چالاكی ئازادیخوازانی تاران دژبه‌ سزای ئێعدام

ماڵپه‌ڕی په‌یام

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٨ی ڕێبه‌ندان، كۆمه‌ڵێك له‌ ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی تاران به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ پاركه‌كانی تاران و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی  پلاكارد، دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ سزای ئێعدام نیشان دا.

به‌شداربووانی ئه‌و چالاكییه‌ وێڕای ئاماژه‌پێدان به‌ ئێعدامه‌كانی كوردستان، تۆركه‌مه‌ن سه‌حرا، خووزستان، به‌لووچستان و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران، ڕایانگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ سزای ئێعدام وه‌كوو ئامرازێك بۆ سه‌ركوتی ناڕازیان كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌. كۆماری ئیسلامی هه‌روه‌ها له‌ ئه‌شكه‌نجه و له‌سێداره‌دانی به‌هاییه‌كان، ڕووناكبیران، كۆمه‌ڵكوژكردنی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ده‌یه‌ی شه‌ست، ئێعدامی به‌ كۆمه‌ڵی به‌ندكراوان له‌ ساڵی ٦٧، قه‌تڵی زه‌نجیره‌یی چالاكانی سیاسی، كۆمه‌ڵكوژكردنی ناڕازیان له‌ ساڵه‌كانی ٧٨، ٨٨، به‌فرانباری ٩٦، گه‌لاوێژی ٩٧، خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و شۆڕشی ژینا له‌ ساڵی ١٤٠١ هه‌وڵی دا ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵك كپ بكات. ماشینی كوشتاری حكوومه‌ت هێشتا ڕانه‌وه‌ستاوه‌،به‌ڵام خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و به‌رابه‌ری درێژه‌ی هه‌یه‌ و خه‌ڵك ته‌سلیمی سه‌ركوتی ڕژیم نه‌بوون. ئێمه چالاكانی مه‌ده‌نی دژی سزای ئێعدامین و داوا ده‌كه‌ین كۆتایی به‌ چه‌رخه‌ی توندووتیژی بێنن و سزای ئێعدام به‌ ته‌واوی هه‌ڵوشێننه‌وه‌، هیچ مرۆڤێك شایانی سێداره‌ نییه‌.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net