
لە هەفتەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێ لە سەرکوتی ڕێکخراو لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران دەستی پێکردووە، شەپۆلێکی کە ڕەهەندەکانی نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە پەنابردن بۆ توندترین ئامرازە ئەمنییەکان، هەر چەشنە جموجۆڵێکی ناڕەزایەتی لە خامۆش بکات. دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، دادگاییکردنی نمایشی، پەروەندەسازی لەژێر ئەشکەنجەدا، دەرکردنی سزای قورس و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، هەموویان بەشێکن لە سیاسەتێکی کە ئامانجەکەی بریتییە لە دروستکردنی ترس و ڕێگریکردن لە شکڵگرتنی ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە بۆکان، شنۆ، مەهاباد و سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. مەسعود ئالانی کۆنەقەڵا، ئامانج سلێمانی، ئیسماعیل بادسار، زەکەریا بادسار و داریوش ڕەحیمی لە زومرەی ئەو کەسانەن. داریوش ڕەحیمی وێڕای هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی بەوپەڕی توندوتیژیی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتەکان یان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە بڵاو نەکراوەتەوە، ڕەفتارێکی کە نیشان دەدات کە دەزگای ئەمنییەتی ڕژێم تەنانەت پابەندی لانیکەمە یاساکانی خۆشی نییە.
ئەم شەپۆلی سەرکوتە تەنیا دەستبەسەرکردن لەخۆ ناگرێت. لە مەهاباد، لقی یەکەمی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سیامی” ١٦ هاووڵاتیی بە کۆی گشتی بە ٧٧ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە. ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی ئەو کەسانە کراون، بریتین لە “چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە قازانجی حیزبەکان” و “تەبلیغ لەدژی نظام“، تۆمەتگەلێکی گشتی، ناڕوون کە ساڵانێکە وەک ئامرازێکی سەرکوت بەکار دەهێنرێن. عەبدوڵڵا هوشمەند و عەبدولڕەحمان قووە هەرکامیان بە حەوت ساڵ و مانگێک زیندانی مەحکووم کراون و تۆمەتبارەکانی دیکەش لە پێنج ساڵ و مانگێک تا چەند مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم کەسانە لە سەردەمی دەستبەسەربووندا ئەشکەنجەدراون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و چاوپێکەوتن بێبەش کراون، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە مرۆیی و یاساییەکان کە بووەتە ڕەوتێکی جێگیر لە هەڵسوکەوت لەگەڵ چالاکوانانی مەدەنیدا.
هاوکات، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئاستی وڵاتدا زیادی کردووە. ئەگەرچی لەسێدارەدان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام یەکێک بووە لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوت، بەڵام بەردەوامبوونی لە دۆخی ئێستادا بێ ڕاستەوخۆ پێوەندی هەیە بە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە. ڕژێم بە باشی دەزانێت کە گوشاری گوزەران، بێکاریی بەربڵاو، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و بێتوانایی خەڵک لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، کۆمەڵگەی خستووەتە لێواری تەقینەوە. لەمڕووەوە، بە توندکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی و زیاترکردنی لەسێدارەدانەکان هەوڵ دەدات بەر بە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەربڵاو بگرێت.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بە زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، بەر بە ڕق و توڕەیی خەڵکێک بگرێت کە ژیانیان بە بارمتە گیراوە؟ ئایا دەتوانێت پاشەکشە بەو کرێکارە بکات کە چەندین مانگە حەقدەستی پێنەدراوە، یان ئەو گەنجە خوێندەوارەی کە ئاسۆی داهاتووی لێڵ و نادیارە؟ ئایا دەتوانێت ملیۆنان پەراوێزنشینی کە تەنانەت لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی شارنشینی بێبەشن و بەردەوام لەگەڵ مەترسی وێرانکردنی سەرپەناکەیان بەرەوڕوون، بێدەنگ بکات؟
ئەزموونی سەد ساڵی ڕابردووی ئێران، لە بزووتنەوەکانی شارەوە بگرە تا ناڕەزایەتییە کرێکاری و خوێندکارییەکان، نیشان دەدات کە وەڵامی ئەم پرسیارانە نەخێرە. ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو نەک بژاردە، بەڵکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ مانەوە. کۆماری ئیسلامیش ئەم ڕاستییە دەزانێت و هەربۆیەش کوردستانی زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە میلیتاریزە کردووە. کوردستان لە دەەیەکانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە ناوەندە سەرەکییەکانی خەبات و خۆڕاگریی مەدەنی و سیاسی و ڕژێم بە باشی دەزانێت کە هەر چەخماخەیەک لەم ناوچەیە دەتوانێت بێتە هۆی شەپۆلێکی سەرتاسەری.
لەمڕووەوە، دەزگای ئەمنییەتی ڕژێم بە هەستیارییەکی تایبەتەوە کرێکاران، خوێندکاران، چالاکوانانی مەدەنی و کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی خستووەتە ژێر چاوەدێری. دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانە، سزای قورس و گوشارە ئەمنییەکان، هەموویان بەشێکن لە سیاسەتێکی کە ئامانجەکەی بریتییە لە ڕێگریکردن لە ڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکان و پچڕاندنی ئەڵقەی پەیوەندی نێوان چالاکوانانی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەم هەنگاوانە نیشانەی هێز و دەسەڵاتداریی ڕژێم نین، بەڵکوو نیشانەی لاوازی و ترسیەتی لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەرێکی کە ئیتر هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نەماوە.
لە ئاوا دۆخێکدا، نابێت ڕێگە بدرێت ڕژێم قەیرانی ئابووری و تێچووی سیاستە ناوچەییەکانی خۆی بخاتە سەر شانی خەڵکی هەژار. پەرەسەندنی چەوساندنەوەی کرێکاران، کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی باجە ناڕاستەوخۆکان، هەموویان بەشێکن لە سیاسەتێکی کە ئامانجەکەی بریتییە لە گواستنەوەی باری قەیرانەکە بۆ سەر چینە هەژارەکان. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕەوتە، پێویستی بە شکڵگرتنی تاکتیکی کاریگەر و هەماهەنگ هەیە.
یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوت و گوشاری ئابووری، بریتییە لە مانگرتنی گشتی و ناوچەیی. مانگرتن، بەپێچەوانەی ناڕەزایەتیی سەرشەقام کە بە خێرایی سەرکوت دەکرێت، توانا و پۆتانسێلی ئیفلیجکردنی دەزگای ئابووری و ئیداریی ڕژێمی هەیە. مانگرتنی بەربڵاو لە ناوەندەکانی کار، کارخانەکان، زانکۆکان و خزمەتگوزارییەکانی شار دەتوانن توانای هێزە سەرکوتگەرەکان بێکاریگەر بکەن و ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن. ئەزموونی وڵاتە جیاوازەکان نیشانی داوە کە مانگرتنی ڕێکخراو دەتوانێت تەنانەت سەختترین حکوومەتەکانیش ناچار بە قبووڵکردنی ویست و داواکارییەکانی جەماوەر بکات.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستە کە هێزە کۆمەڵایەتییەکان، کرێکاران، خوێندکاران، چالاکوانانی مەدەنی و جەماوەری خەڵکی ناڕازی، لە هەوڵی ئامادەکاریی بۆ کردەوە گەلێکی لەو چەشنەدا بن. شەپۆلی سەرکوتی ئێستا ئەگەرچی قورس و بێبەزەییانەیە، بەڵام نیشانەیەکی ڕوونە لە ترسی ڕژێم لە داهاتوویەکی کە دەزانێت تێیدا توانای کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی نابێت. توڕەیی و بێزاریی جەماوەر، کە ڕیشەی لە دەەیان ساڵ ناعەداڵەتی، هەڵاواردن، گەندەڵی و سەرکوتدایە، زوو یان درەنگ ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.