کۆبەندی ڕووداوێکی سیاسی، مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان

چوارشەممە ۲۵ی خەرمانان، کوردستان جارێکی تر بووەوە مەیدانی درەوشانەوەی ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ، ئیرادەیەکی کە بە داخرانی بازاڕ و ناوەندەکانی کار، چۆڵبوونی شەقامەکان و وەستانی هۆشیارانەی ژیانی ڕۆژانە، پەیامی خۆی بە ڕوونی گەیاند. چوار ساڵ دوای ئەو ڕۆژەی کە ژینا ئەمینی، کیژۆڵەیەکی گەنجی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بووە قوربانیی توندوتیژیی ڕێکخراوی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، ناوی ئەو هێشتا زیندوو و کاریگەرە. ژینا ناوێکە کە بە یادەوەریی ملیۆنان مرۆڤەوە گرێدراوە و بووەتە هێمای خۆڕاگریی لە بەرامبەر سووکایەتی، هەڵاواردن، ستەم و زۆرداری و بێمافیدا. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، ئەو ساتەوەختە بوو کە خەم و ماتەمینی تاکەکەسی بوو بە تووڕەیی گشتی و تووڕەیی گشتیش بوو بە بزووتنەوەیەکی سەراسەری. دروشمیژن، ژیان، ئازادیلە جەرگەی کوردستانەوە سەری هەڵدا، بوو بە زمانی هاوبەشی کۆمەڵانی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و دەنگدانەوەکەی سنوورە جوغرافیاییەکانی بەزاند.

کۆمەڵگەی کوردستان نیشانی دا کە شۆڕشی ژینا نە تەنیا لە قۆناغێکی کورتخایەنی حزوور لەسەر شەقامەکاندا سنووردار مایەوە و نە لە ژێر گوشاری زیندان، سێدارە، هەڕەشە و سەرکوتدا فەرامۆش بووە. شێوازەکانی خەبات ڕەنگە بگۆڕێن، بەڵام خواستی ئازادی و ناڕەزایەتی لە نەزمی هەبوو هێشتاش لە قووڵایی کۆمەڵگەدا لە ئارادایە. بازاڕی داخراو و شەقامی چۆڵ، لە ڕۆژێکی وەهادا، نیشانەی پاسیڤ بوون و بێهەڵوێستی نییە، بەپێچەوانەوە، دەربڕینێکی سیاسیی هۆشیارانەی جەماوەرێکە کە بڕیاریان داوە بە زمانی بەکۆمەڵی خۆیان بدوێن.

مانگرتنی گشتی لە کوردستان خاوەنی پێشینەیەکی دوورودرێژ و پڕمانایە. خەڵکی ئەم ناوچەیە لە خاڵە وەرچەرخانە جۆراوجۆرە مێژووییەکاندا، گەلێک جار ئەم شێوازەیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، هاوپشتی لەگەڵ گیانبەختکردووان و خۆڕاگریی لەبەرامبەر سیاستە سەرکوتگەرەکاندا بەکار هێناوە. ئەم ئەزموونە نیشانی داوە کە مانگرتن، کاتێک لەسەر بنەمای متمانە بەیەکتر، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و ناسینی دروستی بارودۆخەکە بێت، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ نیشاندانی هێزی جەماوەر. هر دووکانێکی داخراو، هەر کارگەیەکی خامۆش و هەر شارێکی نیمچەداخراو، بەشێکن لە بەیاننامەیەک کە نووسەرەکانی خۆدی خەڵکن.

گرنگی مانگرتنی ۲۵ی خەرمانان، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دژواری ئابووری و ئەمنیی ئێستا، دوو هێندەیە. لەم ساڵانەی ڕابردوودا، گرانیی هەوسارپچڕاو، بێکاری، داڕمانی توانای کڕین، قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوون، بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پەرەسەندنی هەژاری، ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی خستووەتە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕوکێن. لە کوردستانیش، هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی تری ئێران، ئەم گوشارانە لەگەڵ هەڵاواردنی دامەزراوەیی، گەشەنەسەندنی سەپێنراو و ئاستەنگە سیاسی و کلتورییەکاندا ئاوێتە بوون. لە ئاوا بارودۆخێکدا، مانگرتن تەنها بزاڤێکی هێمایی نییە، بەڵکوو ناڕەزایەتییە بە شەرایتێک کە تێیدا زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بۆ ژیانێکی شایستە بێبەشن.

کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم قەیرانە گشتگیرە دا، نە بەرنامەیەکی بۆ باشترکردنی بژێویی خەڵک خستووەتەڕوو و نە ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ کەمکردنەوەی سەرکوت و پەرەپێدانی ئازادییە سیاسییەکان بەڕووی خەڵکدا کردۆتەوە. وەڵامی دەسەڵات بۆ ناڕەزایەتیی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و بنەماڵە دادخوازەکان، هەر وەک هەمیشە بریتی بووە لە ئەمنییەتی کردنی کەشوهەوا، دەستبەسەرکردن، پەروەندەسازی، هەڕەشە و سەرکوت. ئەم ڕاستییە، پتر لە هەر کاتێکی دیکە ئەوە ئاشکرا دەکات کە هەژاری و ستەم و سەرەڕۆیی، دوو بابەتی لێکجیاواز نین. دەسەڵاتێکی کە مافی ڕێکخستن، ناڕەزایەتی و ئازادی ڕادەربڕین لە خەڵک زەوت دەکات، هاوکات ڕێگەی دیفاعی ڕێکخراوی ئەوان لە نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون و خۆشگوزەرانیش دەبەستێت.

لەمڕووەوە، مانگرتنی گشتیی ۲۵ی خەرمانان دەبێت بە پیوەندییەک لە نێوان دادخوازی و داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دابنرێت. ئەم بزاڤە وەبیرهێنەرەوەی ئەوەیە کەژیانلە دروشمیژن، ژیان، ئازادیدا تەنها بە مانای زیندومانەوە نییە، ژیان واتە بەهرەمەندبوون لە ئەمنییەت، کار، نان، پەروەردە، درمان، شوێنی نیشتەجێبوون، ژینگەیەکی تەندروست و مافی هەڵبژاردن. ئازادیش تەنها وشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو مەرجێکی پێویستە بۆ دەستڕاگەیشتنی خەڵک بەم مافە بنەڕەتییانە. کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا ژنان لە مافی هەڵبژاردنی پۆشاک بێبەشن، کرێکاران لە مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ، نەتەوە ژێردەستەکان لە مافی یەکسان، و هاوڵاتیان لە مافی ناڕەزایەتی و ڕەخنە لە دەسەڵات، ناتوانێت ژیانێکی شایستە بۆخۆی مسۆگەر بکات.

ئەم مانگرتنە هەروەها وەڵامێک بوو بەو هەوڵانەی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەمەبەستی پەرەپێدانی ترس، بێهیوایی و پرشوبڵاویی لە کۆمەڵگەدا، درابوون. دەزگای سەرکوت بەردەوام هەوڵ دەدات خەڵک بێنێتە سەر ئەو بڕوایەی کە ناڕەزایەتی بێسوودە، کۆمەڵگە بێتوانایە و هیچ ڕێگەیەکی جگە لە تەسلیمبوون لەبەردەمدا نییە. بەڵام مانگرتنی سەرکەوتوو، ئەم ئیدیعایە دەباتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک هەزاران کاسبکار، کرێکار، هاوڵاتی و بنەماڵە، هاوکات و بە بڕیارێکی هاوبەش بەشداری لە بزاڤێکی مەدەنیدا دەکەن، نیشانی دەدەن کە کۆمەڵگە هێشتا توانای ڕێکخستن و نیشاندانی ئیرادەی خۆی هەیە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، بژاردەی مانگرتنی گشتی وەک شێوازی ناڕەزایەتی بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، بژاردەیەکی هۆشیارانە و سیاسییە. ئەم بژاردەیە نیشانی دەدات کە ڕێگەی پێشڕەویی جەماوەر لە ئاڕاستەی پشتبەستن بە هێزی خۆیان، هاوپشتی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستن لە خوارەوە و لێک هەڵپێکانی ویست و داواکارییە جۆراوجۆرەکاندا تێدەپەڕێت. ئەمە وانەیەکە کە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان لە خەباتی چەند دەیەی خۆیان و هەروەها ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکەوە کە لە نێوان چەندین هێزی کۆنەپەرستی ناوخۆیی و دەرەکیدا گرفتار بوون، وەریانگرتووە. لەمڕووەوە، مانای سیاسیی ئەم مانگرتنە لەم قۆناغەدا زۆر قووڵ و وانەبەخشە. ئەزموونی مانگرتنەکانی پێشوو لە کوردستان و ڕووداوەکانی مانگەکانی ڕابردووش نیشانیانداوە کە کۆمەڵگە توانای ناسین و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و هەڵبژاردنی شێوازی گونجاوی خەباتی هەیە، دەزانێت لە کوێدا بوەستێت، چۆن تێچووەکان کەم بکاتەوە و چۆن ئیرادەی جەماوەری بکات بە هێزێکی کاریگەر.

شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیلەم چوار ساڵەدا، تەنیا لە شکڵی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامدا نەماوەتەوە. ئەم شۆڕشە لە زمانی خەڵکدا، لە هونەر و ئەدەبیاتدا، لە پەیوەندییەکانی بنەماڵەدا، لە بوێریی ژنان بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، لە داواکاریی گەنجان و لە پەرەپێدانی فەرهەنگی دادخوازیدا بەردەوام بووە. کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان دوای ژینا، کۆمەڵگەی پێش ژینا نییە. دیواری ترس درزی بردووە، پرسیار لە مەشروعیەتی دەسەڵات گشتگیرتر بووە و نەوەیەکی نوێ لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی پێیان ناوەتە مەیدانەوە.

مانگرتنی گشتیی ۲۵ی خەرمانان، ڕێزلێنان بوو لە ژینا و سەرجەم گیانبەختکراوانی ڕێگەی ئازادی، بەڵام زیاتر لەوەش، نوێکردنەوەی پەیمان بوو لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە ئەوان لە پێناویدا خۆڕاگرییان کرد. ئەم ڕۆژە نیشانی دا کە یادەوەری بەکۆمەڵی جەماوەر زیندووە، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی هێشتاش توانای ئافراندنی هەیە و ڕێگەی ئازادی، ئەگەرچی سەخت و پر تێچووە، بەڵام هەروا کراوەیە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net