ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەری٢٧٢٤، کۆمەڵێک لە هێزە ئەمنییەکان و مەدەنیپۆشەکانی ڕێژیمی ئێران بە چەکی گەرمەوە هێرشیان کردە سەر خانەقای ئازادی لە سەقز و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی خانەقاکه، ژمارەیەک له دەروێشەکان و بنەماڵەکانیان بە توندوتیژی خستە ژێر لێدان.
یەکێک لە شایەتحاڵانی ئەم هێرشە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەسەر گڵکۆی شێخ ئازاد شەهابی لە لایەن زیارەتکەرانەوە وشەی شەهید بۆ شێخ ئازاد بەکارهاتووە. هێزە ئەمنییەکان ئەم بابەتەیان کردە بیانکێک بۆ هەڵکوتانەسەر و دەستبەسەرداگرتنی موڵکوماڵ و سوکایەتیکردن بە بنەماڵەی شەهید ئازاد، دواتر دەستیان بەسەر هارد دیسکی کامێرای سیسیتیڤی خانەقاکەدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.
جێی ئاماژەیه، لە ٢٨ی پووشپەڕی٢٧٢٤، شێخ ئازاد شەهابی، یەکێک لە کەسایەتییە جەماوەری و ئازادیخوازەکانی کوردستان، لەگەڵ دوو هاوەڵەکەی بە ناوەکانی پەیمان محەمەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لە خانەقاکەی کە دەکەوێتە شاری سەقز، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژران.
خ.ع