پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بۆ ستایش و بەرزنرخاندنی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتی ١٠ی ڕێبەندان جەماوەری تێکۆشەر!

وەرگیراو لە مالپەری پەیام

Print Friendly, PDF & Email

ممکن است تصویر ‏‏خيابان‏ و ‏نوشتار‏‏ باشد

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
بۆ ستایش و بەرزنرخاندنی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتی ١٠ی ڕێبەندان
جەماوەری تێکۆشەر!

ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢، خەباتی لەمێژینە و شێلگیرانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی تری تۆمارکرد. مانگرتنی سەرتاسەری و لێبڕاوانەی ئێوە، وەڵامێکی تووند بوو بۆ کۆماری ئیسلامی کە کردەوەی جینایەتکارانە و ماشێنی کوشتاری لە زیندانەکاندا ڕاناگرێت. وەڵامی پڕاوپڕ و بەهێزی خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان به بانگەوازی مانگرتنی گشتی، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێعدامەکانی ئەم دواییە، بە ڕوونی نیشانی دا کە چ ئیرادەیەکی بەهێز لە پشت خەبات بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە کوردستاندا بوونی هەیە و هەر وەک چۆن جەماوەری کوردستان چەخماخەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینایان لێدا، لەو سەنگەر و گۆڕەپانە نوێیانەی کە ڕیشەی لە نەریتی پێشکەوتنخوازانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورددا داکوتاوە، درێژە بەو خەباتە دەدەن. خەڵکی کوردستان نیشانیان دا کە لەسێدارەدانی ترسنۆکانەی لاوان لە زیندانەکانی ڕژیمدا، نەک هەر ئیرادەیان لاواز ناکات، بەڵکوو بە هێز و وزەیەکی دوو هێندەوە، ڕێگای گەیشتن بە ئامانج و ئاڕمانە پێشکەوتنخوازەکانی خۆیان درێژە پێدەدەن. خەڵکی کوردستان نیشانیان دا کە بەڕاستی شایەنی ئەوەن لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران و لە ئەمنییەت و ئاسوودەیی دا بژین. ئەوان نیشانیان دا کە چیتر ڕێگە نادەن مافی سەرەتایی ئینسانی و کەرامەتیان پێشێل بکرێت و هەزینەی لەسێدارەدانی جگەرگۆشە بەندکراوەکانیان بۆ ڕژیم گەلێک بردە سەرەوە.

بەم بۆنەیەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەش بە جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەین کە ئەم ئەزموونە مێژووییەیان بە سەرکەوتن گەیاند و هەروەها ماندوونەبوونی بە سەرجەم هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ناوخۆی وڵات و هاوڕێیانی بەشی هەواڵ و ڕاگەیاندن و تەلەویزیۆنی کۆمەڵە و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێین کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەوپەڕی جۆش و خرۆش و ماندوویی نەناسی و بێوچان هەموو کاتەکانی خۆیان خستە خزمەت سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە گشتییە شکۆدارە و دەستیان بەگەرمی دەگوشین. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە شانازی بەشداریکردن لە ڕێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم مانگرتنەیان هەبووە.

ئێمە دەزانین کە تا گەیشتن بە سەرکەوتنێکی چارەنووسساز، هێشتا ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوی زۆرمان لەپێشدایە کە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو هەموو هێز و توانایی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەودایە. سەرکەوتنی مانگرتنی سەرتاسەری ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، هەنگاوێکی پتەو و کاریگەر بوو بەو ئاراستەیەی کە لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا، کۆتایی بە ئاسەواری ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بهێنێت.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینی

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net