ئابووری سەرمایەداریی ئێران لە ژێر ڕێنمایی و ڕێبەرایەتیی حکوومەتی ئیسلامیدا کەوتۆتە بنبەستێکی تەواوەوە. بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و ناسەقامگیری سیاسییەوە، سەرمایەگوزاریی دەرەکی گەیشتۆتە کەمترین ئاستی خۆی. سەرمایە ناوخۆییەکان بەهۆی وەستانی بازاڕ و گرانیی تێچووی بەرهەمهێنان و نادڵنیایی لە داهاتوو و هتد، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕوویان لە بوارەکانی بازرگانی کردووە. ئەو کارگە و ناوەندانەی بەرهەمهێنان کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و سپای پاسداراندان، بەهۆی لاوازیی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئیداری و داراییەوە، لە ژێر تواناییەکانی خۆیاندا کاردەکەن. گەمارۆ ئابوورییەکان، دەستەبەرکردنی کەرەستە و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی بۆ خاوەن پیشەسازییەکان دژوار کردووە و پێداویستییەکانی ئەم ناوەندانە لەڕێگەی دەڵاڵەکان و گرانتر لە نرخی ئاسایی دەستدەکەوێت. بازاڕەکانی ئێران پڕن لە کاڵای چینی و بە نرخێکی کەمتر لە کاڵا ناوخۆییەکان، دەستدەکەوێت و ئیمکانی کێبڕکێی لەم ناوەندانە زەوتکردووە. ئەمڕۆ لە ئێران هەرلە زنجیری لەخۆدان، مۆر، تەسبیح، حیجابی ژنان و بەەردی گۆڕەوە بگرە، تا دەگاتە کەلوپەلی پیشەسازیی و بەکارهێنان، سەرجەمیان بە نرخێکی کەمتر لە چاو بازاڕەکانی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن و لە چینەوە هاوردە دەکرێن. لە ڕاستیدا بەشێک لە سەرمایەدارە ئێرانییەکانیش فێربوون بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان، هەمان کاڵا و پێداویستیی، لە چین بەرهەم دەهێنن و هاوردەی بازاڕەکانی ئێرانی دەکەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە و گەرەنتی کردنی مانەوەی خۆی، جگە لە کردنەوەی دەرگاکانی بە ڕووی سەرمایەی جیهانی و ڕەخساندنی هەلومەرجی لەبار بۆ کارکردنی سەرمایە لە ئێران، هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە. بەڵام دابینکردنی ئەو هەلومەرجەش بەستراوەتەوە بە قەیرانەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم و ئەمنییەتی ناوخۆ و بەربەستەکانی یاسا و ڕێسای ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی هێشتا ئامادە نییە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆریزم، ناسراو ئێف،ئای، تی، ئێف، قەبووڵ بکات. وە هەرئەم بابەتە و زۆر بابەتی تریش کە کۆماری ئیسلامی پێداگری دەکات لەسەر درێژەپێدانیان، بۆتە بەربەست لەبەردەم تێکەڵاوبوونی سەرمایەی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا. لەمڕووەوە، قەیرانی ئابووریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەرلە هەموو شتێک، قەیرانێکی سیاسییە و ڕێگاچارەشی، سەرەتا سیاسییە. بەڵام ڕژیم بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێگاچارەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەش، لەگەڵ قەیران بەرەوڕووە، چونکە لەلایەکەوە بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتە، مومکین نییە مەگەر ئەوەی کە سەرەتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا ئاسایی بکاتەوە و لەدەست گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان ڕزگاری بێت، دواتر بەسەر قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکانی و ململانێ لەسەر ستراتێژییە جیاوازەکان بۆ مانەوەی ڕژیمدا زاڵ ببێت و یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆی، مسۆگەر بکات. هاوکات ئاستەنگە یاسایی و کردارییەکانی سەر ڕێگای وەبەرهێنانی دەرەکی و بەشداریکردنی لەگەڵ سەرمایەی ناوخۆ لاببات، واتە یاساکانی خۆی لەگەڵ یاسا گشتییەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی جیهانی سەرمایەداریدا بگونجێنێت. لە لایەکی دیکەوە، ڕژیمێکی کە لە ڕێگەی سەرکوتی دڕندانە و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و سەپاندنی کۆنەپەرستانەترین یاسا و ڕێساکانەوە، بەناو پێوەندیی خۆی لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی ئێران ڕێکخستووە، نیگەرانە لەوەی کە ئاخێزی جەماوەریی، دەرفەتی بەڕێوەبردنی هەنگاو بە هەنگاوی سیاسەتێکی لەو شێوەیەی پێ نەدات. ئاشکرایە کە تێکەڵاویی ئابووریی ئێران لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا، دەبێتە هۆی کرانەوەیەک لە ئابووریی سەرمایەداریی ئێراندا، بەڵام ڕێژیم زیاتر لەوەی کە لەهەوڵی بەدواداچوون بۆ کرانەوەیەکی لەو شێوەیەدا بێت، نیگەرانە لە ئەگەری بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چینی کرێکار و ئەو خەڵکەی کە لەم رێگایەوە گەشە دەکەن، لەو جەماوەرە دەترسێت کە لە شۆڕشی “ژینا“دا، مۆتەکەی مەرگیان نیشاندا.
بەڵام ئەگەر سەرمایەداریی ئێران لە گێژاوی قەیرانێکی سیاسی و ئابووریدا گرفتارە، قەیران سەرتاپای ژیان و گوزەرانی چینی کرێکاریشی داگرتووە. ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار، چ لە قۆناغی گەشەکردن و چ لە سەردەمی پاشەکشەی ئابووریی سەرمایەداریدا، بەردەوام لەگەڵ چەشنێکی تر لە قەیران بەرەوڕووە. سەرمایەداران لە کاتی قەیران و پاشەکشەی ئابووریدا، کرێکارەکان بێکار دەکەن و دواتر بە چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران، گەشەی ئابووری خۆیان بەدەست دەهێننەوە. ئەوان لە خۆشی و ناخۆشی سەرمایەداراندا، دەبنە قوربانی. ئەگەر بۆ سەرمایەدار، دەست هەڵگرتن لە کار لە بوارێکدا، بە مانای دەستپێکردنی چالاکی لە بوارێکی تردایە، بۆ کرێکار داخرانی ناوەندی کار، بەو مانایەیە کە سەرجەم ژیان و بژێوی خۆی و بنەماڵەکەی لە مەترسیدایە. ئەگەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە و سوود لە ڕێنماییەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیان وەردەگرن، بۆچی دەبێ کرێکاران دەست لەسەر دەست دابنێن و چاوەڕێی کۆتایی هاتنی قەیرانی سەرمایەداران بن؟ کێشەی دەربازبوونی کۆماری ئیسلامی لەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستای، کێشەیەکی سیاسییە و کێشەی چینی کرێکاری ئێران و ئەو قەیران و نەهامەتییە ئابوورییەش کە بەسەریدا سەپێنراوە، بریتییە لە پرشوبڵاوی و نەناسینی هێزی چارەنووسسازی خۆیان، وەک چینێک.
ئابووری کۆماری ئیسلامی بە دابینکردنی پێداویستییە سیاسیی، ئابووریی و یاساییەکانی پێویستبوونی بەتەواو مانا بە بازاڕی سەرمایەی جیهانییەوە، لەو چەقبەستووییەی ئێستای ڕزگاری دەبێت و بەرژەوەندییەکانی دەبەسترێتەوە بە هەوراز و نشێوەکانی سەرمایەی جیهانی و قەیرانی چینی کرێکاریش بە هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و کۆبوونەوە لە دەوری حزبێکی سیاسی شایستە و هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و هاوپشتی جیهانی کرێکاران، چارەسەر دەبێت.