
باوبوونی گرێبەستە کاتیی و کورتماوەکان لەو کارانەی کە سروشتێکی تەواو بەردەوام و هەمیشەییان هەیە، ئەمنییەتی پیشەیی و بژێویی ژنانی کرێکاری لە ئێران و بەتایبەت ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵەی گەیاندووەتە قۆناغێکی کارەساتبار. ئەوەی ئەمڕۆ لە بازاڕی کاری ئێراندا ڕوودەدات، لە ڕاستیدا شتێک نییە جگە لە زەوتکردنی سیستماتیکی ئەمنییەتی پیشەیی لە ملیۆنان ژنی کرێکار کە نانھێنەری سەرەکی یان تاقە نانھێنەری بنماڵەکەیانن.
“ئێلنا“، یەکێک لە ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی “ژنان وەک ئاو خواردنەوە دەردەکرێن“، باسی لە پرسی بێکارکردنی ژنان و بەتایبەت ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە کردووە. ئەم ڕاپۆرتە بە ڕاشکاوی دەنووسێت کە وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی کە بەپێی ئەساسنامەی فەرمیی خۆی ئەرکدارە ببێتە قەڵغانی پاراستنی هێزی کار لە بەرامبەر تەماح و چاوچنۆکییەکانی سەرمایەدا، بەڵام بە کردەوە شایەتی بێدەنگی و پاشەکشەی بەردەوامی ئەم دامەزراوەیەین لە ئاست دەستدرێژییەکانی خاوەنکاراندا. بێدەنگبوون لە هەمبەر گرێبەستە یەک مانگە، سپی–ئیمزا و سێ مانگەی ئەو کارانەی کە سروشتێکی تەواو بەردەوامیان هەیە، شتێک نییە جگە لە هاوکاریی ئاشکرا لەگەڵ خاوەنکاران.
سیمین یەعقوبیان، چالاکوانی پیشەیی ژنانی کرێکار، وێڕای ئاماژە بە ڕیشەی قەیرانی نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی دەڵێت: هەموو بەیانییەک هەزاران ژنی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، پێش ئەوەی خەمی کاتژمێری چوونە سەر کاریان بێت، لەو دڵەڕاوکێیەدا دەژین کە ئایا بەیانیش کارێکیان دەست دەکەوێت یان نا. بە وتەی ئەو، زۆربەی ئەم ژنانە تاقە نانھێنەری بنماڵەکەیانن و بچووکترین ڕاوەستان لە کارەکەیاندا، کاریگەری دەکاتە سەر بژێوی، خوێندنی منداڵەکانیان، تەندروستیی دەروونی و تەنانەت کەرامەتی مرۆییان. یەعقوبیان جەخت دەکاتەوە کە ئەمڕۆ کرێکارانێک هەن کە زیاتر لە دە یان تەنانەت بیست ساڵ پێشینەی کاریان هەیە، کەچی ناچار دەکرێن گرێبەستی کورتماوە واژۆ بکەن و مانگانە لەگەڵ دڵەڕاوکێی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان دەستەوێخەن.
ڕەوڕەوەی بەرهەمهێنان و ئابووریی ئێران لەسەر شانی کرێکارانێک دەسووڕێتەوە کە کەمترین پشکیان لە ئەمنییەتی پیشەیی و خۆشگوزەرانیی ئابووریدا بەردەکەوێت. لەم پێکهاتە نایەکسانەدا، ژنانی کرێکار و بەتایبەت ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە لە هەمووان زیاتر زەرەرمەند و بێبەرگرین. ئەو سیستمەی کە لەسەر بنەمای کەڵەکەکردنی قازانج داڕێژراوە، هەمیشە نیگایەکی ئامرازیانەی بۆ هێزی کاری ژنان هەبووە و وەک “هێزی کاری هەرزان و گوێڕایەڵ” سەیریان دەکات، هێزێکی کە دەکرێت بە کەمترین حەقدەست لە هێڵەکانی بەرهەمهێنان و کارگەی بچووکدا بەکار بهێنرێت و لەگەڵ بچووکترین بەرز و نزمیی ئابووریدا، بەبێ هیچ تێچوو و سەرئێشەیەک دەربکرێت.
لە ئاوا دۆخێکدا، “گرێبەستی کاتیی” بووەتە هەڕەشەیەکی بەردەوام و سێبەرێکی ترسناک بەسەر سەری چینی کرێکارەوە، و وشەی “ئەمنییەتی پیشەیی” لە ئەدەبیاتی بازاڕی کاری ئێراندا بۆتە تەنزێکی تاڵ و ئاواتێکی دوورەدەست. هەڵاواردنی ڕەگەزی لەناو کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا، یاساکانی بنەماڵە لەسەر بنەمای پیاوسالاری و نایەکسانیی ڕەگەزی، و یاسا و ڕێسای هەڵاواردن لە ناوەندەکانی کار، پێش هەر شتێک قورساییەکەی کەوتووەتە سەر شانی ژنانی کرێکار. سیاسەتە دژەکرێکاری و دژەژنەکانی ڕژێم، لەوانە دەرکردنی کرێکارانی فەرمی، باوبوونی گرێبەستە کاتیی و سپی–ئیمزاکان، کەمکردنەوەی هێزی کاری کارگە گەورە و بچووکەکان و داخرانی هێڵەکانی بەرهەمهێنان، هەژاریی هەرچی زیاتر پەرەپێداوە و سفرەی کرێکارانی بچووکتر کردووە، بەڵام لەم ناوەدا، دۆخی ژنانی کرێکار لە هەمووان بەئازارتر و کارەساتبارترە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، ۵۸ لەسەدی ژنانی شاغل لە وڵاتدا بە گرێبەستی کاتیی، گرێبەستی سپی–ئیمزا یان بەبێ هیچ گرێبەستێک خەریکی کارن. لە نێوان ٤ ملیۆن و ۳۲۰ هەزار ژنی شاغل لە ئێراندا، تەنیا یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە کارە فەرمییەکاندا حزووریان هەیە و ۲ ملیۆن و ۷۳۹ هەزار کەسەکەی تریش، بەبێ بیمەی خانەنشینی، بەبێ بیمەی تەندروستی، و بەبێ ئەوەی گرێبەستەکەیان لە ئیدارەی کاردا تۆمار کرابێت، لە کارە نافەرمییەکاندا کار دەکەن.
بێبەربەرگریترن کرێکارانی ژنی ئێرانی، ئەو کەسانەن کە لە نزمترین ڕیزبەندیی داهاتدا دەژین، ئەو ژنانەی کە زۆرترین بەشی هێزی کار لە پیشەسازییەکانی دەرمان، پۆشاک، فەرشچنین و کوورەخانەکان پێکدەهێنن. ژنانی ماڵەوە تەنانەت وەک کرێکاری بێکاریش ئەژمار ناکرێن و بیمەی بێکاری وەرناگرن، و لەم بارودۆخە قەیراناوییە ئابوورییەدا، زیاتر ڕوو لە کارگەلێکی نافەرمی وەک دەستفرۆشی لە میترۆ و پیادەڕۆکاندا دەکەن، ئەو ژنانەی کە لە بەیانییەوە تا شەو، بە ترسی بەردەوام لە هێزە ئینتیزامییەکان کە ڕێگری لە کارەکەیان دەکەن و کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا دەگرن، بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
ناسەقامگیریی پیشەیی تەنیا کرێکارانی خزمەتگوزاری، ئارایشگەران یان ئەو ژنانەی لە کارگە بچووکەکان و کافەکاندا کار دەکەن ناگرێتەوە. نیوەی هێزی پەرستاریی وڵات کە زیاتر لە ۸۰ لەسەدیان لە ژنان پێکدێن، بە گرێبەستە کاتییە شیرکەتی یان گرێبەستە ۸۹ ڕۆژەییەکان کار دەکەن، ئەو کرێکارانەی کە لەناو جەرگەی سیستمی دەرمانیی وڵاتدا، بەبێ کەمترین سەقامگیری پیشەیی، خزمەت دەکەن.
ئەوەی بەردەوام لە زمان ژنانی کرێکاری ئێران دەبیسترێت، وێنای سیستمێکە کە ئەمنییەتی پیشەیی نەک وەک مافێکی بنەڕەتی، بەڵکوو وەک ئیمتیازێکی دوورەدەست لێکردووە بۆ زۆرینەی ژنانی شاغل. بۆ ژنانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، ئەم ناسەقامگیرییە تەنیا پرسێکی ئابووری نییە، قەیرانێکە کە تەندروستیی دەروونی، کەرامەتی مرۆیی، داهاتووی خوێندنی منداڵان و مانەوەی خێزان دەکاتە ئامانج. تا ئەو کاتەی گرێبەستە کاتی و سپی–ئیمزاکان بەردەوام بن و دامەزراوە حکومییەکان خۆیان هۆکاری قووڵبوونەوەی ئەم دۆخە بن، بارودۆخی ژنانی کرێکاری ئێران هەر بە کارەساتباری دەمێنێتەوە. داکۆکیکردن لە مافی هەبوونی کارێکی بەردەوام و بەکەرامەت بۆ ژنان، ئەمرۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر بووەتە پێویستییەکی چینایەتی و مرۆیی.