
ڕۆژی ڕابردوو، جێرد کۆشنەر، ڕاوێژکار و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا ئامادەیی تەواوی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ نیشان نەداوە.
کۆشنەر لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی تاران مەیلی ڕوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لەلایەن ئەمریکاوە بە ڕەوا و پەسەندکراو دابنرێت، نیشان نەداوە. بە وتەی ئەم ڕاوێژکارەی کۆشکی سپی، ئیدارەی ئەمریکا بە وردی چاودێریی هەنگاوەکانی ڕژیم دەکات و چاوەڕێی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە هەڵوێستەکانیاندان. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، بەڵام ئەمە مەرجدارە و مەرجی سەرەکیی واشنگتۆن ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی دەستبەرداری بەرنامە مەترسیدارەکانی بێت بۆ پەرەپێدان و دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.