ک.م.م.ک:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویدەکاتەوە، “رزگار بەیگزادە بابامیری” هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە بێ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی راگیراوه.
ئەم هاووڵاتییە لە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەو ماوەیەدا فشارێکی توندی لەسەر بووە بۆ ئەوەی دان بە تۆمەتی درۆدا بنێت؛ بە شێوەیەک کە تەنانەت لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانیشدا، پەردەی گوێی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
لێکۆڵەرە ئەمنییەکان هەوڵیان دەدا هۆکاری کوشتنی سەربازێکی بەسیج کە لەسەر شەقام کوژرابوو، بگەڕێننەوە بۆ ئەو، لە کاتێکدا بە وتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ڕزگار بەیگزادە، ناوبراو تەنیا لە دابەشکردنی دەرمان و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی برینداری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شۆڕشی ژینا له بۆکان بەشداری کردووه و چالاک بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای دۆزینەوەی ئامێرێکی ستارلینک لە ماڵەکەیدا، هێزه ئەمنییەکان بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی پشتڕاستکەرەوە، وەک داڕێژەری کوشتنی بەسیجێک و سەرۆکی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان ناساندیان، کە رزگار ئەو تۆمەتانە بە توندی ڕەتدەکاتەوە.
زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری تێدەپەڕێت، تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیاردا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگیراوە و له دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و پێداچوونەوەی بێلایەنانە بە دۆسیەکە بێبەش کراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو هەڵسوکەوتانە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەم زیندانییە سیاسییە و کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و گوشار بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ دەکات.
خ.ع