
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئاڵۆزیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ( هەر لەو پەیوەندییەشدا، ئیسرائیل) ئەوەیە کە هیچ کام لە لایەنەکان ستراتیژییەکی ڕوون و پێشبینیکراویان نییە. بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی کە شەڕ و پێکدادانەکان بە ئاکامی بەرنامەی ورد و پێشوەختە داڕێژراو دەزانێت، بەڵگەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەریدەخەن کە هەردوولا لە دۆخێکدا گیریان خواردووە کە تێیدا نە شەڕێکی سەرانسەری و هەمەلایەنە گونجاوە و نە ئاشتییەکی بەردەوام، هەر ئەم دۆخە نادیارەش خۆی لەخۆیدا بووەتە سەرچاوەی مەترسی. تێگەیشتن لەم ناڕوونییە بۆ کۆمەڵگەیەکی کە باجی شەڕ دەدات، زۆر گرنگە.
کۆماری ئیسلامی لە دوو دەیەی ڕابردوودا ستراتیژیی خۆی لەسەر سێ پایە بونیات نابوو: گەشەپێدانی هەژموونی ناوچەیی لە ڕێگەی هێزە هاوپەیمانەکانییەوە، پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمی وەک ئامرازی پێشگیرانە و دانوستان، و هەروەها ئاراستەکردنی ئاڵۆزییەکان لە ئاستێکی نزمدا بۆ ڕێگری لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ. ئەمڕۆ هەر سێ پایەکە لەگەڵ شکستی جددی بەرەوڕوو بوونەتەوە.
ئەو زەبرانەی بەر تۆڕی هێزە هاوپەیمانەکانی کەوتووە لە ناوچەکەدا، ڕووخانی بەشار ئەسەد و گۆڕانی هاوسەنگی لە سوریا، دەرکەوتنی لاوازیی سیستمەکانی بەرگری و توانای هەواڵگری، و هەروەها ئاشکرابوونی بێتوانایی لە بەرامبەر ئۆپراسیۆنە ئامانجدارەکاندا کە بووە هۆی کوژرانی دوو ئاست لە دەستەی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی، ئەو گریمانەیەی بەر بەستکاریی یان پێشگیرییەی لاواز کردووە. ئەو سیاسەتەی لەسەر “شەڕ لە دوورتر لە سنوورەکان” بونیات نرابوو، بە کردەوە شەڕەکەی کێشایە نزیک ناوەندە سەرەکییەکانی وڵات.
بەڵام کێشە سەرەکییەکە، سروشتی ناوخۆییە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بچێتە شەڕێکی درێژخایەنەوە، چونکە پاڵپشتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێویستی نییە بۆ شەڕێکی لەو شێوەیە. ئابوورییەک کە لەگەڵ کێشەی هەڵاوسانی درێژخایەن، کورتهێنانی بودجە، داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی، قەیرانی وزە و ئاو، و هەروەها لاوازبوونی ژێرخانەکان بەرەوڕووە، توانای تەحەمولی شەڕێکی درێژخایەنی نییە. گرنگتر لەوەش، کۆمەڵگەیەکی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا، لە بەفرانباری ٩٦ و ئابانی ٩٨ەوە تا خیزشی “ژن، ژیان، ئازادی” و تا کوشتاری بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، نەفرەت و بێزاریی خۆی لە دەسەڵات نیشانداوە، پشتی جبهەیەکی متمانەپێکراوی بۆ حکومت نەهێشتووەتەوە. حکومت دەزانێت کە درێژەکێشانی شەڕ دەکرێت لە بڕی دروستکردنی تەبایی و یەکگرتوویی نیشتمانی، کەلێن و ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، سازشی ڕاستەقینەش بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر بەناچاری و پڕتێچووە. پاشەکشەی ئاشکرا لە دۆسیەی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی، بە مانای وەلانانی ئەو ڕەگەزانەیە کە بەشێک لە پێناسی ئایدۆلۆژی و لۆژیکی مانەوەی دەسەڵاتیان پێوە بەستراوەتەوە. مێژووی ٤٧ ساڵی ڕابردوو دەریدەخات کە قەیرانسازی بەردەوام ئامرازێک بووە بۆ مانەوەی ڕژێم. پاساوی سەرکوتی ناوخۆیی، ئەمنییەتیکردنی فەزا و سەرکوتی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەموویان بەستراونەتەوە بە فەزای ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا. نەهێشتنی ڕەواندنەوەی سەرجەم ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا، حکومت لەگەڵ ئەم پرسیارە ناوخۆییە بێوەڵامانە ڕووبەڕوو دەکاتەوە کە ئەگەر سزاکان نەبن، کێ بەرپرسە لە هەژاری و ناکارامەیی؟
ئەنجامی ئەم دۆخە، گرتنەبەری سیاسەتێکە لەسەر دۆخی تاکتیکی “نە شەڕ، نە ڕێککەوتن“، کڕینی کات و دانوستانی پڕ لە ئاڵۆزی و بێئەنجام. سیاسەتێکی لەم شێوەیە نە ستراتیژییە و نە بەردەوام، زیاتر لەو پەندە دەچێت کە دەڵێت “لەم ستوونەوە بۆ ئەو ستوون فەرەجە“، واتە بەڕێوەبردنی پراگماتیستیانەی قەیرانی ڕۆژانە بۆ مانەوە.
لە لایەکەی ترەوە، ئەمریکا لەگەڵ جۆرێکی تر لە ناڕوونیی ڕووبەڕووە. توانای سەربازی و ئابووریی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا بەراورد ناکرێت، بەڵام باڵادەستیی ئامرازەکان بە مانای بوونی ستراتیژییەکی ڕوون نییە. ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە حکومەتی ئەمریکا سێ دەیەیە وەڵامێکی ڕوونی بۆی نییە ئەوەیە کە: ئامانجی کۆتایی چییە؟ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی؟ گۆڕینی ڕەفتار؟ یاخود گۆڕینی ڕژێم؟
هەر یەک لەم ئامانجانە، ئامراز و تێچووی جیاوازیان دەوێت و لە نێوانیاندا دژوازی هەیە. سیاسەتی “زۆرترین گوشار” ئابووریی ئێرانی لاواز کرد، بەڵام بەرنامەی ئەتۆمیی ڕانەگرت و هەژموونی ناوچەیی لەناو نەبرد. هێرشە سەربازییە سنووردارەکان دەتوانن زیان بە دامەزراوەکان بگەیەنن، بەڵام زانستی تەکنیکی و پاڵنەرەکە لەناو نابەن، تەنانەت ڕەنگە حکومت هان بدات بۆ بڕیاردان لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چەکی بەربەستکار (ئەتۆمی). شەڕی بەربڵاویش بۆ ئەمریکا کابوسێکە کە لە عێراق و ئەفغانستان بریتی بوو لە ئەزموونێکی پڕ تێچووی سەرسوڕهێنەر، ناسەقامگیری ناوچەیی و قەیرانی وزەی جیهانی کە ئەنجامەکانیشی نادیارن.
سەرباری ئەمەش، ئاستەنگە ناوخۆییەکانیش ڕۆڵی بڕیاردەر دەگێڕن. ڕای گشتیی ئەمریکا لە شەڕە درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێزار بووە. ئەولەوییەتی ستراتیژیی ئەمریکا، چ لەگەڵ ترامپ بێت یان بێ ترامپ، تەرکیزە لەسەر کێبڕکێ لەگەڵ چین و کۆنتڕۆڵ کردنی قەیرانی ئورووپا و ڕووسیا. لە ئەنجامدا، ئەمریکا تێکەڵەیەک لە سزا، ئۆپراسیۆنی سنووردار، دیپلۆماسی و هەڕەشەی زارەکی بەکاردێنێت. تێکەڵەیەکی کە نە دەتوانێت کۆماری ئیسلامی له پێ بخات و نە خۆدی ئەمریکاش بگەیەنێتە ئامانجێکی ڕوون.
هۆکارێکی تری کە ئەو ناڕوونییە قووڵتر دەکاتەوە، جیاوازیی ئامانج و مەبەستەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ ئەمریکا. ئیسرائیل مەترسیی ئەتۆمیی ئێران بە بابەتی بوونی خۆی دەزانێت و ئامادەیە هەندێک ڕیسک قبووڵ بکات کە ئەمریکا ئامادە نییە. ئەم ناهاوئاهەنگییەی نێوان ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان زیاد دەکات: ئۆپراسیۆنێکی سنووردار لەلایەن یەکێک لە لایەنەکانەوە دەتوانێت زنجیرەیەک پەرچەکردار بخوڵقێنێت کە لە چاوەڕوانی هیچ کام لە لایەنەکاندا نەبێت.
ئەم دۆخە تەمومژاوییە بۆ خەڵکی ئێران، سێ دەرئەنجامی دیاری هەیە:
• یەکەم: بەردەوامیی هەژاریی گشتی و ناسەقامگیری ئابووری. وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و برنامەڕێژیی درێژخایەن لە سایەی ئەگەری شەڕدا ئەستەمە. نرخی دراو، هەڵاوسان و نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان بەرامبەر بە هەر هەواڵ و هەڕەشەیەک پەرچەکردار نیشان دەدەن و گوشارەکەی دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران، خانەنشینان و توێژە کەمدرامەتەکان.
• دووەم: بەهێزبوونی ئەمنییەتیکردنی فەزای ناوخۆیی. حکومت لە دۆخی شەڕ یان نیمچەشەڕ کەڵکوەرگرێت بۆ پەرەپێدانی سەرکوت، دەستبەسەرکردنی چالاکوانان، سنووردارکردنی ئینتەرنێت و بەرتەسککردنەوەی فەزای ناڕەزایەتی.
• سێیەم: مەترسیی داڕمانی ڕژێم لە حاڵێکدا کە هیچ ئاڵتەرناتیڤێکی جێگرەوەی بوونی نەبێت، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ئێران ببێتە مەیدانی تەڕاتێنی لایەنە شەڕخوازەکان. نموونەکانی لیبیا، عێراق و ئەفغانستان شایەتحاڵی زیندووی مەترسییەکی لەو شێوەیەن.
بەڵام ناکرێت ناڕوونی ستراتیژیی هەردوولا وا لێکبدرێتەوە کە مەترسیی شەڕ ڕەواوەتەوە، بەپێچەوانەوە، نەبوونی ستراتیژیی ڕوون ئەگەری لێکدانەوەی هەڵە بەرز دەکاتەوە. بەڵام ئەنجامە گرنگترەکە ئەوەیە کە هیچ کام لەم دوو جەمسەرە، هەڵگری چارەسەرێک نین بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی خەڵکی ئێران. کۆماری ئیسلامی نە توانای دابینکردنی ئەمنییەت و گوزەرانی هەیە و نە ئیرادەی کرانەوەی فەزای سیاسی، و هێزە دەرەکییەکانیش، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، نە بەتەمای جێگیرکردنی دیموکراسین لە ئێران و نە تێچووی مرۆییش کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانیان دادەنێت.
لە ئاوا دۆخێکدا، تەنیا هێزێکی کە بتوانێت بەرگری لە کۆمەڵگە بکات لە بەرامبەر هەردوو مەترسییەکەدا، هەم ستەم و سەرەڕۆیی ناوخۆیی و هەم سەرکێشیی نیزامیی، خۆدی جەماوەر و ڕێکخراوە سەربەخۆکانیانن: بزووتنەوەی کرێکاری، موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران، و دامەزراوە مەدەنییەکان. دژایەتیکردنی هاوکات لەگەڵ شەڕ و ستەم و سەرەڕۆیی، لێکهەڵپێکانی داواکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ خواستی ئازادی، و بەهێزکردنی ڕێکخستن لە خوارەوە، لە زومرەی پێکهاتەکانی هەمان ئەو “ڕێگای سێیەمەن” کە تەنیا ڕێگەیەکی ڕوونە لەبەردەم جەماوەردا ماوەتەوە.