
پەرەسەندنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نێو خوێندکاران و تازەلاوان، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە جیدیترین ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران، قەیرانێکی کە نەک هەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی نەوەیەک دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو داهاتووی تاكەکەسی و کۆمەڵایەتیی ملیۆنان تازەلاویشی ڕووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە. خاڵی جێگەی نیگەرانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە خەریکە تەمەنی زۆر نزمتر و تەنانەت ئەو فەزایانەش دەگرێتەوە کە تا دوێنێ لە مەترسییەکانی ئەم بەڵایە پارێزراو بوون. قوتابخانە سەرەتاییەکان، گەڕەکە کرێکارییەکان و تەنانەت بێشکەی منداڵان لە زومرەی ئەوانەن.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی بەرپرسانی بێهزیستی لە هەندێک لە شارەکانی پارێزگای خۆراسان، ئەوەی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سەرەکی زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی خوێندکاران ڕوو بکەنە ماددەی هۆشبەر، ماددەیەکە بە ناوی “ناس“، ماددەیەکی کە بەهۆی بۆشایی یاساییەوە، فرۆشتنی بە تاوان ئەژمار ناکرێت و لە ئەنجامدا بەئاسانی لە سوپەرمارکێتەکانی دەوروبەری قوتابخانەکان لەبەردەستی منداڵان و تازەلاواندایە. بە وتەی بەرپرسانی ناوچەکە بەکارهێنانی ئەم ماددەیە تەنانەت لە قۆناغی دووەمی سەرەتاییەوە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی یەکەمی ناوەندی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێوان خوێندکاراندا بڵاو بووەتەوە. ئەم دۆخە ئەگەرچی لە پارێزگای خۆراسان بەرچاوترە، بەڵام بە وتەی بەرپرسان، ئەم دیاردەیە تەنیا لە یەک پارێزگا نییە و لە زۆربەی شوێنەکانی وڵات بە ئاستی جیاواز دەبینرێت.
کارەساتبارتر لە بەکارهێنانی ناس لە قوتابخانەکان، دۆخی ئەو منداڵانەیە کە پێش لەدایکبوونیشیان لە مەترسی ئاڵوودەبوون نەپارێزراون. بەرپرسانی بێهزیستی دەڵێن لە هەندێک حاڵەتدا کۆرپەلەکان بەهۆی ئاڵوودەبوونی دایکەوە، کاتێک لەدایک دەبن ئاڵوودەن بە ماددەی هۆشبەر. لەو بنەماڵانەی کە هەردوو دایک و باوکەکە ئاڵوودەن، منداڵان لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانیاندا کە زۆرتر لەناو ژینگەی ماڵدا تێدەپەڕێت، بەهۆی بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ دووکەڵی ماددەی هۆشبەر، دیاردەیەکی کە پێی دەوترێت “دووکەڵخۆر بوون“، بەرەبەرە نیشانە و ڕەفتاری کەسێکی ئاڵوودە لە خۆیان نێشان دەدەن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، زۆربەی ئەو منداڵانەی لە بنەماڵەکانیان جیا کراونەتەوە، منداڵانی ژێر تەمەنی دە ساڵ بوون کە لە ژینگەیەکی پیسبوو بە ماددەی هۆشبەردا گەشەیان کردووە و خۆشیان گیرۆدە بوون. لێکۆڵینەوەکان لەم دیاردەیە دەریخستووە کە پەرەسەندنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نێو خوێندکاراندا، چەندین هۆکاری هەیە. لە ئاستی تاکەکەسیدا، متمانەبەخۆبوونی نزم، سەربزێوی سەردەمی تازەلاوی و فشاری هاوتەمەنەکانیان، لە زومرەی زەمینە دەروونییەکانی ڕووتێکردن و گیرۆدەبوونی تازەلاوان بە ماددەی هۆشبەرن. لە پاڵ ئەم هۆکارانەدا، بنەماڵەش ڕۆڵێکی یەکلایکەرەوە دەگێڕێت، پەیوەندی ناتەندروستی بنەماڵە، شێوازی نەگونجاوی پەروەردەکردنی منداڵ و بەتایبەتی گوشاری ئابووریی بەردەوام لەسەر بنەماڵە کرێکاری و کەمدرامەتەکان، ژینگەکە بۆ تووشبوونی منداڵان بە ئاماددەی هۆشبەر خۆش دەکات. لە ئاستێکی بەربڵاوتردا، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە ماددەی هۆشبەر، نەبوونی ڕێگریی یاسایی بۆ ماددەیەکی وەک ناس، کەمتەرخەمی و گرینگی نەدانی بەشێک لە کۆمەڵگە بە مەترسییەکانی، زەمینەی گەشەسەندنی ئەم دیاردەیەی ڕەخساندووە. لە کۆتاییدا، قوتابخانەش لەم هاوکێشەیە جیا نییە، دابەزینی ئاستی خوێندن، کەمبوونەوەی ئاستی هۆگربوونی خوێندکار بە قوتابخانە و نەبوونی بەرنامەی پێشگیریی بەردەوام لە سیستەمی پەروەردەدا، بووەتە هۆی ئەوەی قوتابخانە لەبری ئەوەی ڕۆڵی قەڵغانی بەرگریی بگێڕێت، هەندێک جار خۆی ببێتە ژینگەیەکی بێپشتوپەنا لە بەرامبەر ئەم مەترسییەدا.
بەڵام بەرپرسیارەتیی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە لە ئەستۆی دامەزراوە حوکمڕانەکانە. تا ئەو کاتەی ماددەیەکی وەک ناس لە چوارچێوەی یاسادا وەک ماددەی هۆشبەر نەناسرێت و فرۆشتنی قەدەغە نەکرێت، هیچ هەنگاوێکی پێشگیرانە لە ئاستی ناوچەکەدا کاریگەر نابێت. جگە لەم بۆشاییە یاساییە، ڕیشەی قەیرانی ئاڵوودەبوون لە ئێراندا دەبێت لە سیاستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتدا ببینرێت: هەژاریی بەربڵاو، بێکاری، داڕمانی بژێوی بنەماڵە کرێکارییەکان، و نەبوونی وەبەرهێنان لە پەروەردە و تەندروستی گشتیدا، سەرەکیترین زەمینەی گەشەی ئاڵوودەبوون لە نێوان منداڵان و تازەلاواندایە. دەوڵەت لەبری تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ چارەسەر و پشتگیریی بنەماڵە زیاندیتووەکان، بە شێوەیەکی سەرەکی بە ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی و کاتیی ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە و لە داڕشتنی سیاسەتی درێژخایەن بۆ بنبڕکردنی هەژاری و نایەکسانی، کە زەمینەسازی سەرەکیی ئاڵوودەبوونە، خۆی بواردووە.
قوتابخانە وەک دووەم ژینگەی سەرەکیی ژیانی منداڵ، ڕۆڵێکی یەکلایکەرەوەی لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پێشگیریدا هەیە. موعەلیمان و پەروەردەکاران دەبوو لە ڕێگەی فێرکردنی ئەزموونەکانی ژیان، دروستکردنی فەزای متمانە لە نێوان خوێندکار و قوتابخانەدا، و هەروەها دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نیشانەکانی ئەو بەڵایە لەو خوێندکارانەی لەژێر مەترسیدان، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. بەڵام ئەم بەرپرسیارەتییە تەنیا کاتێک مانا دەبەخشێت کە سیستەمی پەروەردە پشتگیریی پێویستی لێ بکرێت: کەمیی ڕاوێژکارانی پەروەردەیی، چڕیی بەرنامەکانی خوێندن، و نەبوونی ڕاهێنانی تایبەتمەندی موعەلیمان بۆ دەستنیشانکردنی نیشانەکانی ئاڵوودەبوون، توانای قوتابخانەی بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە سنووردار کردووە.
بنەماڵە یەکەم و گرنگترین قەڵغانی بەرگریی منداڵە لە بەرامبەر گیرۆدەبووندا، بەڵام لە دۆخێکدا کە گوشارە ئابوورییەکان، بێکاری و ناسەقامگیریی بژێویی تەنگی بە بنەماڵە کرێکارییەکان هەڵچنیوە، زۆربەی دایک و باوکەکان ئیتر تواناو و دەرفەتی پێویستیان نییە بۆ چاودێری و پاراستنی منداڵەکانیان. لەو حاڵەتانەی کە خۆدی دایک و باوکەکانیش گیرۆدەن، ئەم ئەڵقە پشتگیرییە بە تەواوی لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و منداڵ بە بێ هیچ قەڵغانێکی بەرگری دەکەوێتە بەر مەترسی زیانەکان. بەهێزکردنی پەیوەندیی بنەماڵەیی، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دایک و باوکەکان سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددە گەلێکی وەک ناس، و لەبەردەستبوونی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری بێبەرامبەر بۆ بنەماڵە کەمدرامەتەکان، لە زومرەی پێداویستییە بەپەلە و هەنووکەییەکانن لەم بوارەدا.