دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد لە شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە
20:47 – 18 March 2024
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣
دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی شەهرام شاهی و فەخرەددین ئەحمەدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەخرەددین ئەحمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و شەهرام شاهی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردوون و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هەنگاو پێشتر بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی ڕایگەیاندبوو کە، بارودۆخی تەندروستیی فەخرەددین ئەحمەدی بەهۆی بوونی پلاتین لە جەستەیدا نەگونجاوە و هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ چەشنە بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.