
بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کەلێنی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی سامانی دەوڵەمەندان، ژمارەی خەڵکی هەژار و چینی مامناوەندیش ڕووبەڕووی فشارە ئابوورییەکان بوونەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، ژمارەیەکی کەم لە دەوڵەمەندان بەشێکی زۆری سامانی نیشتمانییان لەدەستدایە، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک، نیشتەجێبوون و وزە، فشارێکی قورسی خستووەتە سەر بنەماڵە کەمداهاتەکان. هەروەها ئاماژە کراوە کە جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەکان، بە تایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆکاری قووڵتربوونەوەی ئەم جیاوازییە بوون. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، لاوازیی چینی مامناوەند و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ناو گەنجاندا. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نەبوونی دادپەروەریی ئابووری و کەڵەکەبوونی سامان لەدەست گروپێکی بچووکدا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی ناوچەکە.