
لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێران سنووری ۲۳۰ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە. ڕەنگە لە یەکەم نیگادا ئەمە تەنیا ژمارەیەکی ئابووری بێتە بەرچاو، بەڵام بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران مانایەکی زۆر بەرجەستەتری هەیە: سفرهیەکی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە، مووچەیەکی کە ئیتر بەشی تا کۆتایی مانگ ناکات و داهاتوویەکی کە تادێت لێڵتر دەبێت. ئابووریی ئێران لەو ساڵانەی دواییدا پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە زۆر کەس پێی دەڵێن “داڕمانی بەشێن”، واتە داڕمانێک کە کتوپڕ و بە یەک جار ڕوو نادات، بەڵام هەموو ڕۆژێک بەشێک لە توانای ژیانی خەڵک لەناو دەبات.
بۆچی بەهای پارەی نیشتمانی ئەوەندە بە خێرایی دابەزێت؟ وەڵامەکە دەگرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە پێوەندیان بەیەکەوە هەیە. یەکەم، گەمارۆ بەربڵاوەکان و ئابڵۆقەی دەریایی بۆ سەر هەناردەی نەوتی ئێران، واتە سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی دراوی وڵاتیان، بە توندی سنووردار کردووە. هەناردەی نەوت لە ڕێگەی دەریاوە دەکرێ بوترێت بەتەواوی وەستاوە و ئەوەی لە ڕێگەی وشکانی و بە بارهەڵگریش هەناردە دەکرێت، لە باشترین حاڵەتدا دەگاتە نزیکەی ۲۷۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم دابەزینە بەرچاوە بە مانای لەدەستدانی دەیان ملیار دۆلار داهاتە کە دەوڵەت بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی، دەرمان و کەرەستەی خاوی پیشەسازی پێویستی پێیەتی.
دووەم، تۆڕە نافەرمییەکان و ئەو ڕێگە داراییانەی کە ساڵانێکە بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆکان بەکار دەهێنران، ئێستا پڕمەترسیتر و پڕهەزینەتر بوون. ئابڵۆقەی دەریاییش ڕێگە سەرەکییەکانی بازرگانی بەستووە و جێگرتنەوەیان بە ڕێگەی وشکانی و هێڵی ئاسن، بەهۆی توانای کەمتر و خەرجی زۆرتر، ناتوانێت ئەم کەمییە قەرەبوو بکاتەوە. بە شێوەیەکی سروشتیی ئاکامی هەموو ئەمانە ئەوەیە کە هاتنی دراو بۆ وڵات کەم دەبێتەوە، بانکی ناوەندی توانای کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراو لەدەست دەدات و بەهای ڕیاڵ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دادەبەزێت.
سێیەم هۆکار، کە ڕەنگە کەمتر ببینرێت بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر ژیانی ڕۆژانە زۆر ئێجگار قورسە، بریتییە لە کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت. کاتێک داهاتی نەوت کەم دەبێتەوە، دەوڵەت بۆ دابینکردنی خەرجییە بەردەوامەکانی ناچار دەبێت لە بانکی ناوەندی قەرز بکات، واتە بەکردەوە پارە چاپ بکات. چاپکردنی پارەی بێپشتیوانە، نەخدینە زیاد دەکات و زیابوونی نەخدینەش، هەڵاوسان پەرە پێدەدات. بەم هۆیەشەوە کرێکاران و توێژە کەمداهاتەکان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، چونکە خێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان هەمیشە چەند هێندەی خێرایی زیادبوونی ئاستی حەقدەستەکان لە پێشترە.
ئەم دۆخە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە شێوازی زۆر بەرجەستە خۆی نیشان دەدات. هەر کەلوپەلێکی کە کەرەستەی خاو یان بەشێک لە پێداویستییەکانی پێویستی بە هاوردەکردن بێت، بە هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی دۆلار گرانتر دەبێت. کاتێک نرخی دۆلار لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە، واتە خەرجی هاوردەکردنیش بە هەمان ڕێژە چۆتە سەرێ و ئەم زیادبوونە، ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆسەر نرخی کۆتایی کەلوپەلەکان لە دوکانەکاندا. ئاماری فەرمی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بە نزیکەی حەفتا لەسەد دەستنیشان دەکات، بەڵام بۆ کەلوپەلە پێویستەکانی وەک نان، برنج، گوشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ئەو هەڵاوسانە ڕاستەقینەی کە بنەماڵە کەمداهاتەکان ئەزموونی دەکەن گەلێک لەم ژمارەیە بەرزترە.
خاڵی سەرەکی لێرەدایە کە: داهاتی ڕاستەقینەی هر بنەڵەیەک نەک بە ژمارەی حەقدەست، بەڵکوو بە توانای کڕینی دیاری دەکرێت. کاتێک نرخەکان حەفتا لەسەد بەرز دەبنەوە بەڵام حەقدەستەکان تەنیا بیست لەسەد زیاد دەکەن، مانای ئەوەیە کە کرێکارێک یان خانەنشینێک هەموو مانگێک، بەبێ ئەوەی کارەکەی لەدەست بدات، لە مانگی پێشوو هەژارتر دەبێت. زۆرێک لە بنەماڵە سەرەتا خەرجییە ناپێویستەکانی وەک گەشت کردن و جلوبەرگ لادەبەن، بەڵام بە بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە، ناچار دەبن مەسرەفی خواردنە پێویستەکانیش کەم بکەنەوە. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نیشان دەدەن مەسرەفی گوشت، مریشک، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و میوە لە نێو توێژە کەمداهاتەکاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاست لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا.
ئەم قەیرانە تەنیا نرخەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو کار و پیسەی خەڵکیشی کردووەتە ئامانج. کەمبوونەوەی هاوردەکردنی کەرەستەی خاو و ئامێرەکان، زۆرێک لە کارگەکان ناچار دەکات بە توانایەکی کەمەوە بەردەوام بن یان بەتەواوی دایبخەن. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ئاوێتەیەک لە شەڕ و گەمارۆکان زیاتر لە یەک ملیۆن هەلی کاری لەناو بردووە و نزیکەی دوو ملیۆن کەسیشی، بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێکار کردووە.
[9/9/26 12:30 PM] adib arab: چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئەم قەیرانە وەک یەک ئەزموون ناکەن. کرێکارانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان، لە شۆفێران و کرێکارانی بیناسازییەوە بگرە تا فرۆشیاڕان و کارمەندانی ڕێستۆرانەکان، داهاتێکیان هەیە کە ڕاستەوخۆ بە ڕکودی ئابووری دادەبەزێت، چونکە کاتێک خەڵک توانای کڕینیان نەبێت، خواست لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەش کەم دەبێتەوە. ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە لەم نێوەندەدا زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، چونکە هم بە شێوەیەکی ئاسایی داهاتیان کەمترە و هم دەبێت بە تەنیایی خەرجییەکانی بنەماڵە بەڕێوە ببەن. خانەنشینانیش لە دۆخێکی هاوشێوەدان، مووچەی خانەنشینی لە باشترین حاڵەتدا لەگەڵ هەڵاوسانی نزیکەی حەفتا لەسەد ناگونجێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خانەنشینانی ئەمڕۆ ببنە یەکێک لە هەژارترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران.
توێژی مامناوەندی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام هەژارتر بوون و داڕمانی بەهای ڕیاڵ ئەم ڕەوتەی خێراتر کردووە، بەشێکی زۆر لەو بنەماڵانەی کە تا چەند ساڵ لەوەپێش خۆیان بە توێژی مامناوەند دەزانی، ئێستا کەوتوونەتە ڕیزی توێژە کەمداهاتەکانەوە. بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە زۆر ئەولاترە لە ژمارە و پێوەرە ئابوورییەکان. زیادبوونی کۆچی گەنجان و هێزە پسپۆڕەکان، پەرەسەندنی هەژاریی شارنشینی و پەراوێزنشینی، بەرزبوونەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و کاری منداڵان، و هەروەها بێئومێدی و سەرلێشێواوی نەوەی گەنج، هەموویان ڕوویەکی دیکەی ئەم داڕمانە دراوییەن.
داڕمانی بەهای ڕیاڵ تا ئاستی ۲۳۰ هەزار تمەن بۆ هر دۆلارێک، لە ڕاستیدا بە مانای داڕمانی توانای کۆمەڵگەیە بۆ درێژەدا بە ژیانێکی ئاسایی و بە مانای داڕمانی کوالێتی ژیانی ملیۆنان کرێکار، زەحمەتکێش و مرۆڤی کەمداهاتە لە ئێران. گەمارۆکان، ئابڵۆقەی دەریایی، کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی و هەڵاوسان، دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و توانای تەحەمولی خەڵکیان گەیاندووەتە ئاستی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە دەرئەنجامەکەی نادیارە.