لەسێدارەدان، تیرۆری دەوڵەتیی، لە پێناو سەپاندنی دەسەڵاتێکی ناڕەوادا

لەسێدارەدان، بە هەر شێوازێک و لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، هیچ شتێک نییە جگە لە کوشتنی بەئەنقەستی ڕێکخراو بە دەستی دەوڵەت. کاتێک ئەم سزایە دەکەوێتە دەست حکوومەتێکی کە نە مەشروعییەتی جەماوەری هەیە و نە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە فەرمی دەناسێت، لەسێدارەدان دەبێتە ئامرازێکی ئاشکرا بۆ تیرۆری دەوڵەتیی، ئامرازێک بۆ سەپاندنی بێدەنگی بەسەر کۆمەڵگادا. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لە دیارترین نموونەکانی دۆخێکی لەم شێوەیە، حکومەتێکی کە لە تەواوی تەمەنی خۆیدا، پەتی سێدارەی کردووە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوەی سیاسیی خۆی.

لە سەرەتای ئاگربەستی شەڕی چل ڕۆژەوە، کۆماری ئیسلامی هه‌موو ڕۆژێک لانی‌کەم بەندکراوێکی سیاسیی لەسێدارە داوە. ئەم پرۆسەیە بەڕێکەوت نییە. هەر کاتێک قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئەمنی پەرەدەسێنێت، دام و دەزگای لەسێدارەدانیش بە خێراییەکی زیاترەوە دەکەوێتە گەڕ. دەسەڵاتێکی کە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی جەماوەریی، نەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی و قەیرانە ئاڵۆز و یەک لەدوای یەکە سیاسی و ئابوورییەکان بەرەوڕووە، بۆ نیشاندانی هێز پەنا دەباتە بەر سادەترین و دڕندانەترین ئامرازی خۆی، کە ئەویش بریتییە لە سەندنەوەی گیانی مرۆڤەکانە.

بەڵام لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی تەنیا بەشێکە لەم سیاسەتی چاوترسێنکردنە. کۆماری ئیسلامی هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆی نەیارانی سیاسی، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لەو پەروەندانەشدا کە بەتاوانە ئاساییەکانناسراون، چڕتر کردووەتەوە. ئامانج لەم سیاسەتە دووفاقییە، ئاساییکردنەوەی مەرگ، پەرەپێدانی کەشی ترس و تۆقاندن و سڕکردنی کۆمەڵگایە لە ئاست توندوتیژیی دەوڵەتیدا. کاتێک هه‌موو ڕۆژێک هەواڵی لەسێدارەدانی چەند مرۆڤێک بڵاودەبێتەوە، حکومەت هەوڵ دەدات مەرگ بکاتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و ڕووداوێکی بەردەوام ئاسایی کە هەستیاریی گشتی لەناو ببات.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانی‌کەم ٧٤٧ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ئەمە بەرزترین ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٠وە تا ئێستا.

نموونەی بەئازاری لەسێدارەدانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری ئەسما زارعی، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل، قووڵایی ئەم دڵڕەقی و وەحشیگەرییە نیشان دەدات. ئەو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دووگیان بوو و منداڵەکەی لە ناو چواردیواری بەندیخانەدا لەدایکبوو. ئەم منداڵە ئێستا لە تەمەنی دوو ساڵیدا بۆ هەمیشە لە سۆزی دایکی بێبەش کراوە. لەسێدارەدانی ژنێکی گەنج تەنیا مردنی تاکێک نییە، بەڵکوو مەحکوومکردنی منداڵێکە بە بێدایکی، بنەماڵەیەک بە داغداربوونی هەمیشەیی و کۆمەڵگایەک بە تەحەمولی زامێکی ئەخلاقی. لە هەمان بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەردەبیل دا، نزیکەی ٨٠ بەندکراو ڕاگیراون و لانی‌کەم حەوت ژنی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ژنانێکی کە هه‌موو ڕۆژ و شەوێک لەگەڵ کابووسی بیستنی ناوی خۆیان بۆ گواستنەوەیان بۆ پای پەتی سێدارە دەژین.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهاندا تۆمار کردووە. لەم ساڵەدا لانی‌کەم ٤٨ ژن لەسێدارەدراون. ئەمەش واتە زیادبوونی پەنجاو پێنج لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتردا. ئەم ئامارە تەنیا نیشاندەری ئاستی سەرکوتکردنەکان نییە، بەڵکوو نیشاندەری پێگەی ژنانە لە سیستمێکدا کە ژنکوژی و دژەنبوون، کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنان و سەرکوتکردنی دەنگی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە سروشتی ئەو شێوازە سەرکوتە. زۆربەی ئەو ژنانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێت، خۆیان قوربانیی ساڵانێکی زۆر لە هەژاری، توندوتیژیی خێزانی، بێ مافی، هەڵاواردن و بێپەنایی کۆمەڵایەتی بوون. سیستەمێکی کە نەک هەر پشتگیریی لێ نەکردوون، بەڵکوو لە کۆتاییدا لەلایەن هەر ئەو سیستمەوە دەبڕدرێنە پای سێدارە.

کۆماری ئیسلامی نەک هەر یەکێکەل لە پڕ ئەژمارەترین، بەڵکوو یەکێک لە دڕندەترین سیستمەکانی لەسێدارەدان لە جیهاندا بەڕێوە دەبات. ئەم ڕژێمە لەو دەگمەن حکوومەتانەیە کە هێشتاش ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا لەژێر تەمەنی یاساییدان، لەسێدارە دەدات. هەروەها بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەبەرچاوی جەماوەر، جەستەی مرۆڤ دەکاتە شانۆی نیشاندانی هێز، مرۆڤەکان لە مەیدان و کۆڵاندا بە دەکەلی جەرسەقیلەکانەوە هەڵدەواسێت تا مەرگ بخاتە بەر چاوی هەموان و تۆی ترس و خۆف لە مێشک و زێهنی هاووڵاتیاندا بچەسپێنێت. دیمەنی لەم شێوەیە، ڕێوڕەسمی ئاشکرای سووکایەتیکردنن بە مرۆڤ.

دام و دەزگای تەبلیغاتی حکومەت هەوڵ دەدات لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی تاوان، دابینکردنی ئاسایش و جێبەجێکردنی دادپەروەری بناسێنێت. بەڵام ئەزموونی جیهانی و توێژینەوە باوەڕپێکراوەکان گەلێک جار نیشانیانداوە کە سزای لەسێدارەدان کاریگەرییەکی ڕێگریکارانەی کاریگەرتری لە سزا جێگرەوەکانی تر نییە. هیچ کۆمەڵگایەک بە کوشتنی کەسانێکی کە گومانی تاوانباربوونیان لەسەرە، ئەمن و ئارامتر نەبووە. ئاسایشی کۆمەڵایەتی نە لە پەتی سێدارەوە، بەڵکوو لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەروەردە، خۆشگوزەرانی، یەکسانی، پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، ڕەخساندنی هەلی کار، کەمکردنەوەی هەژاری و بوونی سیستمێکی دادوەریی دادپەروەرانەوە سەرچاوە دەگرێت.

واقیعییەت ئەوەیە کە مرۆڤەکان هەر لەسەرەتاوە بە بکوژ، سەرپێچیکار یان تاوانبار لەدایک نابن. زۆربەی تاوانەکان لە بەستێنی پڕ لە هەژاریی پێکهاتەیی، بێکاری، بێبەشی، ئالودەبوون بە مادەهۆشبەرەکان، توندوتیژی، ناعەداڵەتی، هەڵاواردن و داڕمانی پشتگیرییە کۆمەڵایەتییەکاندا شکڵ دەگرن. حکومەتێکی کە بە سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، هەژاری، بێهیوایی و توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە، دواتر قوربانیانی هەر ئەم بارودۆخە بە ناوی عەداڵەتەوە لەسێدارە دەدات. ئەمە ئەوپەڕی دووڕوویی نەزمێکی ناعادڵانەیە. سەرەتا مرۆڤەکان لە دۆخێکی بێبەشی و پڕ لە توندوتیژیدا بەجێدەهێڵێت، پاشان بەهۆی لێکەوتەکانی هەمان بارودۆخ، لەناویاندا دەبات.

لە دۆسیە سیاسییەکاندا، بابەتەکە زۆر لەوەش ڕوونترە. لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی، هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی نەیاران و دروستکردنی ترس لە ناو کۆمەڵگای ناڕازیدا. کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ساڵەکانی دامەزراندنییەوە، هەر لە ئێعدامە بەربڵاوەکانی ڕۆژانی سەرەتای دوای ڕووخانی ڕژێمی شاوە بگرە تا دەیەی شەست و تا لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و هەڵسووڕاوانی سیاسی، نیشانی داوە کە بۆ سڕینەوەی نەیارەکانی، لە هیچ چەشنە توندوتیژییەک دەست ناپارێزێت. دادگاییکردنە چەند خولەکییەکان،وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە، بێبەشکردن لە پارێزەر، پەروەندەسازی ئەمنییەتی و دەرکردنی سزای مەرگ، لە زومرەی پێکهاتە ناسراوەکانی ئەم دەزگای سەرکوتەیە.

بەڵام هەرچەندە حکومەت زیاتر لەسێدارە بدات، زیاتر ئەوە نیشان دەدات کە لە کۆمەڵگا دەترسێت. لەسێدارەدان نیشانەی هێز نییە، نیشانەی قەیرانی مەشروعییەتە. حکومەتێکی کە بتوانێت بە ڕەزامەندیی جەماوەر حوکمڕانی بکات، پێویستی بەوە نییە هه‌موو ڕۆژێک پەتی سێدارە هەڵواسێت. هەرچەندە سزاکان دڕندانەتر و بێ بەزییانەتر دەبن، ئەو ڕاستییە پتر دەسەلمێنن کە دەسەڵات تا چ ڕادەیەک لە ئاست پاراستنی دەسەڵاتی خۆیدا بێتوانا و سەرلێشێواوە. کۆماری ئیسلامی کە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە ئازادی، خۆشگوزەرانی، ئەمنییەتی ئینسانی یان دادپەروەری بۆ خەڵک دابین بکات، ئێستا بە چڕکردنەوەی لەسێدارەدانەکان هەوڵ دەدات نەبوونی مەشروعیەت بە زاڵکردنی ترس و تۆقاندن قەرەبوو بکاتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ترس هەمیشە بەردەوام نابێت. هەر لەسێدارەدانێک، بنەماڵەیەک داغدار دەکات، بەڵام هاوکات تۆوی تووڕەییەکی نوێ لە کۆمەڵگادا دەچێنێت. هەر پەتێکی سێدارە، ڕەنگە بۆ ساتێک بێدەنگی بسەپێنێت، بەڵام لە یادەوەریی کۆمەڵانی خەڵکدا دەبێتە بەڵگەیەک لەدژی دەسەڵات. مێژوو نیشانی داوە کە توندوتیژیی دەوڵەتی دەتوانێت بزووتنەوەکان سەرکوت بکات، بەڵام ناتوانێت ئاواتی ئازادی و دادپەروەری لەناو ببات.

لەمڕووەوە، دەبێت خەبات لەدژی لەسێدارەدان، خەباتێکی بنەڕەتی، گشتگیر و بێ جیاوازی بێت. ئیدانەکردنی لەسێدارەدانە سیاسییەکان پێویستە، بەڵام بەس نییە. ئەگەر تەنیا لەدژی لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی بوەستینەوە و لەسێدارەدانی بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان قبووڵ بکەین، ئەوا ئەسڵی مافی ژیانمان مەرجدار کردووە. مافی ژیان مافێکی گشتییە، نە پاداشتێکە بۆ بێتاوانیی سیاسی و نە ئیمتیازێکە کە دەوڵەت بتوانێت وەریبگرێتەوە. دژایەتیکردنی لەسێدارەدان دەبێت هەموو مرۆڤەکان بگرێتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تاوانێکى کە دراوەتە پاڵی، پێگەی کۆمەڵایەتی، بیروباوەڕ، ڕەگەز، نەتەوە یان ئایین.

ئەمڕۆ بەرگریکردنی بێ شەرت و مەرج لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات لەپێناو کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و ئینسانیدا. ناتوانرێت داوای ڕزگاربوون لە ستەمکاری بکرێت و لە ئاست دام و دەزگای مەرگدا بێدەنگ بیت. ناتوانرێت باسی کەرامەتی مرۆڤ بکرێت و گیانی مرۆڤ بە پەتی سێدارە بسپێردرێت. خەبات لەدژی لەسێدارەدان، خەباتە لەپێناو مافی ژیان، لەپێناو کەرامەتی ئینسانی و کۆتاییهێنان بە یەکێک لە دڕندانەترین شێوازەکانی توندوتیژیی دەوڵەتیی. ئەم خەباتە دەبێت ببێتە داواکارییەکی گشتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی: نا بۆ لەسێدارەدان، لە هەر کاتێکدا، لە هەر شوێنێک و لەدژی هەر مرۆڤێک.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net