
کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکدا کە خۆی بە “قەیراناوی” ناوی دەبات، پەنای بردووەتەوە بەر ئامرازە هەمیشەییەکەی، واتە توندکردنەوەی کۆنترۆڵ و سەرکوت. پەسەندکردنی گشتییەتی پڕۆژەیاسای ناسراو بە “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نفووز” لە مەجلیسی ئیسلامی، نموونەیەکی تازەی ئەم ڕوانگەیەیە، ڕوانگەیەکی کە تێیدا هەر قەیرانێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی، دەبێتە بەهانەیەک بۆ توندترکردنەوەی کۆت و بەندە ئەمنییەکان لەسەر کۆمەڵگە.
پێناسەی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نفووز” بە جۆرێک هەڵبژێردراوە کە لە ڕوانینی یەکەمدا وەها دەردەکەوێت کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیخوڕی و چالاکیی دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان بێت، بەڵام وردبوونەوە لە ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیاسا ۱۹ مادەییە نیشان دەدات کە پانتاییەکی بە ڕادەیەکی زۆر لەم پێناسە سنووردارە بەرفراوانترە. بەپێی ئەوەی لە دەقی پڕۆژەکەدا هاتووە، پەیوەندی لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەرەکییەکان، هاوکارییە زانستی و زانکۆییەکان، پەیوەندی لەگەڵ باڵیۆزخانەکان، وەرگرتنی هەندێک هاوکاریی دارایی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، و کۆمەڵێک چالاکیی سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتیش دەتوانن بکەونە چوارچێوەی پێناسەی “نفووز“. ئەم بەرفراوانییە لە کردەوەدا بە مانای ئەوەیە کە ئەو پڕۆژەیە چەترێکی گشتگیرە بۆ بە تاوانناساندنی پانتاییەکی بەربڵاو لە چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان.
خاڵی سەرەکی لەو ڕەخنانەی کە تەنانەت لە ناوخۆی دەسەڵاتیشدا بەرامبەر بەم پڕۆژەیە دەخرێنە ڕوو، نەک ئەسڵی خەبات لەدژی سیخوڕی، بەڵکوو سنووربەندییەکی لێڵ و بە بەتەواوی ناڕوونە لە نێوان “نفووز” و پەیوەندیی ئاسایی و ڕەوای هاووڵاتییان لەگەڵ جیهانی دەرەوە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: کام دامەزراوە و لەسەر بنەمای کام پێوەرێکی ڕوون، بڕیار دەدات کە هاوکارییەکی زانستی، پەیوەندییەکی هەواڵگری، یان چالاکییەکی مەدەنی، واتای “نفووز“ە یان نا؟
بۆ نموونە، هاوکارییە زانستییەکان لەگەڵ دامەزراوە دەرەکییەکان بڕیارە لە لیستێکدا سنووردار بکرێت کە وەزارەتی ئیتلاعات، واتە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵات، دیاریی دەکات. ئەمە بەو مانایەیە کە توێژەرێک، مامۆستایەکی زانکۆ یان خوێندکارێک، بۆ هاوکاریی زانستی یا تەنانەت ناردنی نموونەی توێژینەوە بۆ ناوەندەکانی دەرەوەی وڵات، دەبێت سەرەتا لە فلتەری دەزگایەکی ئەمنی تێپەڕێت، و لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئەم لیستە لەپێشدا–دیاریکراوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای کەیفەری ببێتەوە. ئەم لۆژیکە لە بەشەکانی تری پڕۆژەکەشدا دووبارە دەبێتەوە و چالاکیی دامەزراوە مەدەنییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەگرێتەوە.
ئەوەی کە لە پشت ئەم پڕۆژەیەوەیە، بریتییە لە ترسی دەسەڵات لە هەر چەشنە پەیوەندییەکی سەربەخۆی کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ جیهانی دەرەوە. لە دۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووری، داڕمانی ئاستی بژێوی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێشەکان بەرەوڕووە، و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاو و بەردەوامی کۆمەڵایەتی، هەر جۆرە پەیوەندییەکی سەربەخۆی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و توێژەران لەگەڵ دامەزراوە و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان، وەک مەترسییەک بۆسەر مانەوەی ڕژێم سەیر دەکرێت. پڕۆژەی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نفووز” لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی ڕێڕەوی ئەم پەیوەندییانە، پێش ئەوەی ببێتە کەناڵێک بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکانی دیکتاتۆری و سەرکوت لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ ڕای گشتیی جیهانی.
پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم جۆرە پڕۆژانە هەمیشە لە کاتە هەستیارەکاندا و بە ئەدەبیاتێکی ئەمنییەتی–نەتەوەپەرستانە پەسەند دەکرێن، ئەدەبیاتێکی کە ئامانجەکەی بریتییە لە دروستکردنی کۆدەنگییەکی درۆینە لە دەوری تەوەرەی “بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی“، لە حاڵێکدا کارکردی ڕاستەقینەی، بریتییە لە پتەوکردنی پێگەی دەسەڵات و سڕینەوەی هەر دەنگێکی سەربەخۆ. ئەزموونی مێژوویی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵسووڕاوانی کرێکاری، پارێزەرانی مافی ژنان، چالاکانی ژینگە و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، بە ڕوونی نیشانی داوە کە ئەم جۆرە یاسایانە لە کردەوەدا نەک لەدژی سیخوڕە ڕاستەقینەکان، بەڵکوو لەدژی دەنگی ناڕەزایەتی ناوخۆ بەکار دەهێنرێن.
خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە تەنانەت لە نێوان باڵە جیاوازەکانی دەسەڵاتیشدا سەبارەت بەم پڕۆژەیە ڕای جیاواز هەیە، بەڵام ئەم جیاوازییە، وەک ئاماژەی پێکرا، نەک لەسەر پێویستی یا نەمانی پێویستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “نفووز“، بەڵکوو تەنیا لەسەر شێوازی جێبەجێکردنییەتی. ئەم خاڵە بە باشی نیشان دەدات کە لۆژیکی ئەمنییەتی–سەرکوتگەرانە لە گشتێتی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، بێ جیاوازی لە دەستەبەندی باڵەکان، شتێکی پەسەندکراو و هاوبەشە، ئەوەی جێگەی ململانێیە تەنیا ڕادە و پانتایی ئەنجامدانی ئەم سەرکوتەیە، نەک ئەسڵی پڕۆژەکە.
پڕۆژەی “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نفووز” دەبێت لە درێژەی سیاسەتی دێرینەی کۆماری ئیسلامیدا بۆ داخستنی دەرگاکانی پێوەندی نێوان کۆمەڵگەی ئێران و جیهانی دەرەوە، و هەروەها کۆنترۆڵکردنی هەر چەشنە گفتوگۆیەکی سەربەخۆی زانستی، ڕاگەیاندنی و مەدەنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەم پڕۆژەیە جارێکی تر کۆمەڵگە، بەتایبەت چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، زانکۆییەکان و چینی کرێکار، لەگەڵ ئامرازێکی تازەی سەرکوت و کۆنترۆڵکردن بەرەوڕوو دەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە لە کردەوەدا ئامرازێکە بۆ پتەوکردنی پێگەی دیکتاتۆریەت و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی، دەنگێکی کە لە دۆخی ئێستادا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستی بە پەیوەندی لەگەڵ جیهان و هاوپشتی نێودەوڵەتی هەیە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، گەشەکردنی تەکنەلۆژیا، تەقینەوەی زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریان گەیاندۆتە ئاستێکی کە ئەم جۆرە هەوڵە بێسوودانەی ڕژێم بە هیچ شوێنێک ناگات. ئەزموونی ئەم ساڵانەی دوایی نیشانی داوە کە تەنانەت توندترین فلتەرینگ و کۆنترۆڵی زانیاریش توانای زەوتکردنی ڕەوتی ئازادی داتاکانی نییە. کۆمەڵگەی ئێران، بەتایبەت نەوەی گەنج، ڕێگای نوێ بۆ پەیوەندی، زانیاریبەخشین و ڕێکخراوبوون دەدۆزێتەوە، ڕێگایەکی کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و کاری داخستنی دژوارتر دەبێت. وەک شاعیر وتەنی: “ڕاستی” ناتوانرێت بشاردرێتەوە، ئەگەر بەندی بکەیت، لە ڕۆچنەوە سەر دەردێنێت.