پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ژنانی ئازادپۆش

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ژنانی ئازادپۆش

 

ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، دایکانی دادخواز!

خەباتو تێکۆشانی ئێوە وەک پێشەنگانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ڕازاوە بە ناوی ژینا، بووەتە مەشخەڵێکی درەوشاوە لە دژی ئەو حکوومەتە چەوسێنەر، ستەمکار، دژە ژن و دژە زانست و کۆنەپەرستە. بڵێسەدارتربوونی ئەم مەشخەڵە، یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوون و قووڵبوونەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ و ئاسۆی سەرکەوتنی ڕووناکتر کردووە و مژدەی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەبەخشێت. ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شێوازی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ حکوومەتی چەوسێنەر و سەرەڕۆی ئیسلامی، بێ پسانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامە. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێوە کە پێشینەیەکی مێژوویی پتر لە سەد ساڵەیان هەیە، لە ئێستادا یەکێکە لە بەرچاوترین هێماکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە. یاسا و ڕێساکان، ڕێکخراو و دامەزراوەی پان و بەرین و هێزی بێ ئەژماری سەرکوت، زیندانیکردن و ئەزیەت و ئازاری جۆراوجۆر، ئامرازەکانی حکوومەتن لەدژی ئێوە. ئێوە بە فیداکاری و خۆڕاگری لەسەر شەقامەکان، لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، لەناو زیندانەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی پیاوانی ئازادیخواز، توانیوتانە سەرجەم ئامرازەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، تا ڕادەیەکی زۆر لەکار بخەن و بەڵێنی مژدەی ڕزگاریی یەکجاریی ببەخشن. خەبات و خۆڕاگریی سەربەرزانەی ئێوە کە ئاوێتەیە لەگەڵ سەما و جۆش و خرۆش و شادی، لە لوتکەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، گورزێکی گورچکبڕیان لە پیاوسالاریی جێگیر لە ئایینی ئیسلامدا و هەروەها یاسا و نەریتە دواکەوتووەکانی، داوە. خەبات و تێکۆشانی ئێوە جێگە و پێگەی ژنانی لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا بەرزکردۆتەوە و دەیەوێت پەڵەی ڕەش و شەرمەزاریی هەڵاواردن و نایەکسانی، بۆ هەمیشە لە ڕوخساری مرۆڤایەتی بسڕێتەوە.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیست، بە دەرک و تێگەیشتن لە بەها مێژووییەکانی ئەو خەباتانە و جێگە و پێگەیەکی بەرزی کە بەدەستتان هێناوە، جارێکی تر لەسەر ستراتیژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بزووتنەوەی ژناندا، لەم بوارەدا جەختی کردەوە.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئۆکتۆبری ٢٠٢٤

ڕەزبەری ١٤٠٣

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *