
لە کاتێکدا کە ڕاپۆرتەکان باس لە تێپەڕبوونی ڕۆژانەی نزیکەی ۱۵ ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن، کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم ڕاستییە بشارێتەوە کە سیاسەتی داخستن یان نائەمنکردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە، بەرلەوەی زیان بە ڕکابەرە دەرەکییەکان بگەیەنێت، ئابووریی ئێرانی کردووەتە ئامانج. ئەگەر گەرووی هورمز بەڕاستی “داخراوە“، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن نەوتی عەرەبستانی سعوودی، عێراق، قەتەر و کوێت هێشتا بە ڕێژەیەکی بەربڵاو لە ڕێگەی ڕێڕەوە جێگرەوەکان یان بە شێوازی گواستنەوەی کەشتی–بۆ–کەشتییەوە دەگاتە بازاڕە جیهانییەکان، بەڵام هەناردەی نەوتی ئیران نزیک بووەتەوە لە سفر؟
ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دۆخی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا نیشانی دەدەن کە ئەگەرچی تێپەڕبوونی ڕاستەوخۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە هورمز بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێش لە شەڕ کەمی کردووە، بەڵام هەناردەکردنی نەوت بەتەواوی نەوەستاوە. هەندێک لە خەمڵاندنەکان باس لە تێپەڕبوونی ڕۆژانەی ۶ تا ۸ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم گەرووەوە دەکەن، لە کاتێکدا بە بەلەبەرچاوگرتنی بەرهەمە نەوتییەکان و ئەو بەرهەمانەی تری کە لە ڕێگەی ڕێڕەوەکانی دەرەوەی کەنداوەوە دەگوازرێنەوە، قەبارەی گشتیی هەناردەی ناوچەکە دەگاتە ۱۵ تا ۱۶ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەخێرایی خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەدا گونجاندووە. عەرەبستانی سعوودی بەشێک لە نەوتەکەی لە ڕێگەی دەریای سوورەوە هەناردە دەکات و سوود لە توانای کۆگا کردن و بارکردن لە بەندرەکانی میسر وەردەگرێت. عێراق، کە پێشتر ناچار بوو نەوتەکەی لە کەنداو بە نرخێکی زۆر کەمتر بفڕۆشێت، ئێستا لە نزیک کەناراوەکانی عومان ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوتەکەی فەراهەم کردووە. قەتەر و کوێتیش هەناردەی نەوتی خۆیان زیاتر کردووە. نەوتهەڵگرە شاتڵەکان، بارەکەیان لە بەندەرەکانی ناوچەکەوە تا دەرەوەی کەنداو دەگوازنەوە و پاشان کەشتییەکانی تر دەیانگەیەننە جێگەی مەبەست.
ئەم میکانیزمانە تێچووی گواستنەوە و بیمەیان بەرز کردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێگەیان بە بەرهەمهێنەرانی ناوچەکە داوە کە لە هەناردەکردنی خۆیان بەردەوام بن. تەنانەت داهاتە بێ وێنەکانی سەرچاوەگرتوو لە بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوەی نەوتهەڵگرە گەورەکان، خاوەن کەشتییەکانی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە ریسکی مەترسی تێپەڕبوون لە ناوچەکە قبووڵ بکەن. لەمڕووەوە، گەرووی هورمز بە کردەوە بۆ ئێران بووەتە کۆسپێکی جیددی لەسەر ڕێگەی فروشتی نەوت و دابینکردنی دراو.
لە ئاوا بارودۆخێکدا، ئیدیعای کۆنترۆڵکردنی تەواوی گەرووی هورمز زیاتر لەوەی کە نیشانەی هێز و دەسەڵات بێت، ڕووکەشێکی تەبلیغاتییە بەسەر شکستێکی ستراتیژیدا. کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەکردن لە کەشتییە دەرەکییەکان و دروستکردنی نائەمنی، وڵاتانی ڕکابەری هانداوە تا ڕێگەی جێگرەوە، بەندەری نوێ و شێوازی جۆراوجۆرتر بۆ گواستنەوەی نەوت پەرە پێبدەن. ئاکامی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە ئەوانی تر ڕێگەی تێپەڕاندنی قەیرانەکە دەدۆزنەوە، بەڵام ئێران، بەهۆی سزای بەربڵاو، لاوازی ژێرخانەکان و وابەستەیی توند بە هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوت، زۆرترین هەزینە دەدات.
دانپێنانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە دابەزینی ۳۵ لەسەدیی هەناردە و هاوردەی وڵات، وێنەیەکی ڕوون لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە دەخاتە ڕوو. ناوبراو وتوویە کە گەمارۆی دەریایی بەندرەکانی ئێران و سزاکانی ئەمریکا، بازرگانی دەرەکیی وڵاتی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. هەروەها ئیدیعای فروشتی نزیکەی ۹۰ ملیۆن بەرمیل نەوت لە سەردەمی لێکگەیشتنی کورتخایەنی مانگی ژوئەندا، ئەگەر ڕاستیش بێت، تەنها ئەوە نیشان دەدات کە ئابووریی ئێران تەنانەت بۆ هەناسەدانێکی کاتیش وابەستەی ڕێککەوتنی لەرزۆک و ناپایەدار بووە، نەک ئەوەی کە کێشەی پێکهاتەیی هەناردەی نەوت چارەسەر بوبێت.
لە هەمان کاتدا، بەهای دراوی نیشتمانی بە بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر دابەزیوە و نرخی دۆلار لە سنووری ۲۰۴ هەزار تمەن تێپەڕیوە. هەڵاوسانی ساڵانەش بەپێی ڕاپۆرتەکان گەیشتووەتە نزیکەی ۶۶ لەسەد. ئەم ژمارانە بە مانای دابەزینی ڕاستەوخۆی توانای کڕینی خەڵک، بچووکبوونەوەی سفڕە و خوانی بنەماڵەکان، بەرزبوونەوەی تێچووی شوێنی نیشتەجێبوون و دەرمان و ئاستەمبوونی دەستڕەگەیشتن بە کەلوپەلی بنەڕەتین. مووچەخۆران، خانەنشینان و کرێکاران، کە داهاتەکەیان هاوتای هەڵاوسان بەرز نابێتەوە، ڕۆژانە بەشێکی زیاتر لە توانای ئابووریی خۆیان لەدەست دەدەن.
زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە لەگەڵ هەژارییەکی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوون و بەپێی هەندێک لە خەمڵاندنەکان، نزیکەی نیوەی هاووڵاتیان لە بارودۆخی هەژاریی موتڵەق یان لەبەردەم وەها دۆخێکدان. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، بێگومان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهاندا سوودێکی بۆ خەڵکی ئێران نییە، چونکە نەوتێکی کە نەتوانرێت بەشێوەیەکی ئازادانە هەناردە بکرێت، بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی بازاڕ دەفۆشرێت، یان داهاتەکەی بەهۆی سزاکان و ئاستەمبوونی گواستنەوەی پول لە دەرەوەی وڵات، بلۆک دەکرێت. لە بەرامبەردا، وڵاتانی ڕکابەر لە بەرزبوونەوەی نرخ و داواکاریی نەوت بۆ بەهێزکردنی داهاتەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش وێڕای ئاماژە بە هەڵاوسان، بێکاری، کۆنترۆڵی نرخەکان و بازاڕی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان، داوای لە دەوڵەت کردووە کە بەرەنگاری کێشە بژێوییەکان ببێتەوە. بەڵام ئەم ڕێنماییانە بەبێ گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوە و ئابووریدا، جگە لە ڕاسپاردەیەکی ئیداری هیچی تر نییە. ناکرێت لە لایەکەوە وڵات تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی و ئابووریی وێرانکەر بوبێت و لە لایەکی ترەوە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە بە دەستوور، چاودێری و سزادان یان سەرکوتکردنی نرخەکان، هەڵاوسان و هەژاریی کۆنترۆڵ بکرێت.
کێشەکە تەنها سزای دەرەکی نییە. گەندەڵی بەربڵاو، ناکارامەیی بەڕێوەبردن، ئابووریی ئەمنییەتی، قۆرغکاری دامەزراوە نیزامییەکان و نەبوونی شەفافییەت بەشێکی هەرە گرنگی قەیرانەکەن. ئەو سەرچاوانەی کە دەبوو بۆ وەبەرهێنان، ڕەخساندنی هەلی کار و خۆشگوزەرانی گشتی خەرج بکرێت، لە ڕێگەی سەربازی، ئەمنییەتی و سەرکێشییە ناوچەیییەکاندا هەزینە دەکرێن. کە لە کۆتاییدا، خەڵکی ئاسایی تێچووی سیاسەتگەلێکی لەم شێوەیە دەدەن.
هەڕەشە سەربازییەکانی هەردوولا و بنبەستی دانوستانەکان، ئاسۆی ئابووریی ئێرانی تاریکتر کردووە. بەهەر ڕادەیەک مەترسی شەڕ و پێکدادان زیاتر بێت، حەقی بیمەی کەشتییەکان، تێچووی بازرگانی و مەترسی وەبەرهێنان بەرزتر دەبێتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بیری لێ دەکەنەوە، جیهانیش دەست لەسەر دەست دانانێت. بازاڕەکان ڕێگەی نوێ دەدۆزنەوە، کۆمپانیاکان شێوازی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل دەسازێنن و ڕکابەرە ناوچەیییەکان شوێنی بەتاڵی ئێران پڕ دەکەنەوە.
دژوازی سەرەکی لێرەدایە: کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوە دەکات کە گەرووی هورمزی بەمەبەستی بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام بە کردەوە، ئەم سیاسەتە پشکی ئێرانی لە بازرگانی ناوچەیی گەلێک کەم کردووەتەوە و وابەستەیی وڵاتی بە ڕێگە سنووردار و پر تێچووەکان زیاتر کردووە. گەروویەکی کە بڕیار بوو ئامرازی گوشار بێت بەسەر جیهانەوە، بووەتە ئامرازێک بۆ گوشارخستنەسەر ئابووریی ئێران.