
ناکۆکی لەسەر یاسای خزمەتی سەربازی و بەخشینی یەهوودییە ئۆرتۆدۆکسە توندڕەوەکان، قەیرانێکی سیاسیی نوێی لە ئیسرائیلدا دروست کردووە و بووەتە یەکێک لە جدیترین ئاڵەنگارییە سیاسییەکانی حکوومەتی بێنیامین ناتانیاهۆ.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ناکۆکیانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەرلەمانی ئیسرائیلی تا لێواری هەڵوەشاندنەوە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بردووە و درز و ململانێی نێوان حکوومەت، حیزبە ئایینییەکان و هێزە یەدەگەکانی سپای قووڵتر کردووەتەوە. حیزبەکانی “حەریدی” داوای بەردەوامبوونی بەخشینی فێرخوازانی قوتابخانە ئایینییەکان لە خزمەتی سەربازی دەکەن. حیزبە ئایینییەکان هەروەها هەڕەشەیان کردووە: لە ئەگەری گۆڕینی یاساکە و لابردنی بەخشینەکان، لە هاوپەیمانێتیی دەسەڵاتدار دەکشێنەوە، کارێکی کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی حکوومەت و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە.