنەوەی ئاگر و پاراستنی دارستانەکان لە ئەستۆی خودی ڕژێمە. ڕێکخستنی ئەم چالاکییانە لەنێو ڕێکخراوە خۆبەخشەکانی وەک ئەنجومەنی سەوزی چیا، خۆی نیشانەی سەرهەڵدانی وشیارییەکی مەدەنییە: کۆمەڵگەی کوردستان، لەبەرامبەر بێدەنگی و نابەرپرسیارێتی دەوڵەتدا، خۆی بە ئەرکی پاراستنی ژینگەی زێدەکەی هەڵدەستێت.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵانەی یادکردنەوە لە یادی گیانبەختکردووانی ژینگەپارێز لە سنە و مەریوان و شوێنەکانی تر، بابەتێکی زیاتر لە یادەوەرییە. ئەم ڕێوڕەسمانە بۆ خۆیان بوونەتە بەشێک لە شکڵ و شێوازی خەباتی مەدەنی، کە یەکگرتوویی و هاوپشتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕژیم پتەوتر دەکات. کاتێک جەماوەر یادی ژینگەپارێزان دەکەنەوە، لە ڕاستیدا وێڕای مەحکووم کردنی سەبەبکارانی ئەو ڕووداوانە، ڕایدەگەیەنن کە مەرگی ئەو کەسانە نەک هەر بە زایە نەچووە، بەڵکوو بوونەتە هەوێنی بەهێزکردنی هاوسۆزی و هاوپشتی جەماوەری. ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە، پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بەهێزتر دەکەن، وشیاری ژینگەیی و سیاسی پەرە پێدەدەن و بۆ نەوەی نوێش دەبنە هێمای خۆبەخشی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی گشتی. لەم ڕوانگەیەوە، یادی شەریف باجوور و سەرجەم گیانبەختکردووانی ژینگەپارێزی کوردستان، خۆی لەخۆیدا بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی خۆڕاگریی و بەردەوامیی خەباتی جەماوەری.

لەمڕووەوە مەرگی شەریف باجوور و هاوڕێیانی ناتوانرێت پرسێکی جیا لە خەباتی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ڕژێمێکی کە دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنێت و گۆلاوی ورمێ وشک دەکات، هەمان ئەو ڕژیمەیە کە کۆڵبەران دەکوژێت، ژنان دەچەوسێنێتەوە، چالاکوانانی سیاسی و کرێکاری دەستەبەر و ئێعدام دەکات و بەر بە هەر دەنگێکی ئازاد و ناڕازی دەگرێت. ئەم ڕژیمە دژی ژینگەیە، دژی ئازادییە و دژی مرۆڤایەتییە، چونکە بۆ ئەم ڕژیمە، نە خاک و نە ئاو و نە مرۆڤی کورد هیچ بەهایەکی سەربەخۆیان نییە، بەڵکوو هەموویان تەنها ئامرازی چاودێری و دەسەڵاتن. لەمڕووەوە، خەباتی ژینگەپارێزی و خەباتی ئازادیخوازانە، لە بنەڕەتدا یەک خەباتن.

بەرز و بەڕێز بێت یادی شەریف باجوور و سەرجەم ژینگە پارێزانی گیانبەختکردوو.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net