بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوو برای خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی “ئەمیرعەلی و عیماد زاکری فەرد” لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری ئیلامەوە سزای قورسیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دەستبەسەر کرابوون و جارێکی دیکەش لە مانگی پووشپەڕدا گیرانەوە. دادگا ئەمیرعەلی زاکری فەردی بە ٣٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، ٦ ملیارد و ٣٥٠ ملیۆن تمەن بژاردن و ٧٠ قامچی مەحکووم کردووە؛ هەروەها براکەی، عیماد زاکری فەرد، بە ٣٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و هەمان بڕە سزای نەختی و قامچی مەحکووم کراوە و ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون.
تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی دادگا دژی ئەم دوو برایە بریتین لە: «تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی، سووکایەتی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات، سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، و ڕاگرتنی چەک و تەقەمەنی».
سەپاندنی سزای قورس بەسەر دوو هاووڵاتی لە ئیلام


