ک.م.م.ک:
ڕۆژی شەممە ٤ی نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی ، سۆران کەرەمی، هەرزەکاری تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی شاری (سنە)، پاش تێپەڕاندنی ٥ مانگ زیندان، بە بارمتەی یەک ملیار و نیوی و پێبەندی ئەلەکترۆنی ئازادکرا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سۆران کەرەمی کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور بە شێوەیەکی نایاسایی بە ٢ ساڵ زیندان و لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ئێران لە شاری سنە بە سەرۆکایەتیی حامید کەریمی نیا بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەک بە نایاسایی، بە ٦ مانگ زیندانی تەیزیری و ٥٠ قامچی سزای بەسەردا سەپێندرا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، دوای بەدواداچوونی چەندین جار لەلایەن بنەماڵەوە و تێپەڕبوونی زیاتر لە 5 مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم هەرزەکارە تەمەن 19 ساڵانە، بە مەرجی دابینکردنی کەفالەتی قورس و بەستنەوەی بە پێبەندی ئەلیکترۆنی، لە زیندانەوە بر مۆڵەت ئازادکرا.
ک.ح