
خەباتی ڕێکخراو و ماندوویی نەناسانەی خانەنشینان لە ئاسۆی دواڕۆژی کۆمەڵایەتی و سیاسییئ ێراندا، دیاردەیەکە لە حاڵی شکڵ گرتندا. ئەو خانەنشینانەی کە دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆیان کاریان کردووە، ئەمڕۆ لە جیاتی ئەوەی دەورانی خانەنشینی خۆیان لە ئارامی و ئاسایشدا بەسەر بەرن، بوونەتە یەکێک لە پێشڕەوترین و شێلگیرترین هێزە ناڕازییەکان لە سەر شەقامەکان. “یەکشەممە ناڕەزایەتییەکانی” ئەوان، لە گەرمای سەرووی ۵۰ پلەی خوزستانەوە بگرە تا شەقامەکانی تاران و ئیسفەهان، چیتر ڕووداوێکی کاتیی نییە، بەڵکوو هێمایەکە لە قەیرانێکی قووڵی بژێویی و بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەری ڕیشەدار کە ویژدانی کۆمەڵگە تووشی ئاڵەنگاری دەکات.
ڕۆژی یەکشەممە، حەوتی پووشپەڕی ۱۴۰۵، تەنیا نموونەیەک بوو لە زنجیرە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم توێژە. خانەنشینان لە شارەکانی شووش، ئەهواز، دزفوول، کرماشان، تاران، ئیسفەهان و ڕەشت، یەدەنگ و یەکگرتوو ڕژانە سەر شەقامەکان. دروشمی سەرەکیی ئەوان، “تەنیا لە سەر شەقام، مافەکەمان بەدەست دێت، نیشانەی بێهیوایی تەواوە لە دامەزراوە فەرمییەکان و بڕوایەکی قووڵە بە هێزی چالاکیی ڕاستەوخۆ. ئەم هاوارە، دەنگدانەوەی ژیانی ملیۆنان مرۆڤە کە دوای ۳۰ ساڵ کارکردن، بە حەقدەستێکی کەم لە بەرامبەر هەڵاوسان و گرانی لەڕادەبەدەر دا بەجێ هێڵدراون. ئەم بڕە پارەیە، کە تەنانەت پێش لە وەرگرتنی، خەرجی هەزینە سەرسوڕهێنەرەکان دەکرێت، خانەنشینانی گەیاندووەتە ئەو خاڵەی کە شەقام وەک دوا سەنگەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان ببینن.
دروشمەکانیان، ئاوێنەیەکی باڵانوێنە لە دۆخی کارەساتباری ژیانیان: “ستەم و زۆرداری بەسە، سفرەمان خاڵییە“، “بێکاری و هەڵاوسان، بەڵای گیانی خەڵکن، “نان گران، دەرمان گران، دەوڵەت بووە بە دوژمنی گیان“. ئەم ڕستە سادانە، گێڕانەوەیەکی بەئازارە لە ئابوورییەکانی کە تێیدا زیاتر لە نیوەی مووچەی مانگانە تەنیا خەرجی شوێنی نیشتەجێبوون دەکرێت و نرخی پێداویستییەکانی خۆراک و دەرمان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات. لە دۆخێکی ئاوادا، زۆرێک لە خانەنشینان، لە تەمەنێکدا کە پێویستیان بە چاودێری هەیە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان ناچارن دووبارە بەدوای کاردا بگەڕێن یان تەحەمولی هەژاریی موتڵەق بکەن.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیار و گەشەسەندووەکانی ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان، بریتییە لە پێوەندی قووڵی نێوان داواکارییە بژێویی و داخوازییە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. خەباتی ئەوان چیتر تەنیا داواکاریی زیادکردنی مووچە لەخۆ ناگرێت. ئەوان داوای دەرمانی خۆڕایی و گشتگیر دەکەن، چونکە بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەری دەرمان و بڕانی بەردەوامی بیمە تەندروستییەکان، دەرمان خۆی بووەتە ئازارێکی جەرگبڕ. ئەوان بە دروستی لەوە تێگەیشتوون کە چارەنووسیان گرێدراوە بە چارەنووسی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەوە. دروشمگەلێکی وەک “کرێکار و مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت“، نیشانەی هاوپشتیی چینایەتی و هۆشیاریی قووڵی ئەوانە بەرامبەر بەو ڕاستییەی کە سەرکوتکردنی هەر بەشێکی کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەمووان.
ئەم بزووتنەوەیە، خوازیاری مافی پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، مافی مانگرتن و مافی ناڕەزایەتی دەربڕینە و بە دروشمی “نە مەجلیس و نە دەوڵەت، لە فکری خەڵکدا نین، بێمتمانەیی موتڵەقی خۆی بە پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار ڕادەگەیەنێت. لە ڕاستیدا، خانەنشینان گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە “نان و ئازادی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە” و تا ئەو کاتەی کە کەشی ئەمنی، گەندەڵی و سەرکوت زاڵ بێت، گەیشتن بە ژیانێکی شایستە مەحاڵ دەبێت.
قووڵایی قەیرانەکە ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت که چاوێک بە ئامارە فەرمییەکاندا بخشێنین. لە ئێرانێکی کە دانیشتووانەکەی دەگاتە زیاتر لە ۸۵ ملیۆن کەس، تەنیا نزیکەی ۴ ملیۆن خانەنشینی کشوری و لەشکری تۆمار کراوە، واتە لە هەر ۲۰ کەس، یەک کەس. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خاوەن پێکهاتەی دانیشتووانی هاوشێوەن، زۆر جێی گومانە. بۆ نموونە، لە بریتانیا لە هەر ۶ کەس و لە تورکیا لە هەر ۷ کەس، یەک کەس خانەنشینە. ئەم جیاوازییە بەرچاوە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
وەڵامەکە لە پێکهاتەیەکی ئابووریی پڕلە کەموکوڕی و یاسا جیاکارییەکانی کۆماری ئیسلامیدایە. لە ئێراندا، بە ژنانی ماڵەوە کە بەشێکی مەزن لە بارگرانیی کاری بێبەرامبەری کۆمەڵگە لەسەر شانیانە، مووچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە. ڕێژەی بەرزی بێکاری، بەتایبەت لە نێوان ژنان و گەنجاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس هەرگیز دەرفەتی چوونە ناو بازاڕی کاری فەرمی و پێدانی بیمەیان بۆ نەڕەخسێ و سەرەنجام لە دەورانی بەساڵاچووندا لە هەر جۆرە پاڵپشتییەک بێبەش بمێننەوە. ئەگەر ئامارگیرییەکی ورد ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی واتە بە (ژنانی ماڵەوە و بێکارانی هەمیشەییشەوە)، ڕێژەی ڕاستەقینەی خانەنشینانی ئێران دەگاتە زیاتر لە ۱۰ ملیۆن کەس. ئەم ئامارە شاراوەیە، ڕەهەندە بەربڵاوەکانی هەژاری و بێ عەداڵەتی لە هەمبەر بەساڵاچووانی کۆمەڵگەدا ئاشکرا دەکات.
شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵ بەساڵاچووان، منداڵان و چین و توێژە لاوازەکان، پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤانەبوونی سیستمێکی سیاسی. سیستمێک کە خانەنشینەکانی دوای تەمەنێک لە کار و زەحمەت، بە هەژاری، نەخۆشی و دڵەڕاوکێوە بە تەنیا جێ دەهێڵێت و ئەوان ناچار دەکات بۆ دابینکردنی دەرمان و شوێنێک بۆ نیشتەجێبوون بڕژێنە سەر شەقامەکان، لە مرۆڤانەترین تاقیکردنەوەی خۆیدا شکستی هێناوە.
بزووتنەوەی خانەنشینانی ئێران، ئەولاتر لە ناڕەزایەتییەکی پیشەیی، خەباتێکی مەدەنیی بەتەواو مانایە لەپێناو وەدیهێنانی ژیانێکی شایستەدا. ئەوان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خۆڕێکخستن لە یەکێتییەکی یەکگرتوو و سەرتاسەریدا، هەنگاوێکی گرنگیان بەرەو ڕێکخستنی هێزی خۆیان هەڵگرتووە. ئەم کەسانە، کە بەردەوام باری قورسی کێشەکانی منداڵانی بێکار، تێچووی قورسی ژیان و فشارە دەروونی و جەستەیییەکان تەحەممول دەکەن، ئەمڕۆ شێلگیرانە و لێبڕاوانە هاتوونەتە سەر شەقام و نەک تەنیا بۆ خۆیان، بەڵکوو بۆ داهاتووی نەوەکانی دوای خۆیان خەبات دەکەن. بەردەوامیی ئەم ناڕەزایەتییانە نیشان دەدات کە ئەم توێژە هۆشیار و خەباتکارە، سەرەڕای هەموو فشارەکان، بووەتە هێزێکی ئیلهامبەخش بۆ تەواوی کۆمەڵگە، هێزێکی کە ئەوە وەبیر هەمووان دەهێنێتەوە کە ماف دەبێ وەریبگری و بۆ ئەو مەبەستەش، دەبێ خەبات بکەی.