
سەرۆکوەزیری بریتانیا، ڕایگەیاند کە دەوڵەتەکەی خەریکی داڕشتنی یاسایەکی نوێیە بە مەبەستی سزادان و سنووردارکردنی چالاکییەکانی سپای پاسداران.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سەرۆكوەزیری بریتانیا لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا لەژێر گوشارێکی زۆردابوو بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا، هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر بەو دامەزراوە سەربازییەی ئێران وەربگرێت. وەزارەتی نێوخۆی بریتانیا ئاشکرای کردووە کە هەرچەندە بەپێی یاسا کۆنەکان نەدەکرا ڕێکخراوە فەرمییەکانی وڵاتان سزای تێرۆریان بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام ئێستا سەرقاڵی جێگیرکردنی ڕێسایەکن کە “هێزێکی هاوشێوەی سزای تیرۆر“ی هەبێت. ئەم یاسایە ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی لەندەن دەدات بە توندی ڕووبەڕووی ئەو “چالاکییە تێکدەرانە” ببنەوە کە ڕێژیمی ئێران لە نێو خاکی بریتانیادا ئەنجامیان دەدات.