بانگه‌وازی کۆمەڵە بۆ پشتیوانی له مانگرتنی گشتی له‌ كوردستان

کۆمەڵە

Print Friendly, PDF & Email

جەماوەری تێکۆشەر!
نێوەشەوی ڕابردوو چوار لاوی زیندانیی سیاسیی موحسین مەزڵوم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی ، کە لە داگاییەکی بە نەهێنی و ناعادڵانە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو؛ دوای چەند مانگ ڕاگرتن لە ژێر پەتی سێدارە دا ؛ سەرەنجام ئیعدام کران؛ ئێمە ئەو جنایەتە بە توندی مەحکوم دەکەیەن و خۆمان لەگەڵ بنەماڵە بەرێزەکانیان و هاورییانیان بە هاوخەم دەزانین؛
 
ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەڵسوڕاوانی مافی مڕۆڤ لە کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو جنایەتە، بانگەوازی مانگرتنی گشتیان کردووە بۆ ڕۆژی سێ شەممە ١٠ی مانگی رێبەندان؛ ئێمە پشتیوانی لەو بانگەازە دەکەین و داوا دەکەین لە سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، کرێکاران، موعولیمان، ژنان، لاوان، خوێندکاران، کاسبکاران، بازاڕیان، کارمەندان، کە بەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانەوە پەویوەست بن . با ڕۆژی سێ شەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان بکەینە شانۆی هاوپشتی و یەکێتی بە کردەوە لەبەرامبەر یەکێک لە هارترین و وەحشی ترین حکوومەتەکانی سەردەم. با ئەو ڕۆژەش بکەینە یەکێک لە ڕۆژانی خەباتێکی بەردەوام و نەپساوە لەپێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی و ڕزگارکردنی گیانی ئازیزانمان لەژێر تیغی جەللادانی دەسەڵاتدار.
 
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی تر وەک هەمیشە بە دامەزراندنی پەتی سێدارە هاتووەتە شەڕی جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئێران؛ بە پەتی سێدارەوە هاتۆتەوە تا هیوا بە ڕزگاربوون لەدار بدات. هاتۆتەوە تا بە کوشتنی لاوانی تینووی ئازادی، خۆی لە سەرەولێژی و هەڵدێری نەمان ڕزگار بکات. بەڵام کێ هەیە نەزانێ ئێعدام و سەرکوت نەک نیشانەی بەهێزی بەڵکوو لە ڕووی داماویی و سەرلێشێواوییەوە پەنای بۆدەبرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ماشێنەی تاوان و جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی دەکرێ و دەبێ ڕابگیرێت. پاشەکشەکردن بەم ڕژیمە لە دەرکردن و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام، بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتی جەماوەریی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئیمکان پەزیرە. با هەزینەی کوشتنی لاوانی ئێمە بۆ ڕژیم هێندە گران بێت کە ئیتر نەوێرێت لەسەری بەردەوام بێت.
 
دەسەڵاتدارانی جینایەتکار لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ کەسیان لە سێدارە داوە و هەر ئێستاش زۆر کەسی دیکە و لەوانە بەشێک لە زیندانیانی سیاسی، لە ژێر هەڕەشەی لەسێدارەداندان کە ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا حوکمەکەیان بەکردەوە دەربێت.
. پێویستە هەموو هێزی خۆمان بخەینە گەڕ، لە دەروە و ناوەوەی وڵات چالاکانە ئاکسیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کاریگەر بەڕێوە ببەین و هەزینەی هەر کردەیەکی لەسێدارەدان بۆ دەسەڵاتداران بەڕادەیەک ببەینە سەرەوە کە ماشێنی ئێعدامی جینایەتکارانی دەسەڵاتدار لەکار بخەین. زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا نەفرەتیان لە حکوومەتە و ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە حەرەکەتێکی بەرینی ناڕەزایەتی لە دژی حکومەت و ئێعدام و سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی شکڵ پێبدەن. با نیشانی بدەین کە توانایی ئەوەمان هەیە تاوانکاران ناچار بە پاشەکشە بکەین. هەر ئاستێک لە بەرەوپێشچوونی ئێمە لەم بوارەدا، دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامبوون و بەهێزکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. ئێعدام، ئەم تاوانە ئاشکرا حکوومەتییە، دەبێت ڕابگیرێت. هەموو سزاکانی لەسێدارەدان دەبێ بەبێ شەرت و مەرج هەڵبوەشێنرێتەوە. پێویستە سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی دەستبەجێ ئازاد بکرێن و دەستبەسەرکردنەکان کۆتاییان پێ بێت. مانگرتنی ڕۆژی سێ شەممە هەنگاوێکی گرینگ دەبێ لەو پێناوەدا.
 
کۆمەڵە
ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
دووشەممە ٩ی رێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net