
ئیلنا ئاژانسی هەواڵی کاری کۆماری ئیسلامی، دوێنێ ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی “چوونەدەرەوەی یەک ملیۆن کرێکار لە بازاڕی کاری فەرمی” بڵاوکردەوە، کە پەردە لەسەر قەیرانی ڕاستەقینەی بێکاری و ئامارە ساختەکانی ناوەندی ئاماری ئێران لادەدات. ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی ساختەی ٧ لەسەدی وەک ڕێژەی بێکاری لە ئێران ڕاگەیاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان ناوەند وەک ئەو پەندەی کە دەڵێت: “دروزن بیرکۆڵە” ڕایگەیاندبوو تەنیا لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا ٦٣٠ هەزار دەرفەتی کاری پیشەیی لەناوچوون، ژمارەیەکی کە نیشاندەری سستبوون و لاوازبوونی ئێجگار زۆری پیشەسازییە گەورە و مامناوەندییەکانە. هاوكات ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دابینکاری کۆمەڵایەتی ئاماژە بە دابەزینی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ڕێژەی بیمەدەران لە ماوەی یەک ساڵدا دەکەن. ئەم چوونەدەرەوە بەربڵاوە مانایەکی ڕوونی هەیە: تەنانەت ئەگەر بەشێک لەم کەسانەش سەرلەنوێ گەڕابێتنەوە بۆ ناو بازاڕی کار، شوێنی کارە نوێیەکەیان ئەو کوالیتی و ئەمنییەتەی ڕابردووی نییە و زۆربەیان لە بەشە ناڕەسمییەکان، کاتیی و خزمەتگوزارییە بێ بەهرەکاندا کار دەکەن.
بازاڕی کاری ئێران لەم ساڵانەی دواییدا تووشی جۆرێک تەکان و شەکان بوووە کە ڕەهەندەکانی گەلێک لە ئامارە فەرمییەکان بەربڵاوترن. دابەزینی لەڕادەبەدەری هەلی کاری پیشەسازی، دوورکەوتنەوەی بەربڵاوی ژنان لە بازاڕی کار و پەرەسەندنی پیشە ناڕەسمییەکان، وێنەیەکی جیاواز لەوەی کە ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە داهاتووی هێزی کاری ئێران دەیخاتەڕوو نیشان دەدات.
لە کاتێکدا دەوڵەت ڕێژەی بێکاری بە نزیکەی ٧ لەسەد ڕادەگەیەنێت، ئەندامێکی باڵای ژووری بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ ئیلنا جەختی کردووەتەوە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری، پێنج ئەوەندەی ئامارە فەرمییەکانە. ئەم جیاوازییە بەرچاوە تەنیا بە چاوخشاندنێک بە پێوەرەکانی بەشداریی ئابووریدا ڕوون دەبێتەوە: دابەزینی ئێجگار زۆری بەشداریی ژنان لە ۱٦ لەسەدەوە بۆ ۱۱ لەسەد، و بێکاربوونی ڕاستەوخۆی زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە. ئەم ژمارانە نیشان دەدەن کە بەشێکی زۆر لە جەماوەری لە تەمەنی کاردا، بەهۆی بێهیوایی لە دۆزینەوەی کار، وازیان لە گەڕان بەدوای کاردا هێناوە و لە ئەنجامدا لە ئاماری فەرمیدا بە “بێکار” هەژمار ناکرێن.
بەراوردە مێژووییەکان نیشان دەدن کە ڕێژە فەرمییەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ ڕاستییەکانی بازاڕی کاردا ناگونجێن. لە دەیەی ۱۳٥۰دا ڕێژەی بێکاری نزیکەی ۱٥ لەسەد بوو و لە ساڵی ۱۳۷۹شدا ۱٤ لەسەد تۆمار کرابوو. سەرەڕای ئەوەی کە بارودۆخی ئابووریی ئەمڕۆ گەلێک سەخت و دژوارترە، بەڵام ڕێژەی فەرمیی بێکاریی کەمتر ڕادەگەیەنرێت.
بەپێی ستانداردی ناوخۆیی، کەسێکی کە ئەگەر لانیکەم یەک کاتژمێر لە هەفتەدا کار بکات، بە شاغڵ واتە کرێکاری لەسەرکار هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا ستانداردە جیهانییەکان لانیکەم ۱٤ کاتژمێر کار لە هەفتەدا بە پێویست دەزانن بۆ شاغل بوون. ئەم جیاوازییەی پێناسەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی گەورە لە پیشە ناتەواو و کاتییەکان، لە ئاماری فەرمیدا وەک کاری تەواو تۆمار بکرێت.
بێکاری لە ئێران زیاتر لە هەر توێژێک گەنجانی کردووەتە ئامانج. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی بێکاریی گەنجانی تەمەن ۱٥ تا ۲٤ ساڵ لە هاوینی ۱۴۰۴دا گەیشتووەتە زیاتر لە ۲۰ لەسەد، واتە زیاتر لە دوو ئەوەندەی ڕێژەی گشتی. ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە نزیکەی ۷۰ لەسەدی کۆی بێکارانی وڵات لە گرووپی تەمەنی ۱۸ تا ۳٥ ساڵیدان. دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە برێتیین لە: لەدەستدانی دەرفەتی فێربوونی پیشە، پەرەسەندنی خەمۆکی، بێئامانجی و هەستکردن بە ناکامی و زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی کۆچکردنی گەنجان.
یەکێک لە ڕەهەندە هەژێنەرەکانی بێکاری لە ئێران، بریتییە لە کەلێنی قووڵی جێندەریی. ڕێژەی بێکاریی ژنان لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ۳۰ لەسەد و بۆ پیاوان ۱۳.٥ لەسەد ڕاگەیەنراوە. ئەم جیاوازییە دوو هێندەیە لە کاتێکدایە کە ژنانی ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا حزوورێکی بەربڵاویان هەبووە لە زانکۆکاندا و ئاستی خوێندەوارییان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. سەرەڕای ئەم پێشکەوتنەش، دەرفەتی کاری گونجاو لەگەڵ ئاستی خوێندنیان بۆ دابین نەکراوە و بەشێکی زۆر لە ژنانی خاوەن بڕوانامە لە ڕیزی بێکاراندان.
لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە ٤٢ و ٤ لەسەدی کۆی بێکارانی وڵات لە دەرچوانی زانکۆکان پێکدێن. ئەم ژمارەیە نیشاندەری کەلێنی قووڵی نێوان سیستەمی خوێندنی باڵا و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کارە. سەرمایەگوزاریی قورسی بنەماڵەکان و دەوڵەت بۆ خوێندن، لە کۆتاییدا نەبووەتە هۆی کار و پیشەی سەقامگیر و بەشێکی گەورە لە هێزی مرۆیی پسپۆڕی وڵات بە بەتاڵی و بێ بەهرە ماوەتەوە.
بەڵام بێکاری لە ئێران تەنیا کێشەیەکی ئابووری نیست، بەڵکوو قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی بەتەواو مانایە. دەرئەنجامەکانی بریتین لە: نەمانی ئەمنییەتی پیشەیی، پەرەسەندنی هەژاریی موتڵەق، زیادبوونی تێکچوونی باری دەروونی، خەمۆکی و بێهۆویەتی، گەشەی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، خۆکوژی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی تر، و لێکترازانی شیرازەی بنەماڵە کرێکارییەکان.
زیاتر لە ۸۰ لەسەدی کرێکارانی ئێران خاوەنی گرێبەستی کاتیی، سپیئیمزا یان پەیمانکارین. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی بێکاریدا، بنەماڵەی کرێکاری بکەوێتە قووڵایی هەژارییەوە و بەبێ بوونی هیچ پشتگیری و پشتیوانییەکی کاریگەر.
داخرانی هەرچی زیاتری کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی قەیرانلێدراو، دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران و پەرەسەندنی پیشە نافەرمییەکان، نیشانەی ڕەوتێکە کە ئەگەر هەروا بەردەوام بێت، دەتوانێت پێکهاتەی بەرهەمهێنانی ئێران بە تەواوی بفەوتێنێت. تەنانەت هەڵگرتنی گەمارۆکانیش لە کورتماوەدا ئاسۆیەکی ڕوون بەرەو باشتربوونی دۆخی هەلی کار ناکاتەوە.
لە بارودۆخێکدا کە سیاسەتە دەوڵەتییەکان توانای کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەیان نییە، ئەرکی خەبات لەدژی بێکاری دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی. سەردانی تاکەکەسی بۆ ناوەندەکانی دۆزینەوەی کار، چاوەڕوان مانەوەی بەڵێنەکانی دەوڵەت یان هیوا هەڵچنین لەسەر گەشەی ئابووریی لە داهاتوودا، چارەسەر نییە.
داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکاران بریتین لە: ئەمنییەتی پیشەیی، بیمەی بێکاریی پێویست، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کاتی و سپیئیمزاکان، ڕاگرتنی دەرکردنە بەکۆمەڵەکان و پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاریی. لەشکری بەرینی بێکاران، بەتایبەت گەنجانی خوێندەوار، خاوەن هێز و توانایەکی گەورەن بۆ شکڵ پێدانی بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەریی. ئاگایی سەبارەت بە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بێکاری و ئەزموونی ژیانی ملیۆنان کرێکار، زەمینەی یەکگرتوویی و هاوپشتی دابین دەکات.