
بەگوێرەی ئەو حوکمەی کە گۆیا لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە دەرچووە، غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی جارێکی دیکە بۆ خولێکی پێنج ساڵە لە پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا دەمێنێتەوە. ئەم دەستنیشانکردنە، بەپێچەوانەی ڕواڵەتە ئیدارییەکەی، هیچ مانایەکی نییە جگە لە بەردەوامیی سیاسەتێک: ڕژێمێکی کە کاریگەرترین ئامرازی سەرکوتکردنی خۆی لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە، لەبەر ئەوەیە کە هێشتا پێویستی پێیەتی. ئێژەیی بۆ بەیتی ڕێبەری دادوەرێکی ئاسایی نییە، ئەو یەکێکە لە بەرنامەڕێژانی دێرینەی دەزگای ئەمنی–دادوەریی حکومەت، کە دەکرێ کارنامەکەی وەک مێژوویەکی چڕکراوەی سەرکوت لە کۆماری ئیسلامیدا سەیر بکرێت.
ئێژەیی کە لە ساڵی ۱۳۳۵ لە گوندی ئەژیەی ئیسفەهان لەدایکبووە و پەروەردەکراوی قوتابخانەی حەقانییە، چالاکییەکانی خۆی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ۱۳۵۸ لە دادستانی شۆڕش وەک لێکۆڵەر دەستپێکرد. ساڵەکانی یەکەمی چالاکیی ئەو ڕێک هاوکاتە لەگەڵ ئەو قۆناغەی کە هەزاران زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەژێر ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی خێرا و بێدادگاییکردندا بوون. لەو سەردەمەدا ئەو لە پاڵ ئەسەدوڵڵا لاجەوەردی، یەکێک لە ناسراوترین سیماکانی سەرکوتی دەیەی شەست، چالاکیی دەکرد و لە ناو هەمان ئەو پێکهاتەیەدا کاری دەکرد کە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی ساڵی ۱۳۶۷ی خوڵقاند. ناوی ئەو چەندین جار لە گێڕانەوەی ڕزگاربووان و بنەماڵەی قوربانیانی ئەو دەیەدا، بەتایبەت لە دۆسیەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی ئەقیدەتی دا، هاتووەتە هاتووەتە گۆڕێ.
له دەیەی حەفتادا، ناوی ئێژەیی بەوەوە گرێ درا کە بە “گەڵاڵەی ئەلغەدیر” دەناسرا، گەڵاڵەیەک کە بە وتەی توێژەرانی مافی مرۆڤ، ئامانجەکەی بریتی بوو لە ڕفاندن، بێسەروشوێنکردن و لە زۆر حاڵەتیشدا کوشتنی زیندانیانی سیاسیی پێشوو و دواتریش نووسەران و ڕۆشنبیرانی ڕەخنەگر. ئەم دۆسیەیە زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە دواتر ناوی نرا “قەتڵە زنجیرەییەکان“. لە هەمان قۆناغدا، لە نێوان ساڵەکانی ۱۳۷۷ تا ۱۳۷۹، ناوبراو وەک نوێنەری دەزگای دادوەری لە دەستەی چاودێریی چاپەمەنییەکان، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە داخستنی بەربڵاوی بڵاوکراوە سەربەخۆ و ڕۆژنامەکانی ڕیفۆرمخوازاندا.
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ۱۳۸۸، ئێژەیی هاوکات وەزیری ئیتلاعات و داواکاری گشتیی وڵات بوو، تێکەڵکردنی ئەم بەرپرسیارێتییانە، ئەوی خستە ناو جەرگەی دەزگای دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە و دەرکردنی حوکمی قورس لەدژی خۆپیشاندەران. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ باس لە ڕۆڵی ئەو لە دۆسیەکانی ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرکراوانی ئەو ساڵانە دەکەن.
لە بواری مافی ژناندا، ڕێکخراوی جیهانیی ژنان لە ساڵی ۱۳۹۰دا بەهۆی هەڵوێستەکانی سەبارەت بە سنووردارکردنی مافی تەڵاق بۆ ژنان، ئەوی وەک “دژەژنترین دادوەری جیهان” وەسف کرد. ناوی ئێژەیی هەروەها لە دۆسیە پڕهەراوھوریاکانی وەک زەهرا کازمی، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی–کانەدایی کە لە کاتی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا، و ڕەیحانە جەباری، کچە گەنجێکی کە دوای بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەندامێکی پێشووی دەزگای ئەمنییەتی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا، هاتووەتە ئاراوە.
لە ڕەشەمەی ۱۳۹۶، ئێژەیی بەرگری کرد لە گێڕانەوەی ساختەی “خۆکوژی” سەبارەت بە گیان لەدەستدانی دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە، زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەو بەسەر دەزگای دادوەریدا تۆمارکراوە. لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴شدا، وەک سەرۆکی دەزگای دادوەری، فەرمانی بە داواکارانی گشتی دا کە لە بەرامبەر خۆپیشاندەراندا “هیچ نەرمی و چاوپۆشییەک” نیشان نەدەن، فەرمانێکی کە بووە هۆی لەسێدارەدانی بەپەلەی دەیان کەس، کە زۆربەیان دوای دادگاییکردنێک حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا کە لانیکەمی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تێدا نەبوو.
بەڵام ئەوەی لە کارنامەی ئێژەیی دا دەیبینین، تەنها ژیاننامەی کەسێک نییە، بەڵکوو وێنەیەکی چڕکراوەی ئەو میکانیزمەیە کە ناوی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییە. دەزگایەکی کە لەسەر بنەمای فیقهی شیعە دامەزراوە و بەشێکی گەورەی دانیشتوانی وڵاتی لە بازنەی یەکسانیی یاسایی وەدەر ناوە.
ژنان، کە نیوەی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن، لە یاساکانی ئەم دەزگایەدا لە زۆرێک لە بوارەکانی میرات، شایەتیدان، خوێنبەها و مافەکانی خێزاندا بە نیوەی پیاو ئەژمار دەکرێن و لە هەندێک حاڵەتیشدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە هەرجۆرە پێگەیەکی یاسایی سەربەخۆ بێبەشن. پەیڕەوانی ئایینەکانی دەرەوەی ئیسلام، لەوانە سوننە و بەهاییەکان، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی ئاشکرای مافی هاوڵاتیبوون دەبنەوە. سێکولارەکان، سۆسیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان لەم نیزامە یاساییەدا لە همان سەرەتاوە لە مافی ژیان بێبەش کراون، ناوی “مفسد فیالارض” یان بەسەردا بڕاوە و دەیان هەزار کەسیان لەسێدارەدراون یان ناچار بە جێهێشتنی وڵات کراون. پلە باڵاکانی ئەم دەزگایە، لە دادوەری دادوەرانەوە بگرە تا بەرپرسانی دادگاکانی ئینقلاب، زیاتر لە ناو ئەو کەسانەدا هەڵبژێردراون کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی دەیەی شەستدا هەبووە.
گەندەڵیی بەربڵاو لەم دەزگایەدا بەشێکە لە رێسای کارکردنی. بەرتیلخۆری، هاوبەشی لەگەڵ تاڵانکارانی ئابووری، دەرکردنی حوکمی قورس بۆ تاوانبارە بچووکەکان لە پاڵ لێخۆشبوونی چەندبارەی کەسانی گەندەڵی نزیک لە بازنەی دەسەڵات، وێنەیەی دادپەروەرییەکی دووفاقە دەخاتە ڕوو. دیاردەی “شایەتی بەکرێگیراو” و تەنانەت “زیندانیی بەکرێگیراو“، کە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا تۆمەتی کەسانی دیکە دەگرێتە ئەستۆ تا تاوانبەرە سەرەکییەکە لە سزا ڕزگاری بێت، ئیتر دەنگۆ نییە، بەڵکوو بەشێکی ناسراوە لە کارکردنی ئەم دامەزراوەیە.
ئەشکەنجەدان لەم ڕژێمەدا تەنها زیندانیانی سیاسیی لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو زیندانیانی ئاساییش ڕووبەڕووی هەڕەشە، تۆقاندن و دانپێدانانی زۆرەملێ دەبنەوە. زۆرێک لە دۆسیەکانی لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی درێژخایەن، لەسەر بنەمای دەربڕینی ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە وەرگیراون. لەم سیستمەدا، دزە بچووکەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لە کاتێکدا تاڵانکارییە ملیاردییەکان چاوپۆشییان لێ دەکرێت. فرۆشیارانی وردەی ماددەی هۆشبەر سزا دەدرێن لە کاتێکدا تۆڕە گەورەکانی دابەشکردن زۆرجار لە پێوەندیدان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکاندا.
ئەو ژنانەی کە لە ئەنجامی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاریدا ڕوو لە لەشفرۆشی دەکەن، سزا دەدرێن و سووکایەتییان پێدەکرێت، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرانی سەنتەرەکانی فەسادی تایبەت بە دەوڵەمەندەکان لە لێپێچینەوەی دادوەری دەپارێزرێن. قاچاخچیانی مرۆڤ کە کچانی تازەلاو بەمەبەستی کۆیلایەتیی سێکسی دەفرۆشن، بە ئازادی چالاکی دەکەن، لە کاتێکدا گەشتە ئەمنییەکان بە بیانووی ” بەدحیجابی” مافە کەسییەکانی هاوڵاتیان پێشێل دەکەن.
سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای یاسایەک بەڕێوە دەچێت کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فیقهی سوننەتیی شیعە، یاسایەکی کە تێیدا ژن مافی دادوەریی نییە و لە دادگاییکردنەکاندا، بەهای شایەتیدانەکەی بە نیوەی پیاو دادەنرێت. قەساس، تەعزیر و قامچی لێدان لەبەرچاوی گشتیدا، بەشێکن لە ئامرازە ئاساییەکانی ئەم دەزگایە. نەزمێکی لەو شێوەیە، سەرەڕای بانگەشەی دادپەروەری، بەکردەوە ئامرازێک یاسایی بووە بۆ مەشەروعیەت بەخشین بە هەڵاواردن و سەرکوتکاری.
مانەوەی ئێژەیی، لە کۆتاییدا، وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییەیە کە چاکسازیی ئەم دەزگایە لە ناوخۆودا مەحاڵە، چونکە کارکردی سەرەکیی ئەو نەک جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەڵکوو بریتییە بووە لە جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیستمێکی ئایینی–ئەمنییەتی. ڕزگاربوون لەم دۆخە، تەنها بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر دەبێت.