
تاریک و ڕوونی بەیانی کرێکار لە ماڵێکی کرێی پەڕەوێزی شار دێتە دەرەوە، ڕەنگە بەر لەوەی منداڵەکەی لە خەو هەڵسێت، یان ڕەنگە دوای ئەوەی بڕێک نان و پەنێری خستووەتە کیسەیەکی پلاستیکییەوە. مەبەستی ئەو چوون بۆ بینایەکی نیوەتەواوە، بورجێکی کە بڕیارە دوای چەند مانگێکی تر بە دیمەنێکی مودێڕن و گرانبەها، پارکینگ، لۆبی و ئاسانسۆری شیکەوە ڕادەستی کڕیاران بکرێت. بەڵام بۆ ئەو کرێکارەی پەیکەری ئەو بینایە بەرز دەکاتەوە، ئەم شوێنی کارە نەک شوێنی بەرهەمهێنانی سەرمایە، بەڵکوو دەکرێت دوا وێستگەی ژیانی بێت.
ئەو بەسەر داربەستێکدا سەردەکەوێت کە دیار نییە دوایین جار کەی پیچ و بستەکانی کۆنترۆڵ کراوە. بەسەر نهۆمە نیوەکارەکاندا دێت و دەچێت، شوێنێکی مەترسیداری کە کوێسوانەکانی بێپەرژینن، تۆڕی ئەمنییەتی بوونی نییە و بیرچەی ئاسانسۆرەکە بە تەختە دارێکی لەقولۆق یان پارچە پلاستیکێک داپۆشراوە. ئەگەری هەیە کەمەربەندی ئەمنییەتیشی پێنەبێت، یان کەمەربەندێکی کۆن و ڕزیویان پێدابێت کە بەستنەوەی بە خاڵێکی ئەمنەوە ئەستەمە. بەڵام دەبێت کارەکە بەرەو پێش بچێت. بەڵێندەر پەلەیەتی، خاوەنکار وادەی ڕادەستکردنی دیاریکردووە، نرخی مەواد و کەلوپەلەکان بەرز دەبنەوە و هەر کاتژمێرێک وەستان، لە قازانجی پڕۆژەکە کەم دەکاتەوە.
کاتیژمێرێک دواتر، خلیسکانێک، شکانی تەختە دارێک، داڕمانی بەشێک لە دیوارێک یان کەوتنەخوارەوە بۆ ناو بیرچەی ئاسانسۆر بەسە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی مرۆڤێک بهێنێت. هاوکارەکانی لە دەوری تەرمەکەی کۆدەبنەوە، یەکیان پەیوەندی بە بەشی فریاگوزاری بەپەلەوە دەکات، یەکیان بنەماڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە و ئەوی تریان ڕەنگە بە نیگەرانییەوە بیر لەوە بکاتەوە کە بەیانی نۆرەی ئەوە. پڕۆژەکە چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک دەوەستێت، چەند کەس لە بەرپرسان دێن، چەند ڕاپۆرتێک دەنووسرێن و پاشان کار لە سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە. کرێکارێکی تر شوێنی کارگەرە گیانبەختکردووەکە دەگرێتەوە. بیناکە بەرز دەبێتەوە و دۆسییەکی تر بە ئارشیڤی مەرگەکان زیاد دەبێت.
ڕاپۆرتی هەژێنەری ئاژانسی هەواڵی “ئیلنا” سەبارەت بە ڕووداوەکانی کار نیشان دەدات کە لە ماوەیەکی کەرتدا واتە لە ۲۸ی گەلاوێژەوە ۱ی خەرمانان، کارگەکانی بیناسازی لە بەشە جیاوازەکانی وڵات شاهیدی مەرگی ئەو کرێکارانە بوون کە بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان کاریان دەکرد. کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، داڕمانی داروپەردوو و کەوتنە ناو بیرچەی ئاسانسۆر، لە زومرەی ئەو ڕووداوانەن کە هێندە دووبارە بوونەتەوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئیتر نابنە سەر دێڕی یەکەمی هەواڵی ڕاگەیاندنەکان. مەرگی کرێکاری بیناسازی بەجۆرێک بووەتە “عادەتی ڕۆژانە، عادەتێکی ترسناک کە نابێت کۆمەڵگە ناچار بێت قبووڵی بکات.
دژوازییە تاڵەکە لەوەدایە کە ئەو کرێکارانەی کە سەرپەنای ئەمن بۆ دەوڵەمەندەکان، ناوەندە بازرگانییەکان و بورجە گرانبەهاکان دروست دەکەن، خۆیان لە سەرەتاییترین ئامرازی پاراستنی گیان بێبەشن. ئەوان لە بەرزایی دەیان مەتر کار دەکەن، بەڵام نە لە تۆڕی ئەمنییەتی ستاندارد خەبەرێک هەیە، نە لە پەرژینی گونجاو، نە لە ڕاهێنانی بەردەوام، و نە لە چاودێرییەکی ئەوتۆ کە بتوانێت خاوەنکار ناچار بە ڕەچاوکردنی یاساکانی کار بکات. لە بینایەکدا کە هەر مەترێکی بە ئامانجی قازانجی زیاتر دروست دەکرێت، گیانی مرۆڤ زۆربەی کات هەرزانترین بەشی پڕۆژەکەیە.
گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری ئارماتۆربەند لە قوم لەم ڕۆژانەی دواییدا، تەنیا هەواڵێکی خۆجێیی نەبوو، بەڵکوو وێنەیەکی چڕبووەوە بوو لە دۆخی هەزاران کرێکاری کە بەردەوام لەگەڵ مەترسییەکی هاوشێوەدا ژیان دەکەن. لە پشت هر ڕووداوێکەوە، بنەماڵەیەک وەستاوە: هاوسەرێک کە دەبێت هەواڵی مەرگی سەرپەرشتی ماڵەوە ببیسێت، منداڵێکی کە لەپڕ داهاتووی تاریک دەبێت، باوک و دایکێکی کە لەگەڵ لەدەستدانی جگەرگۆشەکەیان بەڕەوڕوو دەبنەوە. بۆ زۆربەی ئەم بنەماڵانە، کارەساتەکە بە ڕێوڕەسمێکی بەخاکسپاردن کۆتایی نایەت. کرێکارەکە لەوانەیە بیمە نەبێت، یان بیمەکەی کەم کوڕیی هەبێت، یان دۆسیەی ڕووداوەکە لە پڕۆسەی ئیداری و دادوەریدا تووشی گیروگرفت بێت. تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە مووچەیەکی بۆ دیاری دەکرێت، ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ تێچووی سەرسوڕهێنەری کرێی خانوو، خۆراک، دەرمان و پەروەردە هیچ هاوسەنگییەکی نییە.
لە بورجە بەرزەکاندا، بیرچەی ئاسانسۆر یەکێکە لە مەترسیدارترین شوێنەکانی کار. ئەم بیرچانە لە زۆربەی پڕۆژەکاندا پڕن لە خاشاک، میلگرد و ئاسنەواڵە. کەوتنەخوارەوە تێیاندا تەنیا کەوتنەخوارەوە نییە، بەڵکوو نوکی میلگردەکان دەتوانن زۆر مەترسیدار و کوشەندە بن. ساڵانێکە شارەزایان سەبارەت بە پێویستی ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی بیرچەکان، بەستنی پەرژینی بەهێز و پاککردنەوەی شوێنەکانی کار هۆشداری دەدەن، بەڵام ئەم هۆشدارییانە زۆربەی کات گرنگییان پێنادرێت. داربەستەکانیش لە زۆر حاڵەتدا مەرجە سەرەتاییەکانی ئەمنییەتیان نییە. یاسا بەستنی تۆڕی ئەمنییەتی لە مەودای دیاریکراودا کردووەتە ئیجباری، بەڵام یاسا لە زۆربەی کارگەکاندا تەنیا نووسراوەیەکی سەر کاغەزە.
کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات، لایەن و سەرچاوە بەرپرسەکان لەبری ئاشکراکردنی بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەی خاوەنکار و بەڵێندەر، ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و سووککردنی باری سەر شانیان. لە هەندێک دۆسیەدا دەوترێت کرێکارەکە کەمەربەندی ئەمنییەتی نەبەستووە یان بێ ئیحتیاتی کردووە. بەڵام پرسیاری ڕوون ئەوەیە کە: ئایا خاوەنکار کەلوپەلی ستانداری خستبووە بەردەستی؟ ئایا ڕاهێنانی پێویست پێشکەش کرابوو؟ ئایا دەرفەتی بەستنی کەمەربەندی ئەمنییەتی بۆ ڕەخسابوو؟ ئایا ئەندازیاری چاوەدێر و بەرپرسی ئەمنییەت، بەر لە ڕوودانی ڕووداوەکە مەترسییەکەیان دەستنیشان کردبوو و کارەکەیان ڕاگرتبوو؟
کرێکارێکی کە گیانی لەدەستداوە، ئیتر ناتوانێت دیفاع لە خۆی بکات. بەم حاڵەشەوە، هەندێ جار بەشێک لە تاوانەکە دەخرێتە پاڵ ئەو، بۆ ئەوەی پشکی بەرپرسیارێتی خاوەنکار کەم بێتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە تەنانەت ئەگەر کرێکارێک لە بەکارهێنانی کەلوپەلی ئەمنییەتی خۆی بپاریزێت، پێویستە خاوەنکار و ئەندازیاری چاوەدێر کارەکە ڕابگرن و تا کاتی دڵنیابوون لە نەمانی مەترسی، ئیجازەی بەردەوامبوونی کارەکە نەدەن. بەڵام لە سیستەمێکدا کە قازانج لە گیانی مرۆڤ گرنگترە، ڕاگرتنی کار بە چاوی “زەرەر” دەبینرێت و یاسا بە ئاسانی پشتگوێ دەخرێت.
نەبوونی ڕاهێنانی ئەمنییەت بەشێکی گرنگی تری ئەم کارەساتەیە. لە کاتێکدا پشکی بەشی بیناسازی لە ڕووداوەکانی کاردا، بەپێی ڕاپۆرتەکان، نزیکەی ۴۶ تا ۴۸ لەسەدە، ڕاهێنانەکانی ئەمنییەت زۆر سنووردار و ڕووکەشی و ناتەواون. لە هەندێک پارێزگا لە نێوان دەیان هەزار کرێکاری بیناسازی، تەنیا چەند سەد کەسێک خولی ڕاهێنانیان بینیوە. زۆربەی کرێکارانیش بەهۆی کارکردنی کاتی، شوێنگۆڕکێی بەردەوام لە نێوان پڕۆژەکاندا و گوشار بۆ دۆزینەوەی کار، لە بنەڕەتدا دەرفەتێکیان بۆ ڕاهێنان یان بەدواداچوونی نییە. کرێکارێکی کە ئەمڕۆ لە پڕۆژەیەکدا کار دەکات، دەکرێت بەیانی بۆ بەدەستهێنانی حەقدەست بچێت بۆ شار یان ناوەندێکی دیکەی کار، بێئەوەی پێشینەی کار، بیمە یان مافەکانی گەرەنتی کرابێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئامارە فەرمییەکان تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکان نیشان دەدەن. ژمارەیەکی زۆر لە ڕووداوەکان ئەسڵەن تۆمار ناکرێن. کرێکارانی ئەفغانستانی، کە بەشێکی زۆر لە هێزی کاری بیناسازی پێکدەهێنن، زۆربەی کات بەبێ بیمە، گرێبەست و ئیمکانی بەدواداچوونی یاسایی کار دەکەن. گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەوان لە زۆرجار لە ئامارەکاندا تۆمار ناکرێن. هەروەها زۆربەی دۆسیەکان لە شوێنی ڕووداوەکەدا، بە گوشار و ڕێککەوتنێکی نایەکسان لە نێوان خاوەنکار و بنەماڵەی کرێکارەکەدا چارەسەر دەکرێن، ڕێککەوتنێکی کە کەم تا زۆر هەمیشە بە زیانی پاشماوەکانی کەسە مردووەکە دەشکێتەوە و هیچ ئاسەواوارێکی فەرمی لێ بەجێنامێنێت.
زیانەکانی کار تەنیا لە کەوتنەخوارەوە و داڕماندا کورت نابنەوە. مەرگە بەشێنەیی و بێدەنگەکان، بەشە نادیارەکەی ئەم کارەساتەن. کرێکارانێکی کە ساڵانێک لە پترۆشیمیاییەکان، کانزاکان، سەنعەتی نەوت، کارگەی شیمیایی و کارخانە ئالودەکەرەکاندا کار دەکەن، بەردەوام لە گەڵ مەواددی ژەهراوی، تۆزوخۆڵ، گازە مەترسیدارەکان و ئامرازە کۆن و پرتوکاوەکان بەرەوڕوون. نەخۆشییەکانی هەناسە، نەخۆشییەکانی خوێن، نەخۆشی پێست، کۆئەندامی هەرس، شێرپەنجە، لەکارکەوتوویی و پیربوونی پێش وەختە، هەموویان لە زومرەی دەرئەنجامەکانی ژینگەی کاری نائەمنن. بەڵام ئەم مەرگانە زۆرکات بە “ڕووداوی کار” ناونابرێن و لە ئامارە فەرمییەکاندا ئاماژەیان پێناکرێت.
دەوڵەتیش لەبری دیفاع لە گیانی کرێکاران، بە کردەوە پشتیوانی لە نەزمێک دەکات کە بەرژەوەندی خاوەنکاری بەلاوە گرنگترە لە مافی ژیان و تەندروستی هێزی کار. پشکنین و بەدواداچوونەکان کەمن، سزاکان ڕێگر نین، بەڵێندەرایەتییە چەند لایەنەکان بەرپرسیارێتییەکان دابەش و ناڕوون دەکەن و یاساکانی ئێستاش لە زۆر حاڵەتدا جێبەجێ ناکرێن. خاوەنکارێکی کە بەهۆی کەمتەرخەمی و دابین نەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئەمنییەت، کرێکارێک دەنێرێتە قورگی مەرگەوە، بەکردەوە لەگەڵ سزایەک ڕووبەڕوو نابێتەوە کە هەم ئەو و هەم ئەوانی تر ناچار بکات بەر بە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە بگرن.
بەڵام ئەزموونی وڵاتە جۆراوجۆرەکان نیشان دەدات کە کەمبوونەوەی ڕووداوی گیانلەدەستدان لە ناوەندەکانی کار تەنیا بەرهەمی تەکنەلۆژیا یان یاسا و ڕێسای باشتر نییە. بەڵکوو فاکتەری دیاریکەر، بریتییە لە هێزی ڕێکخراوی کرێکاران. لەو وڵاتانەی کە یەکێتی و شۆڕا سەربەخۆ کرێکارییەکان مافی چاودێری لەسەر ئەمنییەت، مافی ڕاگرتنی کاری مەترسیدار و مافی دەربڕینی ناڕەزایەتییان هەیە بەبێ نیگەرانی لە دەرکردنیان، ڕێژەی ڕووداوەکانی گیانلەدەستدان زۆر کەمترە. لە ئاڵمان، شۆڕا کرێکارییەکان مافی دەخالەتیان هەیە لە مەسەلەی ئەمنییەتی شوێنی کار، لە سوئێد، حزووری نوێنەرانی ئەمنییەتی کرێکاران بەرچاوە و لە کانەدا، پشکنینی هاوبەش و ڕۆڵی چالاکی یەکێتییەکان لە کانزا و بیناسازییەکان، گیانی زۆر کەسیان لە مەترسی پاراستووە.
کەواتە، ئەمنییەتی شوێنی کار بەر لە هەموو شتێک، مەسەلەی هاوسەنگی هێزە. کرێکارێکی کە مافی پێکهێنانی ڕێکخراو، مانگرتن، ناڕەزایەتی و ڕاگرتنی کاری نائەمنی نەبێت، بەکردەوە تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، قبووڵکردنی مەترسی یان برسییەتی. بۆ کۆتایی هێنان بە مەرگی بەردەوام لە شوێنەکانی کار، پێویستە مافی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، چاودێری بەکۆمەڵ لەسەر ژینگەی کار، بیمەی تەواوی سەرجەم کرێکاران، لەوانە کرێکارانی کۆچبەر و سزادانی ڕاستەقینەی خاوەنکارانی سەرپێچیکار، بێتە داواکارییەکی بەپەلە و هەنووکەیی.