ک.م.م.ک:
دەستەی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ بەردەنگەکانی لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوەی خوارەوە ڕوونکردنەوە دەدات:
هەواڵێک پێشتر لەلایەن ناوەندی هەواڵنێری KMMK لەسەر گیان بەختکردنی کەسێک بە نێو ئاژوان کیانی خەڵکی ئاوایی بالک سەر بەشاری مەریوان لە ڕێکەوتی ۶ـی جۆزەردانی ۲۷۲۴ـی کوردی بڵاو کرایەوە کە دوای نزیک لە مانگێک لەم ڕووداوە، بۆ هاوڕێیانمان لە بەشی بەدواداچوون بۆ درووستی هەواڵەکان دەرکەوتووە،
بەپێی ئەوەی ئەو کەسانەی خۆیان وەک نزیک و خزم لە بنەماڵەی ئاژوان کیانی ناساندووە و تەنانەت بەڵگەیان بۆ ناوەندەکەمان ناردووە، لێرەدا لەدوای تاقیکردنەوەی ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە بەڵگەکان ناڕاستن و درووستکران بۆیە ئێمە وەک ناوەندی ڕاگەیاندنی KMMK لەم ڕێکەوتە بەدواوە هیچ خۆمان بە بەرپرسیار لەسەر ئەو هەواڵە نازانین و لە بەردەنگ و خوێنەرەکانمان داوای لێبووردن دەکەین کە دوای ماوەیەکی زۆر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوت کە بەڵگەکان ساختەن.
هەروەها بۆڕای گشتی ڕایدەگەیەنین ئەگەر پێویست بێت ئەوکەسانەی کە خۆیان وەک خزمی ئاژوان کیانی ناساندووە و بەڵگەیان بۆ ناوەندی هەواڵنێری ئێمە ناردووە ئاشکرا دەکەین.
بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە هەموو هەواڵنێرییەک کە کار لەسەر هەواڵی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بەهۆی ڕێگری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها گوشار و سانسۆر لەسەر چالاکانی بوارەجیاجیاکان، هەواڵەکان بەدرووستی یان لەکاتی خۆیدا بەدەستمان ناگات، هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە هێزەکانی سایبری ڕێژیمی ئێران بەردەوام و بەتەواوی هێز و ئیمکانی ئەو وەڵاتەوە هەوڵی ڕەشکردنی هەواڵنێری کوردی و بەتایبەت ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەدەن، بۆیە ئێمەش بەو هۆکارانەوە بەدەر لە هەڵە و ڕەخنە نین.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەدرێژایی ۲۰ ساڵ لە تەمەنی خەباتی بۆ کوردستان وەک یەکەمین ڕێخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام هەوڵی داوە جێگای متمانە و باوەڕی نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستان بێت و بەخوشحاڵیەوە تا ئەمڕۆ، کارنامەیەکی خاوێن و سەربڵیندانەی لەبواری ماف خوازی تاک و کۆمەڵانی کوردستان بووە و بۆ ئەمەش ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ڕێخراوە گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ شاهێدی لەسەر دەدەن.
بۆیە لێرەوە بە پێداچوونەوە بەسەر کەم و کورتییەکانماندا، بەردەنگەکانمان ئاگادار دەکەینەوە بە تێبینی و ڕەخنە و پێشنیارەکانتان هەم ماڵەکەمان ڕوون بکەنەوە هەم یاریدەرمان بن بۆ ئەوی ئەم خەباتە پیرۆزە بۆ نەتەوەکەمان بەردەوام کەین.
بەرپرسی دەستەی ڕێوەبەر KMMK
محەمەد هوژەبری
۷/پووشپەڕی ۲۷۲۴ـی کوردی