برینداربوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود
19:13 – 16 January 2024
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣
ناسیح مورادی و ئومێد ئەحمەدی دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ، مورادی (ناوی بچووک نادیار) خەڵکی سەقز و سەباح ئەحمەدیان خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٥ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سەباح ئەحمەدیان تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی سنە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بە زەربەی پۆتین و قۆنداغی هێزە چەکدارە حکومەتییەکان سەر و شانی بەسەختی بریندارکرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەباح ئەحمەدیان لەگەڵ سێ کۆڵبەری دیکە کە ناسنامەیان لەلایەن هەنگاو بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، دوای هەڕەشەی هێزە حکومتییەکان سەبارەت بە بریندارکردنیان بە چەک و گواستنەوەیان بۆ بنکەی هێزە چەکدارەکان، خۆیان لە شاخ فڕێداوەتە خوارەوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار (١٤ی جەنیوەری)، مورادی (ناو نادیار) تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی سەقز لە ڕەوتی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە لاقی بەسەختی بریندارکرا.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار (١٢ی جەنیوەری)، ناسیح مورادی و ئومێد ئەحمەدی دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروانێک لە کۆڵبەرەکان بە چەکی ساچمەیی، دەست و پشتیان بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.