سەردەشت، برینێک کە دوای ۳۹ ساڵ هێشتا کۆن نەبووە

لە ڕۆژژمێری پڕ لە ئازاری مێژووی هاوچەرخدا، ڕۆژانێک هەن کە بوونەتە هێمای جینایەت دژی مرۆڤایەتی. حەوتی پووشپەڕی ۱۳۶۶ یەکێکە لەو ڕۆژانە، ڕۆژێکی کە بۆنی سیری گەنیو لە ئاسمانەوە بە سەر شاری سنووریی سەردەشتدا باری و هەناسەی لە گەرووی خەڵکەکەیدا قەتیس کرد. کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەو ڕۆژە، لە گەرمەی شەڕی وێرانکەر و کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراقدا، بۆمبهاوێژەکانی ڕژێمی فاشیستی بەعس، بێدەنگیی شارەکەیان بە دیارییەکی مەرگبار شکاند و بۆمبە کیمیاییەکانی خۆیان بە سەر سەری خەڵکێکی بێئاگا و بێ دیفاعدا باراند کە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگیرسان و بەردەوامیی ئەو شەڕەدا نەبوو.

کارەساتی سەردەشت، خاڵێکی وەرچەرخانی ترسناک بوو لە مێژووی شەڕە مۆدێرنەکاندا. دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، ئەمە یەکەم جار بوو کە چەکی کۆمەڵکوژ بە شێوازێکی ئاوا بەربڵاو دژی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و هاووڵاتییانی مەدەنی بەکار بهێندرێت. لەم جینایەتە مێژووییەدا، پتر لە ۱۳۰ مرۆڤی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش بۆ هەمیشە تووشی لێکەوتە بەئازارەکانی گازە ژەهراوییەکان بوون. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ۳۹ ساڵ، شوێنەوارەکانی ئەو کارەساتە مرۆییە هێشتا هەر ماون. بەرکەوتووانی ئەم هێرشە، نەک هەر بە دەست ئازار و مەینەتییەکی جەستەیی تاقەتپڕووکێنەوە دەناڵێنن، بەڵکوو لێکەوتەکانی ئەو کارەساتەیان گواستووەتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆشیان.

ڕژێمی بەعسی عێراق پێشتر لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستانی عێراق و لە بەرەکانی شەڕدا بە شێوەیەکی سنووردار چەکی کیمیایی بەکار هێنابوو، بەڵام هێرشکردنە سەر شارێک، گەیشتنە لوتکەی ئاستی تاوانەکانی ئەو شەڕە کۆنەپەرستانەی نیشان دا. ئەم هێرشە، تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. چەند مانگێک دواتر، سەدام حوسێن بە دیتنی بێدەربەستیی هێزە جیهانییەکان لە ئاست ئەو کارەساتە، هەمان جینایەتی لە ئاستێکی یەکجار ترسناکتردا لە هەڵەبجە دووبارە کردەوە و نزیکەی پێنج هەزار مرۆڤی کردە قوربانیی دەسەڵاتخوازییەکانی خۆی.

له‌م ناوەدا، ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته‌ ڕۆژئاواییه‌کان كه‌ خۆیان له‌ زومرەی داڕێژەرانی پرۆتۆکۆڵی قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵی ۱۹۲۵دا بوون، پەڵەیەکی ڕەشی هەمیشەیییە. ئەم دەوڵەتانە کە ماددە ژەهراوی و تەکنۆلۆژیای دروستکردنی چەکە کیمیاییەکانیان بە جینایەتکارانی شەڕ فرۆشتبوو، بەپێی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان، بەئەنقەست لە هەمبەر کارەساتی سەردەشتدا بێدەنگ بوون و بەم کارە، دەستی ڕژێمی بەعسیان بۆ دووبارەکردنەوەی تاوانەکە ئاوەڵا کرد. بێدەنگیی ئەوان، چرا سەوزێک بوو کە بووە هۆی کارەساتی هەڵەبجە.

بەڵام لەم گێڕانەوەیەدا، هاودەستێکی دیکەی تاوانەکەش بوونی هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە درێژایی ئەم ۳۹ ساڵەدا جگە لە مەزڵووم نماییەکی ڕیاکارانە و کەڵک وەرگرتنی پڕوپاگەندەیی لە خوێنی قوربانیان کارێکی نەکردووە، خۆی یەکێکە لە بەرپرسە سەرەکییەکانی زەمینەسازیی بۆ کارەساتێکی لەو شێوەیە. ئەو دەسەڵاتدارانەی لەو سەردەمەدا دەهۆڵیشەڕ شەڕ تا سەرکەوتنیان لێدەدا و خولیای ڕزگارکردنی قودسیان لە ڕێگەی کەربەلاوە لە سەردا بوو، بە سیاستی سەرکێشانەی خۆیان، ئاگری شەڕەکەیان خۆشتر کرد. خومەینی هەر لە سەرەتاوە، ئەو شەڕەی بەنێعمەتی خوداییناوبرد و وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، تێکشکاندنی شۆڕشی جەماوەر، سەرکوتکردنی بەربڵاوی کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی و سەندنەوەی تەواوی ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکانەی کە خەڵک لە شۆڕشی ۵۷دا بەدەستیان هێنابوو، بەکاری هێنا. جێگیرکردنی مۆڵگە سەربازییەکان لە ناو جەرگەی شارەکان، لەوانەش لە شاری سەردەشت، هاووڵاتییانی کردە قەڵغانی مرۆیی بۆ ئامانجە سەربازییەکانی ڕژێم و خستنیە بەر هێرشی ڕاستەوخۆی دوژمن.

ئەمڕۆ، فرمێسکی درۆینەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ قوربانیانی سەردەشت، ناتوانێت ئەم ڕاستییە مێژووییە بسڕێتەوە. لە تەواوی ئەو ساڵانەدا، هەزاران بەرکەوتوو و کەمئەندامی کیمیایی ئەم کارەساتە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگەن، لە سەرەتاییترین پێداویستییە دەرمانییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانیان بێبەش کراون. ڕژێم ساڵانە بە سازکردنی ڕێوڕەسمی فەرمی و فەرمایشی، لە ناوی سەردەشت بۆ پیرۆزکردنی شەڕ و پاساو کردنی جینایەتەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام تەنیا شتێک کە هیچ بایەخێکی پێ نەدات، بریتییە لە ژیان و چارەنووسی ئەو قوربانیانەی کە لافی داکۆکیکردنیان لێدەدات.

مێژوو، ناوی تاوانبارانی وەک سەدام و هاودەستەکانی، وەک بەرپرس و سەبەبکاری ڕاستەوخۆی بۆردومانی کیمیایی سەردەشت تۆمار کردووە. بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا، ناوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وەک هاودەستێکی ئەو جینایەتە کە بە سیاسەتی شەڕخوازانەیان زەمینەیان بۆ ئەم کارەساتە خۆش کرد و پاشان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان سوودیان لێ وەرگرت، لەبیر ناکات.

لە ساڵیادی ئەم کارەساتە مرۆییەدا، وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی ئەو مرۆڤە بێ دیفاعانەی کە ئازیزیان لەدەستدا، جارێکی دیکە نەفرەت و بێزاریی قووڵی خۆمان لەو شەڕە کۆنەپەرستانە و سەرجەم بڕیاردەران، بکەران و هاوبەشانی ئەم جینایەتە گەورەیە دەردەبڕین. سەردەشت، بەڵگەیەکی زیندووی ماڵوێرانییەکانی شەڕ و ڕیاکاریی ئەو حکوومەتانەیە کە ژیانی مرۆڤەکان وەک ئامرازێک لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە دژەمرۆییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net