لێدان لە چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆیی سیروان فەخری بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ

‏ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە یەکی خەزەڵوەری٢٧٢٤، سیروان فەخری چالاکی سیاسی خەڵکی سەقز، کە لە کەمپی دیپۆرتی کورباش لە شاری واندایە، لەگەڵ نزیکەی سی پەنابەری دیکە ویستراوە بە زۆرەملێ دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە، بەڵام پۆلیسی تورکیا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی پەنابەرەکان بوونەتەوە، هەر بۆیه پۆلیس ئەوانی بەر لێدان داوە و ژمارەیەکیان بریندار بوون.

لەم نێوەندەدا، سیروان فەخری، چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤ، کە پێشتر بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە، بەنیازبوون بەرەبەیانی ئەمڕۆ دیپۆرتی بکەنەوە، بەڵام پۆلیسی تورکیا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی سیروان فەخری بوونەتەوە و ئەوانیش بە توندی لێیان داوە. ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی و داوای پزیشک کردن، بەڵام پۆلیسیتورکیا ڕەتیان کردۆتەوە پزیشکی چارەسەری بۆ دابین بکەن.

فەخری بەهۆی هۆکاری ئەمنی و هەڕەشەی ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچی کرد بۆ تورکیا و ئێستاش مەترسی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەپێویستی دەزانێت ئاماژە بەوە بکات کە ئەگەر ئەو هاووڵاتییە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە، بەهۆی مێژووی چالاکییە سیاسییەکانییەوە، ژیانی لە مەترسیدایە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕووبەڕووی سزای قورسی وەک لەسێدارەدان و بەندکرانی درێژخایەن بێتەوە. هەروەها بە پشتبەستن بە ئەزموونی ئاشنایی بە شێوازی دانپێدانانی سیستمە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو هاووڵاتییە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە. هەر بۆیه لێرەوە لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پشتگیری له پەنابەران،UN و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە چالاکەکانی مافی مرۆڤ، داوا دەکەین، وێڕای ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتیە، داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن کە ئەم پەناخوازە ئازاد بکەن و ئەو حکومەتە له دەرئەنجامەکانی ئەو جۆرە بڕیارانە سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بۆ ئێران، ئاگادار بکەنەوە.

خ.ع

Original Article

0 FacebookTwitterPinterestEmail

پیام بگذارید

پیام

گالری

ما را دنبال کنید! ​

تماس

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net