
سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە گەندەڵترین و دژەخەڵکیترین سیستمە دادوەرییەکانی جیهانی هاوچەرخ. ئەم ڕاستییە، پوختە و دەرەنجامی چەندین دەیە سەرکوت، لەسێدارەدان، هەڵاواردن، دزیی و تاڵان و بڕۆی ڕێکخراو و بێڕێزیی موتڵەقە بە کەرامەتی مرۆڤ لەم سیستمە دادوەرییەدا.
لەسێدارەدانی ئەفسانە زەندئابادی لە بەندیخانەی تەورێز، ڕێک لە ناوەڕاستی هەراوهوریای شەڕی دژەخەڵکیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نموونەیەکی هەژێنەر و ئاشکرای ئەم گەندەڵی و دژایەتییەیە لەگەڵ مرۆڤ، نموونەیەکی کە لەژێر داروپەردووی شەڕ و تەبلیغاتی حکومەتدا، وەک پێویست نەبینرا و دەرکی پێنەکرا.
ئەفسانە زەندئابادی، قوربانییەک بوو کە لە جیاتی تاوانبارەکە سزا درا. ئەفسانە کچێکی گەنجی ٢٢ ساڵان بوو کە ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٥ لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لەسێدارە درا. تۆمەتی فەرمی ئەو بریتی بوو لە “تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر“، بەڵام چیرۆکی ژیانی، چیرۆکی قوربانییەکی کلاسیکی توندوتیژیی بنەماڵەیی، دەستدرێژیی سێکسی و چەوساندنەوەی ئابووری بوو.
ئەفسانە ساڵانێک لەمەوبەر باوکی لەدەستدابوو. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، دایکی لەگەڵ پیاوێک بە ناوی ئەسەدوڵڵا خانبەگی، کە پیشەی تایەفرۆشی بوو، هاوسەرگیری کرد و ئەفسانە بە ناچاری چووە ماڵی ئەو. هەر لە سەرەتاوە، زڕباوکی ڕێگەی پێ نەدا درێژە بە خوێندنەکەی بدات، پچڕانی ڕێگەی خوێندن و سەربەخۆیی، یەکەم هەنگاوە بەمەبەستی ئامادەکردنی قوربانی بە مەبەستی باڵادەستی و خراپ بەکارهێنان.
لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، زڕباوکی ئۆتۆمبێلێکی پژۆ ٢٠٦ی بۆ کڕی، نەک وەک دیاریی ڕۆژی لەدایکبوون، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەر. ئەو ئەم ئۆتۆمبێلەی بۆ ڕاگرتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنا و لە هەمان کاتدا، بە بەڵێنی دەوڵەمەندبوون و ژیانێکی تێروتەسەل، ئەفسانەی بە شێنەیی بردە ناو ئەم گێژاوەوە. ئەم “ئامادەکردنە هەنگاو بە هەنگاوە” ڕێک ئەو پڕۆسەیەیە کە لە ئەدەبیاتی یاساییدا بە “گروومینگ” دەناسرێت، واتە ئامادەکردنی سیستماتیکی قوربانی بۆ خراپ بەکارهێنان.
بەڵام تاوانەکە تەنیا ئابووری نەبوو. ئەفسانە لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییدا بە ڕاشکاوی ووتی کە زڕباوکی چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەری و بە هەڕەشەی گیانی و دەروونی، ناچاری کردووە بێدەنگ بێت و هاوکاریی بکات، بە ڕادەیەکی کە ئەو تەنانەت توانای گێڕانەوەی ڕاستییەکانی بۆ دایکیشی نەبوو. ئەم بابەتەی لە بەندیخانەشدا بۆ هاوبەندییەکانی گێڕابووەوە.
سەرەنجام، پۆلیس ٢٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەفسانەدا دۆزییەوە، ئەو دەستبەسەر کرا و لە دادگای ڕژێمدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. زڕباوکیشی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی لە کاتی دەستگیرکردنیدا “بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ” ماددەی هۆشبەری پێ نەبوو، ئازاد کرا و تەواوی قورسایی یاسایی و دۆسیەکە کەوتە ئەستۆی کچێکی گەنج، هەژار، بێپەنا و ئازارچێشتوو. لێرەدا یەکەم سیمای ڕاستەقینەی گەندەڵیی سیستمی دادوەری بە ڕوونی دەردەکەوێت: قوربانی سزا دەدرێت و هۆکار و سەبەبکاری سەرەکیی توندوتیژی و چەوساندنەوە، خۆی لە هەر دەرەنجامێکی یاسایی جددی دەرباز دەکات.
ئەو سیستمە دادوەرییەی کە ئەفسانەی لەسێدارە دا، لەسەر بنەمای دژەمرۆڤانەترین و کۆنەپەرستانەترین خوێندنەوەی فیقهیی سەردەمی “جاهیلییەت” لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و لۆژیکی دادگاکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئوورووپا دامەزراوە. ئەم دەزگایە، بەشێکە لە ئامێری ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵات و سەرکوتی کۆمەڵگە.
لەم سیستمەدا، ژن بە فەرمی مافی دادوەریی نییە. واتە نیوەی کۆمەڵگە، تەنیا بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە لە ئەگەری دانیشتن لەسەر کورسیی دادوەری بێبەشکراون. یاساکانی بنەماڵە، قەساس، دییە، میرات و زۆربەی حوکمەکانی سزا، لەسەر بنەمای هەڵاواردن لەدژی ژن بونیاد نراون. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا، سروشتییە کە توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز نە بە جددی وەربگیرێت و نە وەک هۆکارێک بۆ سووککردنی سزا سەیر بکرێت.
قەساس، شەللاق لێدان لەپێشچاوی خەڵک و جۆرەکانی سزادان لەم نیزامەدا، ڕاستەوخۆ ئامرازێکن بۆ زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە ناو خەڵکدا و جێگیرکردنی باڵادەستیی ئایدۆلۆژی. ئەشکەنجەدانی زیندانی لەژێر ناوی سزا، واتە “تەعزیر” لە گوتاری ئاینیی فەرمیدا، پاداشتی ئەو دونیاشی هەیەم! بابەتی دەستدرێژی بۆ سەر کچانی پاکیزە پێش لەسێدارەدان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن شایەتحاڵان و زیندانیانی سیاسییەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم لۆژیکە نەخۆشەدا، بە “سەواب” و “پاداشت” ئەژمار کراوە. سیستمێکی لەم شێوەیە لە بنەڕەتدا گەندەڵکارە” چونکە خودی یاسا مەشروعییەت و ڕەوایی ئاینی و سیاسی دەدات بە ئەشکەنجەدەر و دەستدرێژیکار.
هەمان ئەو دەزگایەی کە گەنجانی وەک ئەفسانە بە تاوانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری، توندوتیژیی بنەماڵەیی و چەوساندنەوە، مەحکووم بە مەرگ دەکات، لە هەمبەر دزینی ملیار دۆلاری و ڕانتخۆریی ڕێکخراوی سەر بە دەسەڵاتداران، بێدەنگ دەبێت، یاخود بە چەند حوکمێکی ڕواڵەتی و نمایشی، کێشەکە دادەپۆشێت.
بەراوردی نێوان شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ “تاوانی هەژاران” و نەرمیوانواندن لەگەڵ “تاوانی دەسەڵاتداران“، یەکێکە لە ئاشکراترین پێوەرەکانی گەندەڵیی دام و دەزگای دادوەری لە هەر وڵاتێکدا و لە ئێران، ئەم ڕێژەیە بە شێوەیەکی هەژێنەر نادادپەروەرانەیە.
دۆسیەی ئەفسانە زەندئابادی تەنیا تراژیدیایەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هێمای مۆدێلێکی دووبارەبووەوەیە. لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک هۆکارە گرنگەکانی سووککردنی سزا لەبارەی ژنانەوە پشتگوێ دەخرێن، تێگەیشتن و گرنگیپێدانی جدییان بۆ بابەتی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز نییە و نایانەوێت ببینن کە چۆن هەژاری و دەستدرێژیی سێکسی، ژنانی ئازارچێشتوو دەخاتە سەر ڕێگەی “تاوانکاریی زۆرەملێ“. ئەم نابیناییە بەئەنقەستە، لە ئامارەکانیشدا خۆی نیشان دەدات: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراوی لەسێدارەدانی ژنانی لە جیهاندا هەیە. ئەفسانە زەندئابادی حەوتەمین ژنی تۆمارکراو بوو لە ساڵی ٢٠٢٦دا کە لەسێدارە درا. لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانی کەم ٤٨ ژن لە ئێران لەسێدارە دراون، ژمارەیەکی کە بەرزترین ئاماری تۆمارکراوی لەسێدارەدانی ژنانە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
سیستمێکی کە ئیدیعای “پشتیوانیکردنی بنەماڵە” دەکات، بەکردەوە ژنانیێک لەسێدارە دەدات کە زۆربەیان بەرهەمی ئاوێتەک لە هەژاری، توندوتیژیی بنەماڵەیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێپەنایین.
سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە شێوەیەکی بێبەزەییانە لەگەڵ ناڕازیانی سیاسی، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، کەمینەکان و ژنان مامەڵە دەکات، بەردەوام لە هەمبەر بڕیادەران و ئەنجامدەرانی گەندەڵیی گەورە، سەرکوتی خوێناوی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی لەناو گرتوخانەکاندا، پارێزبەندیی دادوەری دابین دەکات. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا، گەندەڵی ڕووداوێکی بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو خودی سیستەمەکەیە.
دۆسیەی ئەفسانە زەندئابادی ئەگەر لە ناو هەواڵەکانی شەڕ و پڕوپاگەندەی فەرمی دەربهێنین و بە وردی سەیری بکەین، وێنەیەکی ڕوونمان پێدەدات. ڕژێمێکی کە قوربانیی توندوتیژیی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ئابووری، بە پەتی سێدارە دەسپێرێت و هاوکات، دەرفەتی ژیان، دەسەڵات و سەروەت دەبەخشێت بە دەستدرێژیکار و چەوسێنەر.
ئەفسانە زەندئابادی دەیتوانی ببێتە هێمای بەرگریی لە دژی توندوتیژی، هێمای هەوڵدان بۆ مانەوە، و دەستپێکی گفتوگۆیەک لەسەر توندوتیژیی بنەماڵەیی، دەستدرێژی، هەژاری و چەوساندنەوەی ژنانی گەنج لە ئێران. بەڵام کۆماری ئیسلامی پێی باشتر بوو ناوبراو لە پەراوێزی شەڕ و پڕوپاگەندەدا، بە بێدەنگی لەسێدارە بدات.
تا ئەو کاتەی ئەم ڕژێمە و ئەم “عەداڵەتخانەی ئیسلامییە” بەم لۆژیک و پێکهاتەیەوە لەسەرکارە، هەر دۆسیەیەکی وەک ئەفسانە زەندئابادی، نەک ڕووداوێکی دەگمەن، بەڵکوو درێژەی لۆژیکی و سروشتیی سیستمێک دەبێت کە دادپەروەریی پێچەوانە کردووەتەوە، واتە: قوربانی دەکوژێت، تاوانبار دەشارێتەوە و ناوی ئەم جینایەتە ئاشکرایەش دەنێت “جێبەجێکردنی حوکمی ئیلاهی“.