هەشتی سێپتامبر، شەستەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی خوێندەواری: سێبەری قورسی نەخوێندەواری بەسەر ئێران و ئەفغانستانەوە

هەشتی سێپتامبری هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی خوێندەواری دەناسرێت، ڕۆژێکی کە حکومەتەکان، ڕێکخراوە کلتوورییەکان، دامەزراوەکانی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ و کەسایەتییە سەربەخۆ کلتوورییەکان لە سەرانسەری جیهان ئاوڕی لێ دەدەنەوە. ئەم ڕۆژە بۆ یەکەمجار لە چواردەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی یوونسکۆ لە ساڵی ۱۹۶۶ چووە ناو ڕۆژژمێری جیهانییەوە و ئەمساڵ شەستەمین ساڵیادی ڕێزی لێ دەگیرێت. بەڵام ئەم ساڵیادە، سەرباری شەش دەیە هەوڵی نێودەوڵەتی، ڕاستییەکی تاڵی لەگەڵدایە: بەپێی ئامارەکانی یوونسکۆ، لەم ساڵەدا لە هەر دە منداڵ لە جیهاندا چواریان دەستیان بە بەلانیکەمی ئاستی لێهاتوویی خوێندن ڕاناگات و تەنیا ساڵێک پێش ئەوەش، لە ساڵی ۲۰۲۳دا، نزیکەی ۲۷۲ ملیۆن منداڵ و تازەلاو لە خوێندن بێبەش بوون.

بەپێی ئامارەکانی یوونسکۆ، نزیکەی ۸۰۰ ملیۆن کەس لە جیهاندا نەخوێندەوارن، ئامارێکی کە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە خوێندنەوە و نووسین بێبەشن. بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا، بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنیش دەبێت لە چەمکی نەخوێندەواریدا جێگەی بۆ بکرێتەوە، و لەبەر ئەوە ئاماری ڕاستەقینەی نەخوێندەواری زۆر لە ئاماری فەرمی زیاترە. یوونسکۆ خەمڵاندوویەتی کە ساڵانە، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پەروەردەیی پێویستەوە، لە نێوان ۳۰ تا ۵۰ ملیۆن کەس دەچنە ڕیزی نەخوێندەوارانی جیهانەوە، و لە هەمان کاتدا نزیکەی ۸۰ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا تەنانەت دەستیان بە پەروەردەی سەرەتاییش ڕاناگات.

لە ئەفغانستانی ساڵی ۲۰۲۶دا، دەرگای خوێندنگە ئامادەیی و زانکۆکان هێشتا بە ڕووی کچان و ژناندا داخراوە. ئەنجامی ئەم سیاسەتە، لە پاڵ دەیان ساڵ شەڕ و هەژاریدا، دۆخێکە کە تێیدا تەنیا کەمێک زیاتر لە ۳۷٪ی دانیشتووانی ئەم وڵاتە بە خوێندەوار هەژمار دەکرێن. بێبەشکردنی سیستماتیکی نیوەی دانیشتووان لە مافی خوێندن، ئەفغانستانی کردووەتە یەکێک لە ئاشکراترین نموونەکانی سەرکوتکردنی پەروەردەیی لە جیهانی ئەمڕۆدا، نموونەیەکی کە جارێکی دیکە نیشانی دەداتەوە کە نەخوێندەواری لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، پێش ئەوەی پرسێکی ئابووری یان ژێرخانی بێت، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی حکومەتە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا دۆخەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نزیکەی ۲۸ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵات نەخوێندەوارن، ئامارێکی کە ئێران لە نێو ۱۷۸ وڵاتی جیهاندا دەخاتە پلەی سەد و بیستەمەوە. بەڵام تەنانەت ئەم ئامارە فەرمییە دەربڕی ئاستی ڕاستەقینەی نەخوێندەواری لە وڵاتدا نییە، چونکە پێناسەی فەرمییخوێندەوارلە ئێران زۆر ئاست نزمە: بەپێی پێوەرەکانی ناوەندی ئامار، هەرکەسێک بتوانیت دەقێکی سادە بە زمانی فارسی بخوێنێتەوە یان بنووسێت، بە خوێندەوار هەژمار دەکرێت، ئاستێکی کە یەکسانە بە کۆتایی پۆلی یەکەمی سەرەتایی. لە کاتێکدا لە جیهانی ئەمڕۆدا، خوێندەواریی ڕاستەقینە بە مانای توانای کەڵکوەرگرتن لە زانستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان، لێهاتوویی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و بە هاتنی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە، نەبوونی کەمترین لێهاتوویی لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانەشدا دەبێت وەک یەکێک لە نموونەکانی نەخوێندەواری بناسرێت.

ئاماری نەخوێندەواری لە ئێران بە شێوەیەکی یەکسان لە نێو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگادا دابەش نەبووە. ژمارەی نەخوێندەواران لە نێو کرێکاران و توێژە بێبەشەکاندا بە ڕادەیەکی بەرچاو لە توێژەکانی دیکە زیاترە، نەخوێندەواری لە نێو ژناندا دوو هێندەی پیاوانە، و زۆربەی هەرە زۆری نەخوێندەواران لە گوندەکاندا دەژین. ئەم ئامارە هەروەها لە پاڵ کارەساتێکی دیکەدایە: لە نێوان ۲۰ ملیۆن منداڵی شایستەی خوێندن لە ئێران، تەنیا ۱۲ ملیۆن کەسیان دەتوانن بچنە قوتابخانە.

لە نێوان پارێزگا جیاوازەکانی ئێراندا، پارێزگا کوردنشینەکان بەرزترین ئاماری نەخوێندەوارییان هەیە لە پاڵ پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا. ئەم دۆخە بەڕێکەوت نییە: منداڵانی کورد، بەپێچەوانەی ئەسڵی دانپێنراوی مافی خوێندن بە زمانی دایک، لە هەمان سەرەتای خوێندنەوە ناچارن لە سیستەمێکدا بخوێنن کە زمان و کلتوورەکەیان پشتگوێ دەخات. ئەم بێبەشبوونە زمانییە، لە پاڵ گەشەنەسەندنی ئابووریی درێژماوەی ناوچە کوردنشینەکان و سیاسەتە ئەمنیسەربازییەکانی زاڵ بەسەر ئەم ناوچانەدا، بووەتە یەکێک لە ڕیشەییترین شێوازەکانی نایەکسانیی پەروەردەیی لە ئێراندا. بەم شێوەیە، کوردستان نە تەنیا لە پاڵ سیستان و بەلووچستان، بەڵکوو وەک هێمایەک لە سیاسەتی هەڵاواردنی پێکهاتەیی دژ بە ناوچە نەتەوەیی و ئایینییە بێبەشەکان، لە سەرەوەی ئاماری نەخوێندەواریی وڵاتدا جێگەی گرتووە.

کۆماری ئیسلامی، سەرباری ئەوەی وا نیشان دەدات کە گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەی نەخوێندەواری دەدات، بەڵام هەرگیز پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی لەم بوارەدا پێشکەش نەکردووە. هۆکاری ئەم شکستە دەبێت لە کارە لەپێشینە ڕاستەقینەکانی ڕژێمدا بۆی بگەڕێین: گەورەترین بەشی بودجەی ساڵانەی وڵات تەرخان دەکرێت بۆ چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکان و هەروەها دەزگاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی خورافات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا بازاڕی گەندەڵی و تاڵانی دارایی و ئیداری لە ئارادایە. لە دەسەڵاتێکی وەهادا، پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی خوێندەواریی کە لە ماوەی چەندین ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراون، نەیانتوانیوە بگەنە ئنجامێکی بەردەوام، ئەنجامێکی کە ئەمڕۆ خۆی لە هەمان ئاماری فەرمیی ۲۸ ملیۆن نەخوێندەواردا بەڕوونی نیشان دەدات.

کێشەی منداڵان، گەنجان و گەورەساڵانی ئێران، تەنیا نەخوێندەواری یان کەمخوێندەواری بە مانای ڕاستەقینەی وشە نییە. کۆماری ئیسلامی، بەدەر لە ئاماری نەخوێندەواری، کوالێتیی پەروەردەشی بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر دابەزاندووە. ئەو منداڵانەی لە خوێندن دادەبڕێن، ڕەوانەی بازاڕێکی بێبەزەیی کار دەکرێن کە تێیدا بەشێکی زۆریان ئیتر هەرگیز دەرفەتی خوێندن و خوێندەوارییان دەست ناکەوێت. لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ڕژێم بۆ ئەو بەشە لە قوتابیانی کە لە سیستەمی پەروەردەدا دەمێننەوە، سیاسەتێکی ئاگایانە پەیڕەو دەکەن، لەوانە: هەوڵدان بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی خورافاتی، خاوەن کەسایەتییەکی لاواز و ناسەربەخۆ و گوێڕایەڵ. دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە، کەسانێک بە ناویپەروەردەکار” (موڕەبی پرورشی)، کە زۆربەیان ئاخوند یان خاوەنی پەروەردەی ئایینین، ڕەوانەی قوتابخانەکان دەکەن تا لە پەیوەندییەکی تاکی و ڕاستەوخۆدا لەگەڵ قوتابیان، بەرەو خورافەگەری ئاڕاستەیان بکەن. ئەم ڕەوتە بە گوشار و پێدانی ئیمتیاز بۆ بە ئەندامبوونی منداڵان و تازەلاوان لە ڕێکخراوی بەسیجی سپای پاسداران، و هەروەها جیاکردنەوەی ڕەگەزیی کچان و کوڕان لە قوتابخانەکاندا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەرفەتی هاوفکری و هاوکاری لە نێوانیاندا، تەواو دەکرێت.

ئەوەی کە لە ئامار و ڕاستییەکانی سەرەوەدا دەردەکەوێت، وێنەیەکی ڕوونە لە پەیوەندیی نێوان نەخوێندەواری و پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران و ئەفغانستان. لە ئەفغانستان، بێبەشکردنی نیوەی دانیشتووان لە مافی خوێندن، سیاسەتێکی ئاشکرا و ڕاگەیەندراوی حکومەتە. لە ئێران، نەخوێندەواری بەرهەمی هەڵبژاردنی ئاگایانەی ڕژێمێکە کە سەرچاوەکانی وڵات لە بڕی وەبەرهێنان لە پەروەردەدا، لەپێناو مانەوەی ئەمنی و ئایدۆلۆژیی خۆیدا خەرج دەکات، ڕژێمێکی کە منداڵانی کوردستان لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەش دەکات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات مێشکی ئەو قوتابیانەش کە لە سیستەمی پەروەردەدا ماون، بە خورافات و گوێڕایەڵی شکڵ پێبدات. لە ئاوا دۆخێکدا، خەبات دژ بە نەخوێندەواری و سەرجەم دەرد و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێران، بەبێ خەبات لەدژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە ئاکام گەیشتنی مەحاڵە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net