ڕاپۆرتێک لەسەر برینداربوونی ٣ کۆڵبەر کە یەکیان منداڵە، لە سنووری بانە
14:25 – 2 February 2024
هەنگاو: هەینی، ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٣ کۆڵبەر کە یەکیان منداڵە بە ناوی ماردین ئەمینی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سینا ئەحمەدی تەمەن، ٢٣ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و محەممەد ڕەشیدی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی جەنیوەری)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی ماردین ئەمینی و خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەو سنوورە، قاچی بەسەختی بریندار بوو.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٣٤ (جەنیوەری)، لانی کەم ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.