ک.م.م.ک:
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی گوڵانی ٢٧٢٤ی کوردی، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی مەولوود ڕوستا و حەسەن ڕەسووڵی خەڵکی گوندی حەسەننوران و سەلاح قازی، تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی گوندەوێڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێز کران.
هەر لەو پێوەندەدا، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ١١ و ١٢ی گوڵانی ئەمساڵ، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی غەفوور شێخ محەمەدی، تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵکی گوندی دێشەمس، محەمەد سوڵتانپوور خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ و یوسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی کارگێڕی بەرەی یەکگرتووی کوردان، خەڵکی گوندی کۆنەقەڵا سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێزە ئەمنییەکان، بە توندوتیژی و بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادگا، ئەم هاووڵاتییانەیان دەسبەسەر کردووه.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵه، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییانە له بەردەستدا نییە.
خ.ع