ئاخێزی ژینا، وەرچەرخانی مێژوویی، ئەزموونەکان و ئاسۆی ڕزگاریی دواڕۆژ

✍️: کەریم ئەمانی

٢٥ی خەرمانان ساڵیادی دەستپێکی ئاخێزی سەراسەرییژن، ژیان، ئازادی، دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران و کوردستان. ئاخێزێکی کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشاد واتەپۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامییەوە چەخماخەکەی لێدرا و لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە خەبات و ناڕەزایەتییەکی گشتی لەدژی سیستەمی زاڵ. ئەم ئاخێزە تەنیا تەقینەوەیەکی کاتیی تووڕەیی جەماوەر نەبوو، بەڵکوو بەرهەمی کەڵەکەبوونی دەیان ساڵ زوڵم، چەوسانەوەی چینایەتی، ستەمی نەتەوەیی و سەرکوتی بەردەوامی مافەکانی ژنان و هەروەها هەژاری و نایەکسانییەکی ئابووری بوو کە کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری خۆی بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندبوو. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە وەک ئەزموونێکی بەنرخ بۆ خەباتی داهاتوو، خاڵە بەهێز و لاوازەکان و ئاسۆی ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوەیە شی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا، داهاتوویەکی ڕوون و ئومێدبەخش بخەینە بەردەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم ئاخێزە، بریتی بوو لە بەرینایی و فرەڕەنگی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو چین و توێژانەی کە بەشداریان تێدا کرد: لاوان و خوێندکاران، کرێکاران و بێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، هەروەها نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە کوردستانەوە بگرە هەتا بەلوچستان و ئازەربایجان. بۆ یەکەم جار دوای چەندین دەیە، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بە شێوەیەکی هاوکات و یەکدەست هەموو شار و شارۆچکە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی لەخۆ گرت، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی و ڕێبەرایەتییەکی تاک یان ناسیۆنالیزمی نەتەوەیەکی دیاریکراودا بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کێشەی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێران، کێشەی چینایەتی و دیموکراتیکە، نەک تەنیا کێشەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی.

ژنان ڕۆڵی سەرەکی و شوێندانەریان لە ڕەوتی ئەم ئاخێزەدا بینی، ئەوان نەک تەنیا وەک بەشداربوویەکی لاوەکی، بەڵکوو وەک پێشەنگ و ڕابەری ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوەیە ئاڵای خەباتێکیان بەرز کردەوە کە سەلماندی ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژنان مەحاڵە. دروشمیژن، ژیان، ئازادیکە لە خەباتی ژنانی کوردستاندا ڕیشەی هەیە، بوو بە دروشمێکی سەرەکی و سەرانسەری لە ئێران و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا. تووڕهەڵدانی پەچە و ڕووپۆشی سەرەکیحیجابی زۆرەملێو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ژنان لەگەڵ دەسەڵاتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی، بووە هۆکارێکی سەرەکی ڕادیکاڵکردنی گشتی بزووتنەوەکە، واتە گۆڕینی ویست و داخوازی ڕیفۆرمخوازانە بۆ ویست و داخوازییەکی ڕاستەوخۆ و گۆڕانکاری بنەڕەتی و تێپەڕبوون لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەمە نیشانی دا کە ئازادی ژنان، پێوەرێکی ڕاستەقینەی ئاستی شۆڕشگێڕی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە.

بێگومان ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگ و مێژووی بۆ خەباتی جەماوەری خەڵکی ئێران بەدەستهێنا لەوانە:

تێکشکاندنی دیواری ترس و تۆقاندن، کە بۆ ماوەی چەندین دەیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک چەکێکی سەرکوت بەکاردەهێنرا.

بەرجەستەکردنی مافی ژنان و بابەتی لابردنی حیجابی زۆرەملێ وەک تەوەرێکى سەرەکی و نەک لاوەکی لە خەباتی سیاسیدا.

پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوپشتییەکی بێوێنە لە نێوان نەتەوە و چین و توێژە جیاجیاکانی ئێران، لە دژی دوژمنێکی هاوبەش. لەقاودان و ناساندنی ماهیەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بە بیروڕای گشتی جیهان و لاوازکردن و بنکۆڵکردنی هەرچی زیاتری بنەما یاسایی و ئاینییەکانی دەسەڵات و کاڵکردنەوەی پاشەکشە بە داب و نەریتی پیاوسالاریی و کۆنەپەرستانە.

وەڕێخستنی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، لەوانە ناڕەزایەتی کرێکاران، موعەلیمان و خانەنشینان، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەڵسەنگاندنێکی واقیعبینانەدا ناکرێت چاوپۆشی لە خاڵە لاوازییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بکرێت:

نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو و کۆمەڵایەتیسیاسی کە بتوانێت ویست و داواکارییە جۆراوجۆرەکان لە پرۆگرامێکی ڕوون و بەرنامەیەکی بەدیلدا ڕێک بخات. لاوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی: بزووتنەوەکە زۆرجار شێوازێکی خۆڕسک و بێ کۆنتڕۆڵی هەبوو، بەبێ بوونی بونیاد و ڕێکخراوگەلێکی پایەداری وەک ئەنجومەن و شۆڕاکان لە ناوەندەکانی کار و شار و گەڕەکەکان کە بتوانێت بەردەوامی بزووتنەوەکە گەرەنتی بکات.

نەبوونی پێوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان بزووتنەوەی سەرشەقام و بزووتنەوەی کرێکاری بە شێوەیەکی وا کە ببێتە زەمینەسازی مانگرتنێکی گشتی، کە بەم هۆیەوە بەشێکی بەرچاو لە کاریگەرییەکانی خۆی لەدەستدا، لە زومرەی ئەو خاڵە لاوازانە بوون.

سەرکوتی توند و بەردەوامی کۆماری ئیسلامی توانی زۆرێک لە تۆڕەکانی چالاکی خۆڕسک هەڵبوەشێنێتەوە و زیانیان پێ بگەیەنێت.

کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە، لە بەرامبەر دەنگی مافخوازانەی جەماوەردا، تەنیا بریتی بوو لە سەرکوت و توندوتیژی لەوانە: کوشتنی سەدان لاو و ژن و منداڵ لە شەقامەکان، نابیناکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە گوللەی ساچمەیی، دەستگیرکردنی هەزاران کەس، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی هەڵسووڕاوان. ئەمە جارێکی دیکە سەلماندی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووی سروشتییەوە، نەک هەر ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ویست و داواکاری یاسایی و مافخوازانەی خەڵکی ناڕازی بێت، بەڵکوو بە پەنابردنە بەر توندوتیژیی و سەرکوت بەردەوام لە هەوڵی گەرەنتی مانەوەی خۆیدایە.

لە هەمان کاتدا، پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی نەرێنی هەندێک لایەنی سیاسی بکرێت کە هەوڵیان دا خەباتی جەماوەری ناڕازی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە، بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کرێکاران و چین توێژە هەژارەکان لەبەرچاو بگرن.

یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی سەر ڕێگای ئاخێزی ژینا، بریتی بوو لە دەستێوەردانی ئاشکرای ڕەوتە ناسیۆنالیست، ڕاستڕەو و سەڵتەنەتخوازەکان. لەکاتێکدا جەماوەری زەحمەتکێش و ڕادیکاڵ لە شەقامەکاندا قوربانییان دەدا، ئەم ڕەوتانە بە پاڵپشتی میدیا زاڵەکان هەوڵیان دا بزووتنەوەکە بە ئاراستەی هیوابەستن بە دەرەوە و هێزە ئیمپریالیستییەکان بەلاڕێدا ببەن، بەرەو ئاواتێکی خەیاڵیگۆڕانکاری لە دەرەوەوە، بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بخەنە بەردەم کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیدیتوو. ئەوان هەروەها وێڕای ئەوەی نیشانیاندا کە دژی ئیرادەی ڕاستەقینەی جەماوەرن و تەنیا ئامانجیان بریتییە لە پاراستنی بنەماکانی سەرکوت بە ناو و ڕوکارێکی دیکەوە، هەوڵیاندا دروشمەکان لە ناوەڕۆکی خۆیان بەتاڵ بکەن، ئاستی داواکارییە بنەڕەتییەکانی ژنان و کرێکاران کەم بکەنەوە و بزووتنەوەکە بخەنە ژێر سایەی نۆستالژیای سەڵتەنەتی، سەڵتەنەتییەکی کە کارنامەکەی هیچی تر نییە جگە لە هەمان سەرکوت و نایەکسانییە مێژوویی و چینایەتیانە. ئەم شێوە بەرخوردە نابەرپرسیارانە و هەلپەرستانەیە، بووە هۆی لاوازکردنی بەشێکی بەرچاوی وزە و هاوپشتی چینایەتیکۆمەڵایەتی بزووتنەوەکە.

ئێمە ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر هەستیار و دژواردا بەسەر دەبەین: بێکاری بەربڵاو، هەژاری و گرانی، هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر، ئاوارەیی، سەرکوت و زیندان و لەسێدارەدان بەردەوامە و زیانەکانی شەڕ و ملمانێی ناوچەیی قورساییەکی زیاتری خستووەتە سەر شانی خەڵکی هەژار و ستەمدیدەی ئێران و کوردستان. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی نەک هەر وا نەبوو کە بە تەواوی دابمرکێتەوە یان لەبیر بکرێت، بەڵکوو تۆوی خەباتێکی نوێی چاند کە هێشتاش لە شێوەی ناڕەزایەتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و خەباتی ژنان بۆ دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ و گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان هەروا بەردەوامە.

ئاسۆیەکی ڕاستەقینە و ئومێدبەخش، نەک هەر بریتی نییە لە هیوابەستن بە هێزە دەرەکییەکان و بەدیلی پاشایەتی و دیکتاتۆرییەکی نوێ، بەڵکوو بریتییە لە بەهێزکردنی ڕێکخراوە خۆڕسک و سەربەخۆکانی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش لەوانە: پێکهێنانی یەکێتی و شۆڕا کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و موعەلیمان و هەروەها بەیەکەوە گرێدانی خەباتی ڕۆژانەی نان بە پرۆژەیەکی سیاسییەوە بەمەبەستی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و دیموکراتیک. هاوهەنگاوبوون و پشتیوانیی بێدرێغ لە خەباتی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران و کوردستان، تا ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد، بەرابەر و بەدوور لە هەرچەشنە ستەم وچەوسانەوەیەک، ئەرکی سەرشانی سەرجەم هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی چەپ و سۆسیالیستە، ئێرانێکی کە تێیدا ژن، ژیان و ئازادی نەک تەنیا دروشمێک، بەڵکوو ببێتە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net