
لە کاتێکدا کە گرمەی موشەک و فڕینی درۆنەکان ئاسمانی ئێران و ناوچەکەیان داگیر کردووە، بۆ جەماوەرێکی کە ۷۰ لەسەدیان پێش ئەم شەڕەش لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیانیان بەسەر دەبرد، ئەم ڕووبەڕوبوونەوە سەربازییە کارەساتێکی مرۆیی و ئابووریی بێوێنەی خوڵقاندووە. هێرشە بەربڵاوەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی باشوور و وەڵامە موشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداوی فارس، ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سفرەی بێ ڕەونەقی خەڵک داناوە. ئەم شەڕە، بەپێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵات کە بە “شانازیی نیشتمانی” و “بەرگریی پیرۆز” ناوی دەبات، بە کردەوە هیچ شتێک نەبووە جگە پەرەپێدان بە ڕەنج و مەینەتیی چینی کرێکار و زەحمەتکێش، ئەو چینەی کە باری گرانی سەرجەم لێکەوتەکانی شەڕەکە لەسەر شانی قورسایی دەکات.
ئابووریی ئێران کە پێش ئەم شەر و تێکهەڵچوونانەش لەژێر داروپەردووی ساڵانێکی دوور و درێژی گەمارۆکان و گەندەڵیی دامەزراوەیی ناوخۆییدا پشووی لێبڕابوو، ئێستا بە شۆکی شەڕ بەرەو داڕمانی بەتەواوی هەنگاو دەنێت. هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییانە نەک هەر دامەزراوە بەرگرییەکان، بەڵکوو شادەماری بەرهەمهێنانی وڵاتیشیان کردووەتە ئامانج. زۆرێک لە گارگە و کارخانە گەورە و بچووکەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی زیانی ڕاستەوخۆ یان پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستەی خاو، بەکردەوە داخراون. ئەو کرێکارانەی کە ساڵانێک بوو بە حەقدەستێکی ژێر هێڵی هەژاری و بەبێ بیمەی کۆمەڵایەتیی پێویست ژیانیان بەڕێ دەکرد، ئێستا تەنانەت ئەو کارە ناسەقامگیرەشیان لەدەست داوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نرخی کاڵا بەکاربەرەکان لە پوشپەڕی ١٤٠٥ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە ڕێژەی ٨٨.٦ لەسەد بەرز بووەتەوە. نرخی پێداویستییە سادەکانی وەک هێلکە، تەنیا لە چەند ڕۆژی سەرەتای شەڕەکەدا ٤٠ لەسەد گرانتر بووە. سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی کردووە کە بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی ئێران لەمساڵدا زیاتر بە ڕێژەی ٥.٤ لەسەد بچووکتر ببێتەوە، ئامارێکی کە لە واقیعدا، خۆی لە شکڵی هەژارییەکی موتڵەق دا نیشان دەدات. ئێستا تەنیا ٣ لەسەدی بنەماڵە ئێرانییەکان توانای کڕینی سەبەتەیەکی خۆراکی تەواو و پێشنیارکراویان هەیە. گۆشت بووەتە کاڵایەکی شاهانە و قەرزکردن لە نانەواخانە و بەقاڵییەکان، بووەتە تاکە ستراتیژیی مانەوە بۆ ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران. لە زۆربەی گەڕەکە کرێکارنشینەکانی پەراوێزی شارەکان، ڕیزی دوور و درێژی وەرگرتنی کاڵای یارانەیی ئێستا لەگەڵ کەمیی تەنانەت ئەم کاڵا سنووردارانەش ڕووبەڕوو بوونەتەوە، کەمییەکی کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داڕمانی زنجیرەی گواستنەوە و دابەشکردن لە بارودۆخی شەڕدا.
دەبێ گوشاری چەندقات لەسەر بنەماڵە کرێکارییەکان لە پاڵ قەیرانی نیشتەجێبوونیشدا سەیر بکرێت. کرێی خانوو کە پێش شەڕیش سەرسوڕهێنەر بوو، بە هۆی شەپۆلی ئاوارەیی ناوخۆیی لە ناوچە سنووری و باشوورییەکانەوە بەرەو شارە گەورەکان، بەرزبوونەوەیەکی نوێی بەخۆوە بینیوە. ئەو بنەماڵانەی کە لە ئاکامی بۆردومانەکاندا خانە و لانەی خۆیان لەدەست داوە، لە خانووی کرێدا کە چەندین هێندە گرانترە لە جاران ژیان بەسەر دەبەن، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ نیشتەجێکردن یان قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان خستبێتە ڕوو.
بە بەئامانجگرتنی بەندەرە سەرەکییەکان و گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە سنووری سفر نزیک بووەتەوە. ئەم گەمارۆیە، شادەماری هاتنی دراوی بیانی بۆ ناو وڵات بڕیوە. دابەزینی داهاتی نەوت بە واتای کەوتنی ئازادی بەهای دراوی نیشتمانی و لە دوای ئەویش، بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری تێچووی هاوردەکردنی دەرمان و پارچە پیشەسازی و کاڵا بنەڕەتییەکانە. کەمیی دەرمانە تایبەتەکان، بەتایبەت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و گورچیلە، ئێستا بووەتە قەیرانێکی مرۆیی، دەرمانخانە تایبەتەکان کە پێش ئەمەش بەردەوام لەگەڵ گۆڕانی نرخی دراو بەرەوڕوو بوون، ئێستا ڕەفەکانیان خاڵییە یان دەرمانەکان بە چەند هێندەی نرخی خۆی لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشن. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە ئەم ڕەوتە، نەک هەر هەڵاوسان بە ڕادەیەکی زۆر بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی لەناوچوونی لانی کەم ٢ تا ٣ ملیۆن هەلی کار لە ماوەیەکی کورتدا.
لە نێو تەواوی بەشە زیانپێگەیشتووەکاندا، دۆخی پارێزگاکانی باشوور و بژێویی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، هێمایەکە لە دڕندەیی ئەم شەڕە لەدژی خەڵکی سڤیل. ڕاپۆرتەکان لە بەندەرعەباس و عەسەلوویە و شارە باشوورییەکانی دیکەوە باس لە لەناوچوونی سەدان بەلەمی ماسیگری لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا دەکەن. بۆ ماسیگرێکی باشووری، بەلەم تەواوی دارایی و سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی چەندین بنەماڵەیە کە بە قەرز و پاشەکەوتی چەندین ساڵە دابین کراوە. زۆرێک لەم قەرزانە هێشتا نەدراونەتەوە و ئەو ماسیگرانە، ئێستا دەبێ بەبێ هیچ سەرچاوەیەکی داهات، قیستە بانکییەکانی بەلەمێک بدەنەوە کە چیتر بوونی نەماوە.
لەناوچوونی بەلەمێکی ماسیگری، زنجیرەیەک لە بێکاری و هەژاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت: لە کەشتیوانەوە بگرە تا تۆرچن، چاککەرەوە و ماسیفرۆشی سەر شەقام، هەموویان بە یەکجاری لە سەرچاوەی داهاتەکەیان لەدەست دەدەن. لەو ناوچانەی کە پێش شەڕیش بەدەست کەمیی ئاو، بڕانی کارەبا و پیسبوونی ژینگەی پیشەسازییەوە دەیانناڵاند، ئێستا نائەمنبوونی دەریا تیرێکی کۆتاییە لە جەستەی لاوازی ئابووریی ناوخۆیی. بەرزبوونەوەی تێچووی لەنجەکان و نائەمنیی ڕێگا ئاوییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت کاڵا هاوردەکراوە سادەکانیش بە نرخێکی گران بگەنە دەستی خەڵک. بۆ ماسیگرێک کە بەلەمەکەی لە ئاگردا سووتاوە یان لەنگەرگاکەی وێران بووە، شەڕ لەگەڵ برسێتی منداڵەکانی و قەرزە بانکییەکانی هاتووەتە ناو قووڵایی ژیانییەوە.
لەمناوەندەداژنانیکرێکاروسەرپەرشتیبنەماڵەلەگەڵدژوارییەکیدووقاتڕووبەڕوون. زۆربەی کارە نافەرمییەکان کە ژنانی کرێکار تێیدا سەرقاڵ بوون، لە بەرگدروونی ناو ماڵانەوە بگرە تا کارکردن لە کارگە بچووکەکانی پیشە دەستییەکان و کەرەستەی خۆراکی، بەهۆی داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکان و دابەزینی هێزی کڕینی بەکاربەران، یەکەم قوربانییانی سستبوونی ئابووریی شەڕ لێدراو بوون. منداڵانی کاریش کە تەنانەت پێش شەڕیش ژمارەیان لە سەر شەقامی شارە گەورەکان ڕوو لە زیادبوون بوو، ئێستا بە هەژارتربوونی بنەماڵەکان، ژمارەیەکی زیاتر لە هاوتەمەنەکانیان لە تەنیشت خۆیاندا دەبینن.
ئەزموونەکان نیشانی داوە کە لە کەشوهەوای شەڕدا، داواکارییە ڕەواکانی کرێکاران، خانەنشینان و زەحمەتکێشان پەراوێز دەخرێن. ڕژێم بە خراپ بەکارهێنانی “باری نائاسایی“، هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک لەژێر ناوی “خیانەت لە کاتی شەڕدا” سەرکوت دەکات. ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران کە پێش شەڕیش لەژێر فشاری ئەمنیدا بوون، ئێستا بە بیانووی “بارودۆخی نائاسایی و فریاگوزاریی وڵات“، بوونەتە ئامانجی سەرکوتکارییەکی توندتر. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرکێشییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، پێش ئەوەی هەڕەشە بێت بۆ سەر دوژمنانی، سفرە و بژێویی خەڵکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لەم دۆخە پڕ لە نەهامەتییە، کۆتاییهێنانە بەو سیاسەتە شەڕخوازانەیەی کە مانەوەی خۆی لە وێرانکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەبینێتەوە. دەبێ هێزە پێشکەوتنخوازەکان و چینی کرێکار بە دەنگی بەرز هاوار بکەن کە نە شەڕیان دەوێت و نە ستەم و سەرەڕۆیی، چونکە لە هەر دوو بارەکەدا، ئەم زەحمەتکێشانەن کە دەبنە قوربانیی سەرەکیی قوربانگای دەسەڵاتخوازیی. ڕێکخستنی سەربەخۆی پیشەیی و چینایەتی، و هاوپشتی لە نێوان کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران و خانەنشینان لە سەرانسەری ئێران، تەنیا قەڵغانێکە کە دەتوانێت لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەی هەژاری و سەرکوتەدا، بەرگری لە بەرژەوەندیی زۆربەی هەرەزۆری زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا بکات.